تەعریبی ئەلکترۆنی

کورد لەنێو شەپۆلی دووەمی تەعریبدایە

19 ساڵە حکومەتی بەعس رووخاوە، بەڵام هێشتا تەعریب هێزی خۆی لەدەستنەداوە

کورد لە کەرکوک ئەگەر تاپۆی رەشیشی هەبێت، بۆی نییە بیکاتە رزقێکی سپی و نانی منداڵەکانی بدات

جوتیارانی دانیشتووی گوندەکانی سەرگەڕان و داقوق گیرۆدەی دەستی سوپای عێراقن

زیاتر لە 30 ساڵ تەعریبی سیاسییان بینی و پێنج ساڵیشە بەدەست تەعریبی زراعییەوە دەناڵێنن

تەعریبی بەعس

ئەم جوگرافیا کوردییەی باسمانکرد لەنێو شەپۆلی دووەمی تەعریبدایە

تەعریب واتە پرۆسەی گۆڕینی دیمۆگرافیا، یەکێک بوو لە سیاسەتەکانی حزبی بەعس کە دژی گەلی کورد بە کاریدەهێنا، کوردی لە ناوچە کوردنشینەکان دەردەکرد و عەرەبی دەهێنایە جێگایان

حکومەتی بەعس ئەوکاتەی لە دەسەڵاتدا بوو کەرکوکی پڕ کرد لەو هاوڵاتییە عەرەبانەی لە ناوەڕاست و باشوورەوە دەیهێنان و ئێستا پێیان دەگوترێت عەرەبی هاوردە

دەیویست لەو رێگەیەوە سیمایەکی عەرەبی ببەخشێتە پارێزگای کەرکوک و چەندین ناوچەی دیکەی کوردی

بەعس لە 2003دا رووخا و تەعریب بە کاتیی وەستا، بەڵام ئێستا جوتیارانی کەرکوک شاهیدی شەپۆلێکی دیکەی تەعریبن لەسەردەمی حکومەتی ئێستای عێراقدا

تەعریبی زراعی

شەپۆلی دووەمی تەعریب لە دوای رووداوەکانی 16ی ئۆکتۆبەری ساڵی 2017ەوە سەریهەڵداوە

تەعریبی ئەمجارە زراعییە و بەرۆکی جوتیارانی کوردی گرتووە، سوپای عێراق رێگەیان پێنادات زەوییە کشتوکاڵییەکانیان بکێڵن

لە ساڵی 1938دا کوردانی دانیشتووی ناوچەکە بە بڕیاری حکومی بوونە خاوەنی زەوییەکان و بەبەردەوامیی کشتوکاڵیان تێدادەکرد

بەڵام ساڵی 1975 دۆخەکە تێکدەچێت، ئەنجومەنی سەرکردایەتیی شۆڕش واتە مەجلیسی قیادەی سەورەی حزبی بەعس بڕیارێک دەردەکات و زەوییەکان دەخاتە سەر وەزارەتی دارایی

ئیدی لێرەوە کێشەکان سەرهەڵدەدەن، جوتیارانی کورد بۆیان نابێت لەو سنوورەدا کشتوکاڵ بکەن

دۆخەکە تاوەکو کەوتنی بەعس لە 2003 درێژەدەکێشێت، جوتیارانی کورد دەست بە کشتوکاڵ دەکەنەوە، بەڵام رووداوەکانی ساڵی 2017 جارێکی دیکە دۆخەکە دەگەڕێنێتەوە بۆ چوارگۆشەی یەکەم، واتە وەکو ئەوکاتەی لێدێتەوە کە مەجلیسی قیادەی سەورە بڕیارەکەی لە دژی کورد دەرکرد

هەڕەشە و گرتن و شەڕی دەستەویەخە

لەماوەی ئەم پێنج ساڵەی رابردوودا جوتیارانی کورد لە سنوورەکە روبەڕوی هەڕەشە و گرتن و تەنانەت شەڕی دەستەویەخەش بوونەتەوە

لە تازەترین رووداویشدا چوارشەممە دوو جوتیاری کورد لەسەر کێشەی زەوییە کشتوکاڵییەکان بریندار بوون

سوپای عێراقیش لەو ماوەیەدا دەیان جوتیاری کوردی دەستگیرکردووە

هەر کاتێک زانیارییان پێگەیشتبێت، کە جوتیارانی کورد خەریکی کێڵانی زەوین، ئەوان چوونەتە سەریان و دەستگیریان کردوون

تەنانەت سوپای عێراق رێگەی ئەلیکترۆنیشی بۆ سەپاندنی تەعریب بەکارهێناوە، بەگوێرەی زانیارییەکانی زووم، خەڵکانێک لە رێگەی مۆبایلەوە و بە نهێنی وێنەی جوتیارانی کوردیان لە کاتی کێڵانی زەویدا گرتووە و بۆ سوپایان ناردووە

ئەی رێگەچارەی کێشەکە چییە؟

بنەڕەتی کێشەکە بڕیارەکەی مەجلیسی قیادەی ساڵی 1975ە، بۆیە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکەش هەر دەبێت دەست بۆ ئەم بڕیارە ببرێت

هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکەی بەعس، بە دوو هەنگاو دەبێت

هەنگاوی یەکەم لەسەر ئەنجومەنی وەزیرانی عێراقە، کە کاری خۆی کردووە و بە فەرمی داوای لە پەرلەمان کردووە بڕیارەکەی ساڵی 1975 بوەستێنێت، بەڵام تاوەکو ئێستا پەرلەمان هیچ هەنگاوێکی نەناوە و بەگوێرەی زانیارییەکانی زووم چەند لایەنێکی سوننە رێگرن لەوەی هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکەی بەعس بخرێتە دەنگدانەوە و پەسەندبکرێت

ئێستا تۆپەکە لە گۆڕەپانی پەرلەماندایە، تاوەکو بڕیار لەسەر کۆتاییهێنان بە شەپۆلی دووەمی تەعریب بهێنرێت

 

 

 

هەواڵی زیاتر

Back to top button