پوتین لە کریسمسدا بۆمبەکە دەتەقێنێتەوە

لەکاتێکدا جیهان ترسی لە بەکارهێنانی چەکی ئەتۆمی هەیە لەلایەن ڤلادیمێر پوتینەوە، بەڵام نوسەرێکی دیاری ئەمریکی دەڵێت، قەیسەر خەریکی ئامادەکردنی بۆمبێکی دیکەیە و بەنیازیشە لە جەژنەکانی سەری ساڵدا بیتەقێنێتەوە.

تۆماس فریدمان، لە نوێترین گوتاریدا لە رۆژنامەی نیویۆرک تایمز، دەڵێت، سەرۆکی روسیا بە بەرچاوی جیهانەوە ئامادەکاریی بۆ دروستکردنی بۆمبی وزە دەکات بە هەردوو بەشەکەیەوە، واتە نەوت و غاز. لەمەشدا رۆژئاوا بێئاگایانە و بەبێ مەبەست هاوکاریی دەکات، هەربۆیە پوتین دەتوانێت ئەم زستانە زۆر بە ئاسانی بۆمبەکە بتەقێنێتەوە.

ئەگەر پوتین بۆمبە ئامادەکراوەکەی بتەقێنێت، ئەوا نرخی ئەو بەنزین و غازە دەفڕێت کە ئەوروپییەکان بۆ خۆگەرمکردنەوە بەکاری دەهێنن. فریدمان پێیوایە لە جەژنی کریسمسدا ئەمە روودەدات.

پلانەکەی پوتین روونە.. ئەو هیوادارە فڕینی نرخی وزە، لێکەوتەی سیاسی هەبێت و بەهۆیەوە درز بخاتە نێو هاوپەیمانێتیی رۆژئاواییەکانەوە کە پشتگیریی لە ئۆکراین دەکەن، لەو ساتەوەختەشدا زۆرێک لە وڵاتان لەنێویاندا ئەمریکا، بەدوای دەرچەیەکدا دەگەڕێن بۆ دەرچوون لەو قەیرانە، ئەمەش پاڵیان پێوەدەنێت بەزووترین کات لەگەڵ مۆسکۆ بگەنە رێککەوتن.

تۆماس فریدمان دەڵێت، روسیا جگە لەو جەنگە زەمینییەی لە ئۆکراین دەستیپێکردووە، خەریکی جەنگێکی دیکەشە لە بواری وزەدا، لەمەشدا ئامانجی ئەوەیە ئیرادەی ئۆکراین و هاوپەیمانەکانی تێکبشکێنێت.

پوتین هەوڵدەدات تۆڕەکانی کارەبای ئۆکراین ئیفلیج بکات و توانای بەرهەمهێنانی کارەبایان نەمێنێت، بەمەش وڵاتەکە نوقمی زستانێکی سارد و سەخت و دوور و درێژ دەکات. لەپاڵ ئەمەشدا، دەیەوێت نرخی وزە لە سەرجەم ئەو وڵاتانەدا بەرزبکاتەوە، کە هاوسۆز و هاوپەیمانیی ئۆکراینن.

بەلای نوسەرە ئەمریکییەکەوە، پلانەکەی پوتین بۆ رۆژئاوا زۆر مەترسیدارە، چونکە تاوەکو ئێستا نە ئەمریکا و نە وڵاتانی دیکەی رۆژئاوا ستراتیژێکی روونیان نییە بۆ ئەوەی کاریگەرییەکانی تەقاندنەوەی بۆمبەکەی روسیا کەمبکەنەوە.

کەواتە بۆمبەکەی پوتین چییە؟ دیارییەکەی سەرۆکی روسیا چییە کە لە کریسمدا پێشکەشی ئۆکراین و هاوپەیمانەکانی دەکات؟

بە کورتی دیارییەکەی کریسمس بریتییە لە بڕینی نەوت و غاز لەو وڵاتانەی پشتگیریی ئۆکراین دەکەن، بڕینەکە بۆ ماوەی 30 تاوەکو 60 رۆژ دەبێت، پوتین لە کۆتاییەکانی مانگی 12ی ئەمساڵ و بە دیاریکراوی لە نزیک جەژنەکانی سەری ساڵدا بڕیارەکە دەدات و پریشکی تەقینەوەکە ئەوروپا سڕ دەکات.

هەواڵی زیاتر

Back to top button