دوو ملیار و نیوەکە چۆن بوو بە هەڵم؟

 

چۆن ئەو پارە زۆرە دزرا؟ کێ دەستی بەسەردا گرتووە؟ بۆچی دامەزراوەکانی چاودێریی لە عێراق ناتوانن رێگە لە نەزیفی گەندەڵی بگرن ؟

بڵاوبوونەوەی گەندەڵیی لە عێراق بووەتە حەقیقەتێکی رووت و هیچ گومانێک هەڵناگرێت، داتاکانی رێکخراوی شەفافیەتی نێودەوڵەتیی دەیسەلمێنن “ئاستی گەندەڵییەکە زۆر بەرزە” بە جۆرێک لە کۆی 180 وڵات لە جیهاندا، عێراق پلەی 157ی گرتووە.

دۆخی وڵات گەیشتووەتە رادەیەک، کە نێردەی نەتەوەیەکگرتووەکان لە بەردەم ئەنجومەنی ئاسایشدا راشکاوانە قسەبکات و بڵێت، هیچ سەرکردەیەک ناتوانێت خۆی لێ بەری بکات.

چەند رۆژێکی کەم پاش دەستپێکردنەوەی پرۆسەی سیاسیی لە عێراق، دیارنەمانی دوو ملیار و 500 ملیۆن دۆلار لە بانکی رافیدەین وەکو بۆمبێکی گەورە تەقییەوە.

رۆژی دواتر دادگای دووی کەرخ، بڕیاریدا هەریەک لە بەڕێوەبەری دەستەی گشتیی باجی عێراق و چەند سەرۆک بەشێکی دیکە بچنە بەردەم دادگا، ئەمە جگە لە دەرکردنی فەرمانی دەستگیرکردن بۆ خاوەنی ئەو کۆمپانیایانەی پارەکەیان بردووە.

ئەمە یەکەم دۆسیەی گەندەڵیی نییە لە عێراقدا، بەڵام یەکەم دۆسیەیە کە بەو شێوە روونە بۆ رایگشتی ئاشکرادەکرێت، ئەوانەی رابردوو هەر بە نهێنی لەو دیو ژوورە تاریکەکانەوە ماونەتەوە.

خاڵی سەرنجڕاکێش ئەوەیە، کە ئەو کۆمپانیایانەی پارەکانیان بردووە، هیچ گرێبەستێکیان لەگەڵ دەوڵەتدا نەبووە، بەگوێرەی زانیارییەکان کۆمپانیای بچووک و نەناسراو بوون و سەرمایەکانیان لە 850 دۆلار زیاتر نەبووە، جگەلەوەی بەبێ هیچ نوسراوێک پارەکەیان بۆ سەرفکراوە.

راپۆرتێکی دەستەی باجی عێراق، ئاشکرایکردووە، راکێشانی دوو ملیار و 500 ملیۆن دۆلارەکە لە بانکی رافیدەین لە مانگی نۆی 2021 تاوەکو مانگی 8ی 2022 بووە. ئەمە لە رێگەی 247 چەکی بانکییەوە ئەنجامدراوە، پارەکە راستەوخۆ دراوەتە پێنج کۆمپانیای عێراقی.

لێرەدا ئەو درزە گەورەیەی نێو سیستەمی کارگێڕیی عێراق دەردەکەوێت، کە هەمووجار رێخۆشکەرە بۆ رەخساندنی دەرفەتی گەندەڵی. ئەو سیستەمەی ئێستا عێراق کاری پێدەکات، لە ساڵانی شەستەکانی سەدەی رابردوودا بنیاتنراوە، ئەوکاتەی ژمارەی دانیشتووانی عێراق نزیکەی 15 ملیۆن کەس بووە. بەڵام بە ئێستاشەوە کە ژمارەی دانیشتووان 40 ملیۆنی تێپەڕاندووە، بەڵام بەهەمان سیستەم کاردەکرێت.

توێژەرێکی عێراقی لە دامەزراوەی “سەدەی ئەمریکی” بنەڕەتیترین پرسیاری لە بارەی دۆسیەی دزینی ئەو پارە زەبەلاحەوە وروژاندووە، ئەو دەپرسێت: خاوەنی راستەقینەی ئەو کۆمپانیایانە کێن؟ کێ چەکی بانکی پێداون؟ چۆن توانیویانە بە هێواشی و لەسەرخۆ لە ماوەی ساڵێکدا ئەو دزییە بکەن؟ ئەو سیاسەتمەدارانە کامانەن لە دۆسیەکەوە تێوەگلاون؟

 

هەواڵی زیاتر

Back to top button