چۆن گەندەڵی و حوکمڕانی خراپ بومەلەرزەکانى تورکیای کوشندەتر کرد؟

گۆڤارى فۆرین پۆلیسی ئەمریکى راپۆرتێکى بڵاوکردووەتەوە، لەبارەى ئەو هۆکارانەى وایکرد بومەلەرزەکانى تورکیا کوشندەتر بن.

ساڵى 1999 بومەلەرزەیەکى کوشندە لە ئەستەنبوڵ رویدا، بووەهۆى گیانلەدەستدانى 18 هەزار و 370 کەس.

رەجەب تەیب ئەردۆغان، لە دواى ئەو بومەلەرزە دەسەڵاتى گرتەدەست، ئەوکات هۆکارى هەموو نەهامەتییەکانی ساڵانی 1990ەکانی دەگەڕاندەوە بۆ بەربڵاوی گەندەڵیی، خراپی حکومڕانی و بێباکی دامەزراوەکانی حکومەت. هەر ئەوکاتیش بەڵێنیدا لەژێر حوکمڕانی ئەودا شتەکان بەشێوەیەکی ریشەیی دەگۆڕێن. بەڵام لەماوەى دوو دەیەى حکومڕانییەکەیدا چی کرد؟

گۆڤارە ئەمریکییەکە دەڵێت، ئەردۆغان لەماوەى حکومڕانییەکەیدا هەرچی دەسەڵات هەیە خستویەتیە ژێر دەستی خۆی. بۆ ئەم کارەش دەسەڵاتی دامەزراوە حکومییەکانی سنوردارکرد، کەسە دڵسۆزەکانی خۆی لە پۆستە گرنگەکان دانا، زۆربەی رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی داخست و دۆستەکانی خۆی دەوڵەمەند کرد، بۆ ئەوەی بازنەیەکی بچوک لە کەسە دڵسۆزەکانی بەدەوری خۆیدا دروستبکات. ئەمانە هۆکار بوون بۆ رودانی ئەو کارەساتەی رۆژی دووشەممە بەسەر وڵاتەکەدا هات.

سەرەڕای گەورەیی بومەلەرزەکە کە هۆکارە بۆ ئەوەی کوشندە بێت، بەڵام بەگوێرەى لێکۆڵینەوەیەکی ئەکادیمی، بومەلەرزە لەو وڵاتانەی گەندەڵیی تێدایە بەربڵاوە خەڵكێکی زۆرتر دەکوژێت. لە سەردەمی حوکمڕانیی ئەردۆغان ئابوری تورکیا لەروی بیناسازییەوە گەشەکردنێکی بەرچاوی بەخۆیەوە بینی. ئەردۆغان تەندەری زۆربەی پرۆژە بیناسازییەکانی بە نزیکەکانی خۆی دا، بەبێ ئەوەی بچنە کێبركێوە یان لەلایەن دامەزراوەکانەوە چاودێری بکرێن.

دواتر ئەو کۆمپانیایانە لەو ناوچانەی دەکەونە سەر هێڵی گەرمی بومەلەرزە، دەستیان بە دروستکردنی تۆڕێکی جەنجاڵی باڵەخانەکان کرد، بەبێ ئەوەی رەچاوی یاساکانی بیناسازی بکەن.

شاری هاتای، لە بومەلەرزەکەی دووشەممەدا زیانێکی زۆری بەرکەوتووە. لەو شارەدا باڵەخانەی نیشتەجێبوون و نەخۆشخانە، تەنانەت باڵەخانەی لقی سەرۆکایەتیی کارەسات و فریاگوزاری، تەختی زەوی بوون یان زیانێکی زۆریان بەرکەوتووە. کە ئەمانە زۆربەیان لەلایەن دۆستەکانی ئەردۆغانەوە دروستکرابوون.

فڕۆکەخانەی شارەکە کە لەلایەن کۆمپانیایەکی نزیک لە ئەردۆغانەوە لەسەر هێڵی بومەلەرزە دروستکراوە بەهۆی بومەلەرزەکەوە رێڕەوی فڕین و نیشتنەوەی فڕۆکەکانی بووە بە دوو لەتەوە.

پێدانی پرۆژە ژێرخانییەکانی حکومەت بە دۆستەکانی ئەردۆغان، کە زۆربەیان گوێیان بە بابەتی سەلامەتی نەداوە، وەک گۆڤارە ئەمرییەکە دەڵێت، بووەتە هۆی چەندین تراژیدیای دیکە لە رابردوودا.

ساڵی رابردوو، شەپۆلێکی بەفربارین شاری ئیسپارتاى گرتەوە، زیانێکی زۆری بە ناوچەکە گەیاند و بەهۆیەوە چەندین کەس گیانیان لەدەستدا، جگە لەوەی زۆرێکی دیکە بۆ چەندین هەفتە بێ کارەبا مانەوە.  ژێرخانی شارەکە درابوون بەو کۆمپانیا تایبەتییانەی کە لە ئاگەپەوە نزیکن، کە لەلایەن جەنگیز هۆڵدین و کۆلین ‌هۆڵدینەوە خاوەندارێتی دەکران.

ئەم کۆمپانیایانە رەچاوی ئەو کارەساتە سروشتیانەیان نەکردبوو. لە کاتی روداوەکەشدا رەتیانکردەوە هاوکاری لە پارتە ئۆپۆزسیۆنەکانی پارێزگاکانی درواسێیان وەربگرن.

بەهەمانشێوە، لە ساڵی 2018دا، بەهۆی نۆژەندنەکردنەوەوە، روداوێکی شەمەندەفەر لە شاری چۆرلوی رۆژئاوای وڵاتەکە بووە هۆی گیانلەدەستدانی 25 کەس.

لە ساڵی 2014دا، 301 کرێکاری کانی خەڵوز بەهۆی تەقینەوەی کانێکەوە لە شارۆچکەی ئیجە گیانیان لەدەستدا.  تەنها 20 رۆژ پێش تەقینەوەکە ئاکەپە پێشنیارێکی ئۆپۆزسیۆنی لە پەرلەمان بۆ لێکۆڵینەوە لە بارودۆخی کانەکە پوچەڵ کردبووەوە.

بەڕێوەبەری کۆمپانیای سۆما هۆڵدینگ و ئاڵپ گورکان، کەسێکی نزیکی ئەردۆغانە. ئەو کۆمپانیایە سودی زۆری لە ئاکەپە بینیوە، ئەمەش لەڕێگەی چەندین گرێبەستی ژێرخانی بیناسازییەوە بووە، بە بەهای ملیاران دۆلار.

سەرەڕای پشتگوێخستنی سەلامەتی لە پرۆژەکاندا، خاوی پرۆسەی بەهاناوەچوون لە کاتی روداوەکاندا، کارەساتەکە زیاتر کوشندە دەکات. لە ساڵی 2021دا ئاگرێکی فراوان دارستانەکانەی باشوری تورکیای گرتەوە، بەهۆیەوە لانیکەم نۆ کەس گیانیان لەدەستدا و هەزاران کەسیش ناچاربوون ماڵەکانیان بەجێبهێڵن.

دوای ئاگرەکە ئەردۆغان رەخنەی توندی لێگیرا، بەهۆی نەبوونی ئامادەکاریی بۆ روبەڕوبوونەوەی روداوەکە. لایەنە ئۆپۆزسیۆنەکان و دانیشتووانی ئەو ناوچانە حکومەتیان تۆمەتبار کرد، کە نەیتوانیوە فڕۆکەی ئاگرکوژێنەوە دابین بکات لەکاتێکدا ملیارەها دۆلاری تەرخانکردبوو بۆ کۆمپانیاکانی بیناسازی، کە گرنگی ئەوتۆ بە بواری ژینگە نادەن.

بەهۆى بومەلەرزەکانى دووشەممە تاوەکو ئێستا زیاتر لە 20 هەزار کەس لە باکورى کوردستان و تورکیا گیانیانلەدەستداوە، زیاتر لە 80 هەزاریش بریندارن، ژمارەکە بەردەوام لە زیادبووندایە. هێشتا هەزاران کەس لەژێر داروپەردوى باڵەخانە روخاوەکاندان، هاوارى خەڵکى درەنگ بەدەمەوەچوونى تیمەکانى فریاگوزارییە، ئەردۆغان خۆشی دانى بە خاوى پرۆسەى رزگارکردنی خەڵکیدا نا، لەکاتێکدا نزیکەى 100 وڵات هاوکاری تورکیا دەکەن.

لە شارۆچکەى ئەنتاکیا، خەڵکی خۆیان بەبێ هیچ ئامێرێکی پێشکەوتوو لەنێو داروپەردودا بەدوای خۆشەویستانیاندا دەگەڕان، دەزگای فریاگوزاری تورکیا دوای 48 کاتژمێر گەیشتنە شارۆچکەکە.

گۆڤارە ئەمریکییەکە رەخنەى توندى لە ئەردۆغان گرتووە، دەڵێت، سوپای تورکیا دەیتوانی لەم روداوەدا رۆڵ بگێرێت، بەڵام ئەردۆغان ئەوەندە هێزی رەوانەی ناوچەکان نەکرد، کە بتوانن خەڵکی رزگار بکەن. رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنیش لە دوای بومەلەرزەکەی ساڵی 1999ەوە لە وڵاتەکەدا بوونیان نەماوە تاوەکو بتوانن هاوکاری لیقەوماوان بکەن. هەموو ئەمانە شکستی ئەردۆغان دەسەلمێنن بەهۆی قۆرخکردنی دەسەڵاتەکان لە ژێر دەستی خۆیدا.

تورکیا، کە ساڵانە روبەڕوی روداوی سروشتی دەبێتەوە، دەزگاى کارەسات و فریاگوزاری (ئافاد)، دامەزراوەیەکی گرنگی حکومەتە، بەڵام لە بنەڕەتدا دەسەڵاتەکانی لە دامەزراوەی سەرۆکایەتی کاروباری ئاینییش کەمترە، کە ئێستا و لەژێر دەسەڵاتی ئەردۆگاندا، شەرعییەت دەدات بە یاساکانی حکومەت. تەنانەت بەرپرسی ئافاد، کەسێکە دەچووی بەشێکی شەریعەیە و هیچ ئەزمونێکی نییە لە روبەڕوبوونەوەی کارەساتە سروشتییەکاندا.

سوپای تورکیا چەند کاتژمێرێک دوای بومەلەرزەکەی ساڵی 1999 چوونە نێو شارەکانەوە و دەستیان کرد بە گەڕان بەدوای قوربانییەکاندا، بەڵام لە بومەلەرزەکانی دووشەممەدا، رۆڵێکی ئەوتۆیان نەبینی. دوای روداوی کودەتاکەی ساڵی 2016، دەسەڵاتی سوپا لاوازکرا. بەهۆی ئەوەی حکومەتەکەی ئەردۆغان پێشتر پرۆتۆکۆلێکی هەڵوەشاندەوە کە هێزە چەکدارەکانی پابەند دەکرد لە کارەساتە سروشتییەکاندا بەهانای خەڵکەوە بچن.

بومەلەرزە بەهێزەکان خەڵکی دەکوژن، بەڵام لە وڵاتانی وەک تورکیا کوشندەتر دەبن. لەوکاتەی کە خەڵکی خۆیان خەریکی دەرهێنانی تەرمی کەسە نزیکەکانیان بوون، ئەردۆغان لە تەلەفزیۆنی دەوڵەتەکەیەوە، ئەو کەسانەی کە رەخنەیان لێدەگرت بە “بێشەرەف” ناوی دەبردن.

ئەو هەر لەسەرەتاوە بومەلەرزەکانى وەک “قەدەر” ناساند و ویستى خەڵکى بەوشێوەیە قبوڵی بکەن.

 

هەواڵی زیاتر

Back to top button