ئەردۆغان لە باکور بۆ نەوت دەگەڕێت

حکومەتى تورکیا دەگەڕێتەوە سەر نەخشەی نەوتی سوڵتان عەبدولحەمیدی دووەم و لە باکورى کوردستان بەدواى نەوتدا دەگەڕێت

بەگوێرەی ناوەندی لێکۆڵینەوەی هەڵاوسانی تورکیا، رێژەی هەڵاوسان لە وڵاتەکە 170٪ تێپەڕاندووە.

حکومەتی تورکیا چەندین رێگەی بۆ کەمکردنەوەى رێژەی هەڵاوسان تاقیکردووەتەوە، بەڵام نەگەیشتووە بە ئەنجامێکى ئەوتۆ.

رێژەی هەڵاوسان لە تورکیا 170٪ی تێپەڕاندووە

“ئەردۆغان دەستی بۆ پرسی نەوت بردووە” ئەم هەواڵە ئەمڕۆ میدیاکانى تورکیای تەنیوە.

هەواڵەکە سەرەتا یاوز دۆنات، نوسەری رۆژنامەی سەباحى تورکی بڵاوی کردەوە.

ئەو دەڵێت، کۆمپانیای نەوتی تورکیا چەندین ئەندازیاری بۆ چیای گابار و چیای جودی پارێزگای شڕنەخی باکوری کوردستان ناردووە.

ئامانجی حکومەت لەو هەنگاوە، ئامادەکاریە بۆ لێدانی بیرە نەوت، لە ناوچەکە.

بەگوێرەی هەواڵەکە، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا، لە داهاتوودا بە فەرمی پرۆسەی لێدانی بیرە نەوتەکان رادەگەیەنێت.

ئەم هەنگاوەی حکومەتی تورکیا نوێ نییە، سەدەیەک پێش ئێستا تورکیا درکی بە بوونى نەوت لەو ناوچەیە کردبوو.

ئەوکات سوڵتان عەبدولحەمیدی دووەم، دوا پاشای عوسمانیەکان، دەسەڵاتدارى تورکیا بوو.

سوڵتان عەبدولحەمیدی دووەم، دوا پاشای عوسمانیەکان و  دەسەڵاتدارى تورکیا بوو،درکی بە بوونی نەوت لەو ناوچەیە کردبوو

نەوتی دەوروبەری چیای گابار و جودی لە نەخشەی نەوتی عەبدولحەمیدی دووەمدا بووە و پلانى بیرلێدانى هەبووە.

لەو سەردەمەدا کەسێکی ئەرمەنی خەڵکی ئەستەنبوڵ بەناوی سەرکیس گۆڵبەنکیان نەخشەی هەرێمە نەوتیەکانی بۆ عەبدولحەمیدی دووەم ئامادە کردووە، کە ئەندازیاری جیۆلۆجى بووە و لە بەریتانیا خوێندبووی.

لە نەخشەکەدا هەموو هەرێمە نەوتیەکانی باکوری کوردستان تاوەکو باشوری کوردستان بە کەرکوک و موسڵەوە دیاری کرابوون و وەک پرۆژەیەکی ئیمپراتۆری عوسمانی ئامادەکراون.

بەڵام بەهۆی شکستى عوسمانیەکان لە جەنگی جیهانی یەکەمدا، بەرامبەر بەریتانیا و فەرەنسا، سەرکیس گۆڵبەنکیان چووە پاڵ بەریتانیەکان و لە موسڵ و کەرکوک کاری دۆزینەوەى نەوت و دواتر دەرهێنانی بۆ بەریتانیەکان کردووە.

ئێستاش ئەردۆغان، کە خەونی زیندووکردنەوەی عوسمانیی نوێی هەیە، دەستی بۆ نەخشە نەوتیەکەی عەبدولحەمیدی دووەم بردووە و دەیەوێت لەم رێگەیەوە ئابوریەکەی ببوژێنێتەوە.

ئەم هەنگاوە لە کاتێکدایە، تورکیا بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ لە کەشی بانگەشەى هەڵبژاردندایە، بۆیە، هەر هەنگاوێکى وەک بەشێک لە بانگەشە لێکدانەوەى بۆ دەکرێت.

تورکیا لە شەش شار کێڵگەی نەوتی هەیە، پێنجیان شاری باکوری کوردستانن، کە ئەمانەن؛ ئێلح، سەمسور، ئامەد، مێردین و روحا و کێڵگەیەکیش لە شاری کرکلارئەلی تورکیایە. بەرهەمی نەوت لەو کێڵگانە، کەمترە لە 35  هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا.

هەواڵی زیاتر

Back to top button