لە ئەوروپا رەشەبای “راستڕەوی توندڕەو” هەڵی کرد

 

لە سێ ساڵی رابردوودا راستڕەوە توندڕەوەکان لە پێنج وڵاتی ئەوروپا حوکمیان گرتوەتە دەست، ئەگەرچی هەریەک لەو حزبانە لە سیاسەتی ناوخۆدا جیاوازییان هەیە، بەڵام هەندێ تایبەتمەندیی هاوبەش کۆیاندەکاتەوە، بۆنمونە: ناسیۆنالیستن و تێکەڵبوونی کەلتووریی بە هەڕەشە دەزانن، بەشێوەیەکی گشتیی دژی کۆچبەرانن.

رەشەبای راستڕەوەکان مانگی 10ی ساڵی 2019 لە پۆڵەنداوە هەڵی کرد، ئەوکاتەی حزبی “یاسا و دادپەروەریی” لەسەدا 51ی دەنگەکانی بەدەستهێنا، ئەو حزبە راستڕەوە لە کۆی 460 کورسیی پەرلەمان بووە خاوەنی 235 كورسی.

پاش مانگێک رەشەباکە گەیشتە ئیسپانیا، ئەوکاتەی حزبی فۆکسی راستڕەو هاتە سەر شانۆی سیاسیی وڵاتەکە، فۆکس لە هەڵبژاردنەکانی 2019 لەسەدا 15ی دەنگەکانی بەدەستهێنا، هەرچەندە بەشداریی حکومەتی فیدراڵیی نەکرد، بەڵام دواتر هاوپەیمانیی لەگەڵ حزبێکی دیکەی راستڕەو پێکهێنا، بۆیەکەمجار لەمێژووی وڵاتەکەدا چووە نێو کابینەی حکومەت لەهەردوو هەرێمی کاستیا و لیۆن.

ئینجا نۆرە هاتە سەر هەنگاریا و جارێکی دیکە لەوێ راستڕەوەکان بردیانەوە، لە نیسانی 2021 ڤیکتۆر ئۆربانی سەرۆکوەزیران لە سەدا 59ی دەنگەکانی بردەوە.

ئۆربان کە سەرۆکایەتیی حزبی فیدز دەکات، چوارەمجارە لەسەریەک، هەڵبژاردنەکانی وڵاتەکەی دەباتەوە، حزبەکەی ئۆربان لەگەڵ هاوپەیمانە راستڕەوەکانیدا زۆرینەی رەهای پەرلەمانیان بەدەستەوەیە.

ئەمساڵ پریشکەکە گەیشتە ئەسکەندەناڤیا لە باکووری ئەوروپا، مانگی رابردوو بەرەی راستڕەوەکان هەڵبژاردنەکانی سویدیان بردەوە، راستڕەوەکان بە جیاوازیی سێ کورسی پێش رکابەرە چەپەکانیان کەوتن، لەوپەڕی باکوورەوە بۆ ئەوپەڕی باشوور.

لەم چەند رۆژەی رابردوودا ئیتاڵیاش چووە ریزەوە، پاش 77 ساڵ و بۆیەکەمجار هاوپەیمانیی حزبە راستڕەوەکان هەڵبژاردنەکانیان بردەوە، حزبی برایانی ئیتاڵیا کە جۆرجیا مێلۆنی سەرکردایەتیی دەکات، لەسەدا 26ی دەنگەکانی بەدەستهێنا و هەر خۆی دەبێتە سەرۆکوەزیرانی داهاتووی ئیتاڵیا.

ئێستا پرسیارەکە ئەوەیە، رەشەبای راستڕەوەکان لە ئیتاڵیا دەوەستێت، یاخود پەلدەکێشێت بۆ وڵاتانی دیکەی ئەوروپا و جیهان؟
چونکە مێژوو پێمان دەڵێت ئەوەی لە ئیتاڵیا روودەدات، وەکو ڤایرۆس دەگوازرێتەوە.

 

هەواڵی زیاتر

Back to top button