هەمووان لە بۆمبەکەی ئەمریکا ناڕازین

ناردنی بۆمبی هێشوویی ئەمریکا بۆ ئۆکراین نارەزایی جیهانیی بەدوای خۆیدا دەهێنێت

دوای ئەوەی ئەمریکا رایگەیاند بۆمبی هێشوویی بۆ ئۆکراین دەنێرێت، چەندین هاوپەیمانی ئەمریکا ناڕەزایەتی خۆیان بەرامبەر واشنتن لەبەرامبەر بڕیاری ناردنی بۆمبەکە دەربڕی.

بۆمبی هێشوویی، یان بە زمانی ئینگلیزی بۆمبی کلەستەر، بەو بۆمبە دەگوترێت کە لەناوخۆیاندا دەیان بۆ سەدان بۆمبی بچوکتری هەڵگرتووە. بۆمبەکە دەکرێت لەڕێگەی فڕۆکەوە بەسەر ناوچەی ئامانجدا بخرێتە خوارەوە یان لەرێگەی موشەکهاوێژ یان تۆپخانەوە هەڵبدرێت.

لەبەرامبەر بڕیارەکەی ئەمریکادا بۆ ناردنی ئەو چەکە بۆ ئۆکراین هەریەک لە بەریتانیا، کەنەدا، نیوزلەندا و ئیسپانیا نارەزایەتی خۆیان دەربڕی و رایانگەیاند ئەوان دژی بەکار‌هێنانی ئەو چەکەن.

هۆکاری ناڕازایەتی ئەو وڵاتانە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە بەشێکی زۆر لەو بۆمبە بچوکانەی کە لە بۆمبە سەرەکییەکەوە دەکەونە خوارەوە ناتەقن و وەک مەترسی پاشماوەی جەنگ دەمێنێتەوە و دواتر هاوڵاتیانی مەدەنی دەبن بە قوربانی. ئەمە سەرەڕای ئەوەی کە بۆمبەکە بەبێ جیاوازی سەرباز و هاوڵاتی مەدەنی لە شوێنی تەقاندنیدا ناوچەیەکی بەرفراوان دەکاتە ئامانج. بەهۆی مەترسییەکانیەوە بۆمبەکە لە زیاتر لە 120 وڵات قەدەغەکراوە.

کاتێک لەوبارەیەوە پرسیاری لێکرا، ریشی سوناکی سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا رایگەیاند وڵاتەکەی یەکێکە لەو 123 وڵاتەی کە واژۆی رازیبوونی کردووە لەسەر ئەوەی ئەو چەکە قەدەغە بکەن و هەرگیز هانی بەکارهێنانی نادەن.

سەرۆکوەزیرانی نیوزلەندا، کریس هیپکینس، رایگەیاند کە ئەو جۆرە چەکە جیاوازی ناکات لەنێوان کەسدا، خەڵکی بێتاوان زیانێکی زۆریان بەردەکەوێت و کاریگەریی درێژخایەنیان دەبێت لەسەر خەڵکی مەدەنی.

سەبارەت بە ئیسپانیاش، مارگریتا رۆبڵس، وەزیری بەرگریی ئەو وڵاتە رایگەیاند کە وڵاتەکەی پابەندە بە رێگرییکردن لەوەی کە کۆمەڵیک چەکی

دیاریکراو بۆ ئۆکراین بنێردرێن. بەڵام لەگەڵ ئەوەدایە سیستەمی بەرگریی ئۆکراین بەهێز بکرێت.

کەنەداش وەک هاوپەیمانێکی سەرەکی ئەمریکا رایگەیاند زۆر بەتایبەت نیگەرانی کاریگەرییەکانی بۆمبی هێشوویین و کاریگەرییەکەی لەسەر منداڵان بۆ چەندین ساڵ دەمێنێتەوە.

لەبەرامبەر نیگەرانییە نێودەوڵەتییەکانەوە، وەزیری بەرگریی ئۆکراین دڵنیایی داوە لەوەی کە ئەو جۆرە چەکە تەنها لە بەرەکانی جەنگ و لە وڵاتەکەی خۆیدا بەکاردەهێنرێن نەک لە خاکی روسیادا یان لە ناوچە ئاوەدانییەکاندا.

لەوبارەیەوە نەتەوەیەکگرتووەکان رایگەیاند بەکارهێنانی بۆمبی هێشوویی کارێکی قەدەغەیە و دەبێت دەستبەجێ بوەستێنرێت.

وتەبێژی وەزارەتی بەرگری روسیا ئەم هەنگاوەی بە “کردەوەیەکی بێهیوایی” و “بەڵگەی بێتوانایی” ئۆکراین وەسفکرد کە بووەتە هۆی شکستهێنانی هێرشە پێچەوانەکەی بۆسەر سوپای وڵاتەکەیان، کە دەمێکە بانگەشەی بۆ دەکەن.

هەواڵی زیاتر

Back to top button