سانت لیگۆ چییە؟

گەڕانەوە بۆ سیستەمی هەڵبژاردنی سانت لیگۆ جارێکی دیکە جموجوڵی خستووەتەوە نێو کایەی سیاسیی عێراق، لەناو هۆڵی پەرلەماندا خەریکی هەموارکردنەوەی یاسای هەڵبژاردن و چەسپاندنی سیستەمەکەن، لە دەرەوەش دەنگی ناڕەزایی بەرزبووەتەوە.سیستەمی سانت لیگۆ بۆ عێراق نامۆ نییە، بۆیەکەمجار لە ساڵی 2014 لە هەڵبژاردنەکاندا پەیڕەوکرا، بەڵام ئێستا کە هەوڵی گەڕاندنەوەی دەدرێت “یار و نەیار”ی بۆ خۆی دروستکردووە.

سانت لیگۆ دەست و دیاریی بیرکارێکی فەرەنسییە

تەمەنی سیستەمی سانت لیگۆ زیاتر لە 100 ساڵی تێپەڕاندووە، بۆ یەكەمجار لە ساڵی 1912 لەلایەن ئەندرێ سانت لیگۆی بیرکاری فەرەنسییەوە داهێنراوە.

ئامانج لە سیستمەكە دابەشكردنی کورسییەکانی هەڵبژاردنە بە گوێرەی چەند بازنەیەك، بەمەش هاوسەنگییەك لە نێوان ژمارەی دەنگدەرانی پارێزگایەك و ژمارەی كورسییەكان دێتە كایەوە، بیرکارە فەرەنسییەکە پێیوابووە ئەم سیستەمە دەبێتەهۆی فەراهەمكردنی دادپەروەری لە بەدەستهێنانی كورسیدا و چیتر پارتە گەورەکان لەسەر حسابی پارتە بچووکەکان کورسیی زیاتر نابەنەوە.

سانت لیگۆ بۆیەکەمجار لە پەنجاکانی سەدەی رابردوودا لە سوید و نەرویج پەیڕەوکرا، لە ساڵی 2014شدا گەیشتە عێراق.

ئەگەرچی بنەمای سەرەکیی داهێنانی سیستەمی سانت لیگۆ لە خزمەتی پارتە بچوکەکاندایە، بەڵام ئەوەی جێگەی سەرنجە جگە لە رەوتی سەدر وەکو لایەنێکی گەورەی عێراق، ئەوا بەشێک لەو لایەنانەی خاوەنی نفوزی جەماوەریی نین لە ئێستادا تێکەڵ بە ناڕەزایەتییەکان بوون و دژی ئەو سیستەمە وەستاونەتەوە.

بە گوێرەی بەدواداچوونی زووم، ئەم دژیەکییە دەگەڕێتەوە بۆ ئەو رێژەیەی لە سیستەمەکەدا پشتی پێدەبەسترێت، لە ساڵی 2014دا ئەوکاتەی سانت لیگۆ پەیڕەوکرا پشت بە رێژەی 1.6 بەسترابوو، بەڵام ئێستا وەکو ئەوەی پەرلەمان بەنیازە ئەنجامی بدات دەیەوێت لە بری 1.6 رێژەی 1.9 پەیڕەو بکرێت.

لە سیستەمی سانت لیگۆدا تاوەکو ئەو رێژەیە زیاتر بێت ئەوا بەهای کورسییش بەرزتردەبێتەوە، ئەمەش دەچێتە بەرژەوەندیی ئەو حزب و لایەنانەوە کە دەنگدەریان زۆرە.

لە ساڵی 2014دا رێژەی دەنگدەران دابەشی 1.6 دەکرا، بەڵام بڕیارە ئەمجارە دابەشی 1.9 بکرێت، ئەمەش وادەکات نرخی کورسی زیادبکات و پارتە بچووکەکان نەتوانن کورسی بەدەست بهێنن، بۆیە ئێستا گفتوگۆیەک دروستبووە کە رێژەکە داببەزێنرێت بۆ 1.7 و لەو نێوەندەدا تەوافوق بکرێت و هەمواری یاساکە تێپەڕێنرێت.

لە دانیشتنی هەفتەی رابردووی پەرلەمانی عێراقدا، کە بڕیاربوو دەنگ لەسەر گەڕاندنەوەی سانت لیکۆ بدرێت، پەرلەمانتارانی سەربەخۆ و چەند فراکسیۆنێک لە دژی وەستانەوە و بەشێکیان کۆبوونەوەکەیان جێهێشت.

ئێستاش کە ناڕەزاییەکان هاتونەتەوە سەر شەقام و بەردەم پەرلەمانیان کردووەتە گۆڕەپانی خۆپیشاندان، لەکاتێکدایە کە پەرلەمان بەنیازە جارێکی دیکە گفتوگۆ لەسەر گەڕاندنەوەی سانت لیگۆ بکاتەوە و دەنگی لەسەر بدات.

بە گوێرەی هەموارەکە، هەڵبژاردنی داهاتووی عیراق نیمچە كراوە دەبێت، هەروەها هەر پارێزگایەك دەكرێت بە یەك بازنەی هەڵبژاردن و دابەشكردنی كورسییەكان بەپێی سانت لیگۆ دەبێت.

مەیسەم حەنزەل، پسپۆڕی دەستور و یاسایی، لە بارەی ئەوەی كێ سودمەند دەبێت، دەڵێت “سانت لیگۆ رێگە بە فراكسیۆنە گەورەكان دەدات، جارێكی دیكە هەژمونی خۆیان بەسەر پەرلەماندا بسەپێننەوە”.

بەبڕوای حەنزەل، كێشەی گەورە بۆ هێزە بچووكەكان دروست دەبێت، بەوەی ناتوانن بەربەستی هەڵبژاردن تێپەڕێنن و دەنگەکانیان دەچێتەوە گیرفانی ئەو لایەنانەی دەنگی زۆریان بەدەستهێناوە، ئەمەش واتای ئەوەیە كە دەنگەكانیان پشت گوێ دەخرێت، لەوەش زیاتر دەنگەكانیان بەسەر فراكسیۆنە گەورەكاندا دابەش دەبێت.

ئەگەرچی تاوەكو ئێستا سەدرییەكان بە فەرمی هیچ لێدوانێكیان دژ بە هەمواری یاساكە نەداوە، بەڵام حاكم زاملی سەركردەی رەوتی سەدر و جێگری سەرۆكی پێشووی پەرلەمانی عێراق، گرتەیەكی ڤیدیۆیی نوێنەری مەرجەعی باڵای شیعەكانی بڵاوكردەوە، كە دەڵێت “نەخێر بۆ لیستی داخراو، نەخێر بۆ یەك بازنەیی”، ئەمەش وەکو ئاماژەیەك بۆ یاسا تازەکە.

لەلایەكی دیكەوە، سەدان لایەنگری سەدرییەكان لە ناوچەی سەدر و شاری نەجەف خۆپیشاندانیان کرد و دژی سیستمی سانت لیگۆ وەستانەوە.

سەربەخۆكانیش هاوشێوەی سەدرییەكان دژی یاساکەن، هادی سەلامی پەرلەمانتاری سەربەخۆی عێراق دەڵێت “ئەو پرۆژە یاسایەی خراوەتە بەردەم پەرلەمان، بۆ ئەوەیە فراكسیۆنە گەورەكان بە تەواوی كۆنترۆڵی لایەنی یاسادانان و جێبەجێكردن بكەن و سەربەخۆكان دوور بخەنەوە”.

ئەمە لەکاتێکدایە چوارچێوەی هەماهەنگی و كورد و سوننە لەگەڵ پرۆژە یاساكەدان، مەهدی تەقی، پەرلەمانتاری چوارچێوەی هەماهەنگی دەڵێت “پەرلەمان لە توانایدایە پرۆژە یاساكە گفتوگۆ بكات و رێژەی یاسایی تەواو بكات، هەرچەندە سەربەخۆ و هەندێك لایەن بایكۆتی بكەن”.

دەشڵێت “لەناو چوارچێوەدا رێكەوتن لەسەر پرۆژە یاساكە كراوە و لە چەند رۆژی داهاتوودا بەیاسایی دەكرێت”.

 

 

هەواڵی زیاتر

Back to top button