“ئاشتیی وەبەرهێنان” یان مەرگی ژێر بینا رووخاوەکان؟

ئەو یاسایەی پێنج ساڵ لەمەوبەر ئەردۆغان شانازیی پێوەدەکرد ئێستا کارەساتی لە تورکیا خوڵقاندووە

رەجەب تەیب ئەردۆغان چوار  ساڵ لەمەوبەر و لە کاتی بانگەشەی هەڵبژاردنەکاندا روودەکاتە خەڵکی پارێزگاکانی هاتای، مەڕەش و دیلۆک و پێیان دەڵێت “کێشەی نیشتەجێبوونمان چارەسەرکرد”. ئەو مژدەیەی ئەردۆغان بۆ خەڵکی ئەو سێ پارێزگایە، پاش هەموارکردنەوەی یاسای لێبووردنی وەبەرهێنان بوو، کە پێشیان دەگوت یاسای ئاشتی وەبەرهێنان.

پارتی داد و گەشەپێدان لە ساڵی 2018دا هەموارکردنەوەی ئەو یاسایەی بە دەستکەوتێکی گەورە بە خەڵک ناساند، ئیدی پاش ئەو هەموارکردنەوەیە نزیکەی 13 هەزار باڵەخانەی نیشتەجێبوون لە باکووری کوردستان کە بەشێوەیەکی نایاسایی بنیاتنرابوون “لێخووشبوونیان بۆ دەرچوو”، سەرجەم باڵەخانەکان کرانە باڵەخانەی یاسایی و بە شێوەیەکی فەرمی لە شارەوانییەکاندا تۆمارکران و بوونە شوێنی نیشتەجێبوونی هەزاران کەس.

ئەگەرچی ئەوکات پارتی دەسەڵاتدار شانازیی بەو یاسایەوە دەکرد، بەڵام پارتەکانی ئۆپۆزسیۆن دژی وەستانەوە، پێشبینی ئەوەیان دەکرد ئەم هەموارە زیان بە خەڵک دەگەیەنێت، بەوپێیەی باڵەخانە نایاساییەکان بەگوێرەی مەرجە ئەندازیارییەکان دروستنەکراون و لەداهاتوودا کێشە بۆ دانیشتووانەکەی دروستدەکەن.

بۆنمونە هەر ئەوکات و لە ساڵی 2018دا ئەکرەم ئیمامئۆغلۆ سەرۆکی گەورەشارەوانی ئەستەنبوڵ کە سەردانی شاری روحای باکوری کوردستانی کردبوو، گوتبووی دەسەڵات پەندی لە بومەلەرزەکەی 1999ی ئەستەنبوڵ وەرنەگرتووە، جارێکی دیکە بە هەموارکردنەوەی یاسای لێبووردنی نیشتەجێبوون “کارەساتێکی گەورەی دیکە دەخوڵقێنێت”. ئیمامئۆغلو گوتبووی پێویستە لەمەودوا ئاگادار بین و داهاتوومان نەدەینە دەست ئەو جۆرە کەسانە.

سەرۆکی گەورەشارەوانی ئەدەنەش بەهەمانشێوە پێشبینی ئەوەی کردبوو کە ئەم هەموارکردنەوەیە بە زیان دەشکێتەوە، ئەو گوتبووی “دەسەڵات لەبری ئەوەی باڵەخانە نایاساییەکان بڕوخێنێت، کەچی دێت لێبوردنیان بۆ دەردەکات، ئەم باڵەخانە نایاساییانە مەترسیدارن بۆ ئەوانەی تیاید نیشتەجێ دەبن”.

هەر دوای ساڵێک پێشبینییەکانی ئەو سەرۆک شارەوانییانە هاتنەدی، لە شوباتی 2019دا یەکێک لەو باڵەخانە نایاساییانەی بەر لێبوردنەکە کەوتبوو “بە تەواوی داڕما” و بەهۆیەوە 21 کەس گیانیان لەدەستدا. هەرئەوکات شەپۆلێکی دیکەی رەخنەئامێز روبەڕوی ئەردۆغان بووەوە.

ئێستاش پاش بومەلەرزەکەی شەشی شوبات، کە گیانی دەیان هەزار کەسی لەگەڵ خۆیدا بردووە، دیسانەوە یاساکە کەوتووەتەوە بەر توندترین هێرشی لایەنەکانی ئۆپۆزسیۆن.

ئێستا ئەو خەڵکەی ئەردۆغان مژدەی چارەسەرکردنی کێشەی نیشتەجێبوونی پێدابوون، ناخۆشترین رۆژەکانی ژیانیان بەسەردەبەن، جگەلەوەی هەزاران کەسیشیان بەهۆی رووداوەکەوە گیانیان لەدەستداوە.

بە گوێرەی ئامارە فەرمییەکان، بومەلەرزەکەی شەشی شوبات زیاتر لە حەوت هەزار باڵەخانەی لە شارە کوردییەکاندا رووخاندووە، هەزاران کەس کەوتوونەتە ژێر دار و پەردووی بینا رووخاوەکانەوە.

ئەمە جارێکی دیکە یاسای ئاشتی وەبەرهێنانی هێناوەتەوە بەرباس، ئەوەتا رۆژنامەی سوزجوی نزیک لە پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە) لە ژمارەی ئەمڕۆیدا، بە مانشێتێکی گەورە، قسەکانی چوار ساڵ لەمەوبەری رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆککۆماری تورکیای بیرهێناوەتەوە، کە گوتبووی “کێشەی نیشتەجێبوونمان چارەسەر کردووە” بێ ئاگا لەوەی ئەم چارەسەرە لەسەر حسابی گیانی هەزاران کەس بووە.

هەواڵی زیاتر

Back to top button