حکومڕانى ئاکەپە لەسەر تەرازوی ئامارەکانە

لە تورکیا کەم رۆژ هەیە ئامارێک بڵاونەکرێتەوە، ئەمڕۆ ئامارى بەرزبوونەوەى رێژەى بێکارى و دوێنێش بەرزبوونەوەى هەڵاوسان، راپرسییەکانیش نزمبوونەوەى رێژەى دەنگى ئاکەپە نیشان دەدەن.

لە جیهانى مۆدێرندا، ئابورى وەک کۆڵەکەیەکى سەرەکى حکومڕانى دادەنرێت، کۆمەڵگەى تورکیاش چاوى زیاتر لەم کۆڵەکەیە، کە ئێستا لە دۆخێکى خراپدان و نرخى خواردن و شتومەک لە 100% و زیاتریش بەرزبووەتەوە.

ئەمڕۆ دەزگای ئاماری تورکیا، ئامارێکی نوێی بڵاوکردەوە، کە تایبەتە بە بەزربوونەوەى رێژەى بێکارى لە وڵاتەکە و دەڵێت، بۆ 10.2٪ بەرزبووەتەوە، ئەوانەى بێکارن ژمارەیان لە سێ ملیۆن و 500 هەزار کەس زیاترە. ئەوانەشى تەمەنیان لەنێوان 15 بۆ 24 ساڵدایە زیاتر بێکارن، کە نزیکەى 30٪ە.

هەر ئەمڕۆش بانکی ناوەندی تورکیا ئامارێکى بڵاوکردەوە ئەمیان خراپی دۆخى ئابورى نیشان دەدات. کورتهێنانى یەدەگی دراوى نەختینەیی تورکیا گەیشتووەتە 43 ملیار و 500 ملیۆن دۆلار، لە کاتێکدا چوار ساڵ پێش ئێستا هەشت ملیار دۆلار بوو.

لە تورکیا رێژەی بێکاری بۆ 10.2% زیادی کردووە

پەسەندکردنى بودجەى 2023ى وڵاتەکەش کەوتووەتە کاتێکەوە، هەموو لایەنەکان ناڕاستەوخۆ لە کەشى بانگەشەى هەڵبژاردندان، پەرلەمان و بەتایبەتى لایەنەکانى ئۆپۆزسیۆن پێداگرن، کە کەمترین موچە لە ساڵی داهاتوودا لە نۆ هەزار لیرە کەمتر نەبێت، بەڵام حکومەتی هاوبەشی ئاکەپە و مەهەپە ئەم مادەیان پەسەند نەکردووە و دەیانەوێت موچە لە خوار هەشت هەزار لیرەوە بێت.

دوێنێش دەزگاى ئامارى تورکیا ئامارێکى دیکەى بڵاوکردەوە، کە تایبەت بوو بە بەرزبوونەوەى رێژەى هەڵاوسان دەڵێت بۆ نزیکەی 85% بەرزبووەتەوە، بەڵام ئۆپۆزسیۆن باس لە دوو هێندەى ئەم رێژەیە دەکات.

گروپی ئەناگ، کە لە ژمارەیەک کەسایەتی ئەکادیمی و ئابوریناس پێکهاتوە، ئامارێکیان بڵاوکردوووەتەوە، کە دەڵێت، هەڵاوسان گەیشتووەتە 170٪.

بەگوێرەى ئەنجامى راپرسییەکان ئەم ئامارانەى باسمان کرد، بە زیانى ئاکەپە دەشکێتەوە، کە پارتەکەى رەجەب تەیب ئەرۆغان، سەرۆککۆمارى تورکیایە.

ئەردۆغان، کە 20 ساڵە حکومڕانى وڵاتەکەیەتى، بەر لە دوو رۆژ لە کۆبوونەوەیەکدا داوایکرد یەک خولى دیکە هەڵیبژێرنەوە، بەڵام بەگوێرەى راپرسییەکان بێت، لە هەڵبژاردنى ساڵى داهاتوودا کۆتایی بە حکومڕانییەکەى دەهێندرێت و چیتر وەک 20 ساڵى رابردوو براوەى یەکەم نابێت.

ئەمڕۆ دوو راپرسی تایبەت بە هەڵبژاردنەکان بڵاوکرانەوە، هیچیان لە بەرژەوەندی دەسەڵات نییە.

محەمەد عەلی کولات، سەرۆکی کۆمپانیای ماکی تایبەت بە راپرسیەکان، راپرسیەکی نوێی ئاشکرا کرد و رایگەیاند، هاوپەیمانی کۆماری ئاکەپە و مەهەپە لە دەوروبەری 40٪ی دەنگەکان بەدەستدەهێنێت، هاوپەیمانی گەلی پێنج لایەنی ئۆپۆزسیۆن نزیکەی 46٪ دەنگەکان بەدەستدەهێنێت.

هاوکات کۆمپانیای بوپاری تایبەت بە راپرسی و ئامارەکان، یەکەم راپرسی خۆی بڵاوکردەوە، بەگوێرەی راپرسیەکە، هاوپەیمانی گەل 49.5٪ی دەنگەکان و هاوپەیمانی کۆمار 39.4٪ی دەنگەکان بەدەستدەهێنێت.

هاوپەیمانى کۆمار، ئەردۆغانى کاندیدکردووەتەوە بۆ پۆستى سەرۆککۆمار، بەڵام هێشتا ئۆپۆزسیۆن ناوى کەسى ئاشکرا نەکردووە، هەرچەندە ناوى چەند کەسێک دەهێندرێت.

ئەکرەم ئیمامئۆغلۆ، کە سەرۆکى گەورە شارەوانى ئەستەنبوڵە، هەرچەندە خۆشی  ناوى لەنێو ناواندایە بۆ پۆستى سەرۆکایەتى، بەڵام دەڵێت، وەک لایەنەکانى ئۆپۆزسیۆن یەک کاندیدیان هەیە، ئەویش کەمال کلچدارئۆغلۆ، سەرۆکی جەهەپەیە.

جەهەپەش بەشێکە لەو هاوپەیمانییە شەش لایەنییەى ئۆپۆزسیۆن، کە بەگوێرەى راپرسییەکان زۆرترین دەنگ دەهێنن.

هەڵبژاردنەکانى ساڵى داهاتوو دەریدەخات هاوپەیمانیەکەى ئەردۆغان یان کڵچدار ئۆغلۆ سەردەکەوێت.

هەواڵی زیاتر

Back to top button