هەر نەوتەکە نا، رەنگە کۆمپانیاکانی نەوتیش کارەکانیان رابگرن

کۆمپانیا بیانییەکانى بوارى نەوت کە لە هەرێمى کوردستانن دەڵێن، بەرپرسانى عێراق و هەرێمى کوردستان پێیان گوتون، راگرتنى نەوت لە رێگەى تورکیاوە بەشێوەیەکى کاتییە، بۆیە ئەو نەوتەى ئێستا بەرهەمی دەهێنن عەمبارى دەکەن.

ئارگەسی بەریتانی، ئەو ماڵپەرەیە کە بۆ یەکەمجار بڕیاری داگاکەی پاریسی لەبارەى راگرتنى هەناردەى نەوتى هەرێم لەرێگەى تورکیاوە ئاشکراکرد، راپۆرتێکى نوێی لەبارەى نەوتى هەرێمەوە بڵاوکردەوە.

بەگوێرەى راپۆرتەکە لە دواى راگرتنى هەناردەى نەوتى هەرێم، کۆمپانیا بیانییەکان دەستیانکردووە بە عەمبارکردنی نەوتەکە، چونکە سێ رۆژە هەناردەکردنى بۆ بەندەری جەیهان راگیراوە.

بەگوێرەى راپۆرتەکە ساڵی رابردوو حکومەتى هەرێم رۆژانە 380 هەزار بەرمیل نەوتى لە رێگەی بەندەری جەیهانەوە هەناردەی بازاڕەکانی جیهان کردووە.

کۆمپانیای دی ئێن ئۆی نەرویجی، کە لە کێڵگەی نەوتی تاوکێ و فیشخابورى سنورى دهۆک کاردەکات، ساڵی رابردوو رۆژانە 107 هەزار بەرمیل نەوتی بەرهەمهێناوە.

ئەم کۆمپانیایەش دەستى بە عەمبارکردنى نەوتەکەى کردووە و دەڵێت، لە کێڵگەکاندا  توانای عەمبارکردنی بەرهەمی چەند رۆژێکی هەیە.

کۆمپانیای گێنێل ئێنێرجی بەریتانیش، کە ئەویش لە هەمان کێڵگەى نەوتى تاوکێ و فیشخابور لەگەڵ کۆمپانیای دی ئێن ئۆ نەوت دەردەهێنێت رایگەیاندووە، بەگوێرەى لێدوانەکانی حکومەتی عێراق و حکومەتى هەرێم، راگرتنی هەناردەکردنی نەوت کاتییە، بۆیە بەردەوام دەبێت لە بەرهەمهێنانی نەوت و لە کۆگاکاندا عەمباری دەکەن.

ئەم کۆمپانیاکە لە دوو کێڵگەى دیکەشدا کاردەکات، ئەوانیش سارتا و تەقتەقن. بەگوێرەى راپۆرتەکە لە سارتا 30% قازانجی کارکردن وەردەگرێت و لە کێڵگەی تەقتەقیش 44%ی قازانج وەردەگرێت. بەهەردوو کێڵگەکەش لە ساڵی رابردوودا، رۆژانە زیاتر لە 9 هەزار بەرمیل نەوتى بەرهەمهێناوە.

یەکێکى دیکە لە کۆمپانیاکان، گەڵف کیستۆنى بەریتانیە، ئەم کۆمپانیایە لە کێڵگەی نەوتی شێخان کاردەکات و لە هیچ شوێنێکى دیکەى جیهان کارناکات، رایگەیاندوە، لەو کاتەوەی لە راگرتنی هەناردەکردنى نەوت بۆ تورکیا ئاگادارکراونەتەوە، بەرهەمهێنانیان “کەمتر کردووەتەوە.” ئەویش لەوبڕوایەدایە راگرتنەکە بۆ ماوەیەکی کاتی دەبێت. ئاماژەی بەوەشکردووە، سەربارى کەمکردنەوەى بەرهەمهێنان هێشتا کۆگاکانی توانای چەند رۆژێک عەمبارکردنی هەیە.

لە کێڵگەی نەوتی شێخان، ساڵی رابردوو، رۆژانە 44 هەزار و 200 بەرمیل نەوتی بەرهەمهێنراوە. هەفتەی رابردووش کۆمپانیاکە ئاستی بەرهەمهێنانی بۆ 55 هەزار بەرمیل بەرزکردووەتەوە.

ماڵپەڕی ئارگەسی بەریتانی دەڵێت، تاوەکو ئێستا رون نییە راگرتنى نەوتى هەرێم بۆ ماوەیەکى کاتى دەبێت یان درێژخایەن، بەڵام زۆربوونی چالاکییە دیبلۆماتییەکانی نێوان هەولێر و بەغداد هیوایەکن بۆ چارەسەری دۆخەکە، چ کاتی بێت یان هەمیشەیی.

بەگوێرەى گوتەى کۆمپانیاکان کە دەڵێن، تەنها بۆ ماوەى چەند رۆژێک دەتوانن نەوت عەمبار بکەن، لە حاڵەتێکدا ئەگەر بەمنزیکانە هەولێر و بەغداد چارەسەرى کێشەکە نەکەن وەک چۆن هەناردەى نەوت راگیراوە کارى کۆمپانیاکانیش رادەگیرێت.

هەواڵی زیاتر

Back to top button