چیرۆکەکانی دڕاندن، شێواندن و سووتاندنی قورئان لە سەدەی بیستویەکدا

سووتاندنی کۆپییەکی قورئان لەلایەن پەنابەرێکی عێراقییەوە لە سوید، دەیان رووداوی هاوشێوەمان بیردەهێنێتەوە کە لەسەرەتای سەدەی بیستویەکەوە روویانداوە. ئەم جۆرە رووداوانە لەلایەن وڵاتانی ئیسلامییەوە سەرکۆنە کراوە و زۆرینەی جارەکانیش بە خۆپیشاندان و گردبوونەوە رەتی ئەو کارەیان داوەتەوە، هەندێ جاری دیکەش کاردانەوەکان توندوتیژییان لەگەڵ بووە.

رووداوەکەی ئەمجارەی سوید یەکەم رووداو نییە لەم سەدەیەدا کە تێی دەژین، بەڵکو زیاد لە 15 جاری دیکە کاری هاوشێوە ئەنجامدراوە، ئێستا بەشێک لەو چیرۆکانەتان بۆ دەگێڕینەوە.

2005

یەکەم رووداوی لەو شێوەیە لە سەدەی 21دا دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 2005، ئەوکاتەی لێکۆڵەرە ئەمریکییەکانی گرتووخانەی گوانتانامۆ دانیان بەوەدا نا چەند کۆپییەکی قورئانیان شێواندووە، بە پێ چوونەتە سەری و بە زمانی ئینگلیزیی وشەی “نەشیاو”ـیان لەسەر نووسیوە.

دوابەدوای ئەم رووداوە لە بەریتانیا و چەند وڵاتێکی ئیسلامی خۆپیشاندان دەستیپێکرد.

سوپای ئەمریکا پاش ئاشکرابوونی رووداوەکە، هەزاران کۆپی قورئانی بەسەر زیندانییەکاندا دابەشکرد، چەند رێنماییەکی تازەیشی دەرکرد و بڕیاریدا تەنها پیاوانی ئاینیی موسڵمان، وەرگێر و زیندانییەکان بۆیان هەیە دەست لە قورئان بدەن، ئەمەش لەپێناو دووبارەنەبوونەوەی کاری لەو شێوەیە.

2011

پاش شەش ساڵ و ئەمجارەیان لە بەریتانیا رووداوێکی دیکە بووە هۆی توڕەبوونی وڵاتانی ئیسلامی، دەکرێت ئەمە وەکو یەکەم رووداو دابنرێت کە تیایدا قورئان بە ئاشکرا بسووتێنرێت.

رووداوەکە بەو شێوەیە بوو کە کاندیدی پارتێکی راستڕەوی توندڕەو لە بەریتانیا کۆپییەکی قورئانی لە باخچەی ماڵەکەیدا سووتاند، کاتی ئەنجامدانی کارەکەشی بە ڤیدیۆ تۆمارکردبوو.

پۆلیس دوای رووداوەکە کاندیدەکەی پارتی نیشتمانیی بەریتانیای دەستگیرکرد.

2011

پاش تەنها هەشت رۆژ لەو رووداوە، سەربازێکی خانەنشینی بەریتانی 70 رۆژ بەندکرا بەهۆی ئەوەی لە ناوەڕاستی شاری کارلایل کۆپییەکی قورئانی سووتاند، دواتریش دانی بەوەدا نا کە قورئانەکەی لە کتێبخانەیەکی شارەکە دزیوە.

2011

هەر لەو ساڵەدا سوتاندنی کۆپییەکی قورئان لە ئەمریکا دەنگدانەوەی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا.

تێری جۆنز کە قەشەیەکی ناوداری ئەمریکییە کۆپییەکی قورئانی لە نێو کەنیسەیەکی بچووکی فلۆریدا سووتاند، ئەو دەیگوت قورئان بەرپرسیارێتیی ئەنجامدانی چەندین تاوانی لە ئەستۆیە، بۆیە دەیسووتێنم.

ئەوکات سەرۆکی ئەمریکا بە توندی سەرکۆنەی رووداوەکەی کرد، کە کاردانەوەی گەورەی بەدوای خۆیدا هێنابوو، بۆ نموونە لە ئەفغانستان هێرشکرایە سەر بارەگایەکی نەتەوەیەکگرتووەکان و چەندین کوژراوی لێکەوتەوە.

2012

پاش ساڵێک هەمان قەشەی ئەمریکی واتە “قەشە تێری جۆنز” دووبارە کۆپییەکی دیکەی قورئانی سووتاندەوە، ئەمەش وەکو دەربڕینی ناڕەزایی بەرامبەر دەستگیرکردنی کەسایەتییەکی کریستیان لەلایەن کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە.

قەشە ئەمریکییەکە ئەمجارەیان راستەوخۆ لە چەناڵی یوتوبەوە سووتاندنی قورئانەکەی پەخشکرد، ئەو توڕە بوو لەوەی ئێران لەسەر بنەمای ئاینی کەسایەتییەکی کریستیانی دەستگیرکردووە.

2014

ساڵی 2014 جارێکی دیکە چاوەکان چوونەوە سەر بەریتانیا، ئەوکات پۆلیسی بەریتانیا گەنجێکی دەستگیرکرد، بەهۆی ئەوەی کۆپییەکی قورئانی بە زمانی ئینگلیزیی بردبووە نێو تەوالێتەوە و سووتاندبووی، ئەم رووداوە بووە هۆی توڕەبوونی موسڵمانانی بەریتانیا جیهان.

2015

لە بەریتانیاوە دەچینە دانیمارک، لە کۆتاییەکانی ساڵی 2015دا هاوڵاتییەکی تەمەن 42 ساڵی دانیمارکی لە باخچەی پشتەوەی ماڵەکەیدا کۆپییەکی قورئانی سووتاند و دواتر بە ڤیدیۆ چۆنێتیی ئەنجامدانی کارەکەی بڵاوکردەوە.

2015

هەر لەکۆتاییەکانی ساڵی 2015دا رووداوێک لە فەرەنسا روویدا، کە بۆ پۆلیسی وڵاتەکە شۆکئامێز بوو. کاتێک کۆمەڵێک خۆپیشاندەر لە گەڕەکێکی میللی لە باشووری فەرەنسا هەڵیانکوتایە سەر مزگەوتێک، چەند کۆپییەکی قورئانیان سووتاند و دروشمی دژی عەرەبیان لەسەر دیوارەکان نووسی.

ئەم رووداوە لەو کاتەدا بوو، کە پۆلیسێکی فەرەنسی و کارمەندێکی ئاگرکوژێنەوە لەلایەن چەند دەمامکدارێکەوە هێرشیان کرابووە سەر و بریندار کرابوون، ئەوانەی هێرشیانکردە سەر مزگەوتەکە پێیانوابوو ئەو دوو کارمەندە فەرەنسییە لەلایەن چەند کەسێکەوە بریندارکراون کە هاتوچۆی ئەو مزگەوتە دەکەن.

2019

ئەڵمانیا لە ساڵی 2019دا یەکەم حاڵەتی لەو شێوەیەی بەخۆوە بین، کاتێک پۆلیسی ئەڵمانیا نزیکەی 50 قورئانیان لە مزگەوتێکی شاری برێمەندا دۆزییەوە، ئەوکات ئەنجومەنی موسڵمانانی وڵاتەکە بە توندی سەرکۆنەی رووداوەکەیان کرد.

2019

هەمان ساڵ لە نەرویج جوڵانەوەیەک بە ناوی “بە ئیسلامکردنی نەرویج رابگرن” کەوتنە جوڵەی ئاشکرا، ئەوان لە خۆپیشاندانێکدا دوو قورئانیان فڕێدایە نێو زبڵدانەوە، دواتر لارس تۆرسنی سەرۆکی رێکخراوەکە بە ئاشکرا کۆپییەکی قورئانی سووتاند.

2020

لە ساڵی 2020ەوە ئەم جۆرە کارانە رووی لە سوید کرد، ئەوکاتەی لە شاری مالمۆ، سێ ئەندامی پارتی پالۆدانی دانیمارکی کە پارتێکی راستڕەوی توندڕەوە، کۆپییەکی قورئانیان سووتاند، ئەمە پێکهەڵپژانی پۆلیس و خۆپیشاندەرانی لێکەوتەوە.

دوای رووداوەکە، دەسەڵاتدارانی سوید بۆ ماوەی دوو ساڵ رێگەیان نەدا راسمۆس پالۆدانی سەرکردەی پارتەکە بێ بنێتە خاکی وڵاتەکەیانەوە.

2020

هەر لە 2020دا جارێکی دیکە جوڵانەوەی “بە ئیسلامکردنی نەرویج رابگرن” لە خۆپیشاندانێکدا لە ئۆسلۆی پایتەختی وڵاتەکە چەند کۆپییەکی قورئانیان دڕاند و تفیان لێکرد.

2022

ساڵی 2022 راسمۆس پالۆدان پاش کۆتاییهاتنی سزاکەی، هاتەوە سوید و لە شارێکی باشووری وڵاتەکە و لەژێر چاودێریی پۆلیسدا کۆپییەکی قورئانی سووتاند، دواتریش لە روبەڕوبونەوەی نێوان پۆلیس و خۆپیشاندەراندا 26 پۆلیس و 14 خۆپیشاندەر بریندار بوون، جگە لە تێکشکاندنی 20 ئۆتۆمبێلی پۆلیس.

2022

پاش مانگێک جارێکی دیکە پالۆدان سەرکردەی پارتە دانیمارکییەکە کۆپییەکی دیکەی قورئانی لە سوید سووتاند، ئەمجارەیان لە بەردەم مزگەوتێکدا کارەکەی ئەنجامدا.

2022

لە هاوینی هەمان ساڵدا لارس تۆرسنی سەرکردەی جوڵانەوەی “بە ئیسلامکردنی نەرویج رابگرن” بە دەستەکانی خۆی کۆپییەکی قورئانی سووتاند، بۆ ئەنجامدانی ئەم کارەیش گەڕەکێکی ئۆسلۆی هەڵبژاردبوو کە زۆرینەی موسڵمان بوون، ئەمەش توڕەیی موسڵمانەکانی بەدوای خۆیدا هێنا.

2023

بەرلەوەی لە چەند رۆژی رابردوودا سەلوان مۆمیکا کۆپییەکی قورئان لە سوید بسووتێنێت، دوایین رووداوی هاوشێوە لە 21ی 1ی ئەمساڵدا روویدابوو، ئەوکاتەی راسمۆس پالۆدان بۆ جاری سێیەم کۆپییەکی دیکەی قورئانی لەبەردەم باڵیۆزخانەی تورکیا لە ستۆکهۆڵم سووتاند، پالۆدان بۆ ئەنجامدانی کارەکەی مۆڵەتی وەرگرتبوو، پۆلیس دەیپاراست.

ئێستاش سووتاندنی کۆپییەکی قورئان لەلایەن سەلوان مۆمیکاوە جارێکی دیکە وڵاتانی ئیسلامیی هێناوەتە دەنگ، کاردانەوەکان لەوە فراوانتر بوون و نەک تەنها وڵاتانی ئیسلامی بەڵکو ئەمریکا و نەتەوەیەکگرتووەکانیش سەرکۆنەی کارەکەیان کرد.

هەواڵی زیاتر

Back to top button