زەوی روبەڕوی گەرمایەکی تاقەتپروکێن دەبێتەوە

هەسارەی زەوی لە ساڵی 2023دا گەرمییەکی ترسناک بەخۆیەوە دەبینێت بە شێوەیەک بەرزترین پلەی گەرمی لە مێژووی تۆمارکردنی پلەکانی گەرما تۆماردەکات، هەموو ئەوەش بەهۆی دیاردەی کەشوهەوای ئێل نینۆ کە لەئێستادا دەستیپێکردووە، بەڵام هێشتا خراپتر ماوە و بەڕێوەیە.

لەمساڵدا هەسارەی زەوی بەر دوو شەپۆلی گەرمی دەکەوێت، یەکێکیان بەرزبوونەوەی حەتمی پلەکانی گەرمی بەهۆی دەردانی گازی گەرمخانەکانەوە، ئەوی تریان دیاردەی ئێل نینۆیە کە لە قۆناغەکانی سەرەتایدایە و گەورەترین کاریگەری هەیە لەسەر کەشوهەوا و بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما، ئەنجامەکەش کەشوهەوایەکی لەڕادەبەدەر گەرمە و دەبێتەهۆی گیانلەدەستدان و وشکبوونی سەرچاوەکانی ئاو و ئاسایشی خۆراک، ئەوەش بەپێی ڕاپۆرتێکی گاردیانی بەریتانی.

بەپێی داتاکانی ئاژانسی بۆشاییگەری ئاسمانی ئەمریکی (ناسا)، زەوی لە ساڵانی 2016 و 2020 بەرزترین پلەی گەرمای تۆمارکردووە، کۆتا دیاردەی ئێل نینۆش لە ساڵانی 2014 و 2016 ڕوویانداوە، بەڵام ئەوەی 2016 بەرزترینیان بوو.

ماڵپەڕی Axios  ئەمریکی لە راپۆرتێکدا کە لە مانگی کانونی دووەمی ئەمساڵدا بڵاویکردەوە پێشبینی دەکات لەمساڵدا پلەکانی گەرما بەشێوەیەکی بەرچاو بەرزببنەوە و دیاردەکەش تاوەکو ساڵی داهاتوو بەردەوام دەبێت تا دەگاتە ئاستێکی بێوێنە و شکاندنی ئاستی پێوانەیی.

کەواتە ڕۆڵی دیاردەی ئێل نینۆ و لا نینا چین و دەبنە هۆکاری چی؟

گۆڕانکاری لە هێزی با و پلەی گەرمی لە زەریای هێمندا دوو دیاردەی کەشوهەوای جیاواز بە ناوەکانی ئێل نینۆ و لا نینا هەر 3 بۆ 7 ساڵ جارێک دروست دەبن، دیاردەی ئێل نینۆ نزیکەی ساڵێک دەخایەنێت، بەڵام دیاردەی لا نینا لەوە زیاتر دەخایەنێت و ساڵی 2023 کۆتایی بە زنجیرەیەکی نائاسایی دیاردەی لا نینا هێنا کە بۆ ماوەی سێ ساڵ لەسەریەک بەردەوام بوو.

بە شێوەیەکی ئاسایی، بای ڕۆژهەڵات ئاوە گەرمەکانی سەر ڕووی زەریای هێمن بەرەو ئوسترالیا و ئەندەنوسیا تاوەکو ئەمریکای باشووریش دەبات، لە ئەنجامدا ئاوی گەرم لە ڕۆژئاوای زەریای هێمن کۆدەبێتەوە و ئاوی سارد لە قووڵاییەکانی ڕۆژهەڵاتی زەریای هێمنەوە بەرەو سەرەوە دێن، ئەمە دۆخە ئاساییەکەیە.

بەڵام لە سەرەتای دەستپێکردنی ئیل نینۆدا، بای ڕۆژهەڵات لاواز دەبێت و ئاوی گەرم دووبارە بە تەواوی زەریای هێمن دەسوڕێتەوە و بڵاودەبێتەوە، لەبەرامبەردا و لە سەرەتای دیاردەی لا نینادا، بای ڕۆژهەڵات لە ئاسایی بەهێزترە و بەم شێوەیە ئاوی ڕۆژهەڵاتی زەریای هێمن ساردتر دەبێتەوە.

کەواتە بۆچی دیاردەی ئیل نینۆ دەبێتەهۆی بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما، زەریای هێمن زیاتر لە 90%ی ئەو گەرمایە هەڵدەمژێت کە بەهۆی سووتانی سووتەمەنی بەردینی و گازە گەرمکەرەوەکانەوە پەنگیانخواردووە. زەریاکە زۆر کارامەیە لە هەڵمژینی گەرمی لە کاتی لا نینا، کاتێک پلەی گەرمی ڕۆژهەڵاتی زەریای هێمن لە هەموو کاتێکی تر ساردترە.

بەڵام لە کاتی ئێل نینۆدا بەشێک لەم گەرمایە دەچێتە بەرگەهەواوە چونکە ئاوە گەرمەکە ڕاستەوخۆ بڵاودەبێتەوە بۆ ناو زەریای هێمن و ئاوە ساردەکە دەخنکێنێت. دیاردەی ئێل نینۆ لەوانەیە نزیکەی 0.2 پلەی سەدی بۆ پلەی گەرمی ساڵانەی ڕووی زەوی زیاد بکات.

وشکەساڵی و گەردەلول و ئاگری دارستانەکان، بۆچی دەبنە هۆی شەپۆلێکی گەرمی توند؟

خولی ئێل نینۆ و لا نینا شوێنی ئاوە گەرمەکانی زەریاکان و هەوای شێداری باراناوی دەگۆڕێت، ئەمەش بەو مانایەیە کە ئەم خولە شەپۆلی گەرما و وشکەساڵی و ئاگرکەوتنەوە لە دارستانەکان و لافاو بۆ ناوچە جیاوازەکان دەهێنێت.

ئەو شوێنانەی کە لە زەریای هێمن نزیکترن زۆرترین زیانیان بەردەکەوێت، لە وڵاتی پیرۆ و ئیکوادۆر، ئێل نینۆ دەبێتە هۆی بارینی بەخوڕ و لافاو، ناوی تەواوی ئەم دیاردەی ئێل نینۆ لەم ناوچەیەوە سەرچاوەی گرتووە، چونکە گەورەترین کاریگەری ئەم دیاردەیە لە کاتی ئاهەنگی کریسمسدا ڕوودەدات.

لە دارستانەکانی ئەمازۆنیش کەشوهەوا لە کاتی ئێل نینۆدا گەرمتر و وشکتر دەبێتەوە، ئەمەش بە واتای ڕووەکی کەمتر و زیادبوونی مەترسی ئاگرکەوتنەوە لە دارستانەکاندا کە لە ئێستاوە لە خاڵی وەرچەرخانی کەشوهەوا نزیک دەبنەوە، هەروەها لە کۆڵۆمبیا و ئەمریکای ناوەڕاست گەرم و وشک دەبێتەوە.

لە دیوەکەی تری زەریای هێمن، ئوسترالیا بەهۆی دەرکەوتنی ئێل نینۆوە زیانێکی زۆری بەردەکەوێت، ئەمەش مەترسی شەپۆلی گەرما و وشکەساڵی و ئاگرکەوتنەوەی کێوییەکان لە ڕۆژهەڵاتی وڵاتەکە زیاد دەکات. هەروەها مەترسییەکانی وشکەساڵی لە ئەندەنوسیا لە زیادبووندایە و دوا ڕووداوی گەورەی ئێل نینۆ لە ساڵی 2014 تا 2016 بووە هۆی ئاگرکەوتنەوەیەکی بەرفراوانی دارستانەکان.

باشە ئایا ئێل نینۆ کاریگەری لەسەر ئەو شوێنانە هەیە کە دوورن لە زەریای هێمن؟ بەڵێ دیاردەکە کاریگەری لەسەر تەواوی سیستەمی کەشوهەوای جیهانی هەیە، ڕەنگە گەورەترین کاریگەری کەمبوونەوەی بارانبارین بێت لە کاتی وەرزی گەرمادا لە هیندستان کە 70%ی ئاوی وڵاتەکە دابین دەکات و بۆ ئاسایشی خۆراک زۆر گرنگە. بەڵام ئێل نینۆ دەتوانێت ببێتە هۆی زیادبوونی بارانبارین لە ئەفریقا کە وشکەساڵی لێکەوتووەتەوە.

هەروەها ئێل نینۆ کاریگەری لەسەر زریان و گەردەلولەکان هەیە، بەزۆری لە وڵاتانی کاریبی، ئەمریکا، هیندستان، بەنگلادیش، ژاپۆن و کۆریا. کاریگەری دیاردەی ئێل نینۆ لەسەر ئەوروپا کەمترە، لە وەرزی زستاندا ڕەنگە ببێتە هۆی بارانبارینی زیاتر لە باشووری کیشوەرەکە و بارودۆخی فێنکتر و وشکتر لە باکوور.

هەواڵی زیاتر

Back to top button