دوو هۆکار دڵى ئەردۆغانى بەرامبەر سوید نەرم کرد

18ـى ئایارى ساڵى رابردوو واتە ساڵێک و دوو مانگ لەمەوبەر، سوید بە فەرمى داواکارى بۆ ئەندامبوون لە هاوپەیمانێتى ناتۆ پێشکەشکرد، بەڵام بە درێژایی ئەم ماوەیە تورکیا تەگەرەى لەبەردەم هەوڵەکەى سوید دروستدەکرد، تاوەکو دوێنێ سێشەممە بەشێوەیەکى چاوەڕواننەکراو ئەردۆغان رەزامەندى نیشاندا کە سوید ببێتە ئەندامى هاوپەیمانێتییەکە، ماڵپەڕی “میدڵ ئیست ئای” دوو هۆکارى خستووەتەڕوو کە وایکردووە ئەردۆغان گڵۆپى سەوز بۆ سوید دابگیرسێنێت.

ماڵپەرەکە لە زارى دوو سەرچاوەی ئاگادار لە گفتوگۆ و دانوستانەکانی تورکیا لەگەڵ ئەمریکا و وڵاتانی رۆژئاوا ئاشکرایکردووە، هۆکارى یەکەم کە وایکرد قەناعەت بە ئەردۆغان بهێنێت، دۆسیەى فڕۆکەى ئێف 16 بوو.

بەگوتەى سەرچاوەکان پاشئەوەى ئەردۆغان لە هەڵبژاردنەکەی ئایارى رابردوودا سەرکەوتنی بەدەستهێناو بۆ پێنج ساڵی دیکە لە دەسەڵاتدا دەمێنێتەوە، ئیدارەی بایدن بڕیاریداوە کار لەگەڵ حکومەتەکەی ئەردۆغان بکات، یەکێک لەو کارانەش تەواوکردنی گرێبەستی فرۆشتنى فڕۆکەی ئێف 16یە بە تورکیا، ئەم زانیارییە لەلایەن ئاژانسی سی ئێن ئێنی ئەمریکییشەوە پشتڕاستکراوەتەوە.

سەرەتاى لێکنزیکبوونەوەى ئەنقەرە و واشنتن لەبارەى گرێبەستى فڕۆکەى ئێف 16 دەگەڕێتەوە بۆ پیرۆزباییەکەى بایدن لە ئەردۆغان بەبۆنەى هەڵبژاردنەوەى، دوای ئەو پەیوەندییە تەلەفۆنییە بایدن بە ئاشکرا بە میدیاکانی گوت کە دەتوانێت داواکاری تورکیا بۆ گرێبەستی فرۆکەی جەنگی ئێف 16 بە بەهای 20 ملیار دۆلار جێبەجێ بکات ئەگەر ئەنقەرە رەزامەندی لەسەر پێشنیازی بەئەندامبوونی سوید بۆ ناتۆ بدات.

دوای ئەوەش، چەندین پەیوەندی تەلەفۆنی و کۆبوونەوەی نێوان بەرپرسانی باڵای تورکیا و هاوتا ئەمریکییەکانیان، لەوانە وەزیرانی دەرەوە، راوێژکارە سەرەکییەکان و سەرۆکی دەزگا هەواڵگرییەکان، ئەنجام دراو و لێکتێگەیشتنیان لەسەر داواکاری تایبەت بە فڕۆکەی ئێف 16 دروستکردووە.

سەرچاوەیەکی دیکە بە “میدڵ ئیس ئای” گوتووە کە گرێبەستەکە 40 فڕۆکەی تازە و پێداویستى چاککردنەوەی 79 فڕۆکەی ئێف 16ی لەخۆگرتووە کە تورکیا پێشتر کڕیویەتى، ئەمە جگە لە 900 مووشەکی ئاسمان بە ئاسمان و 800 بۆمبیش.

هەر ئەمڕۆ جەیک سولیڤان، راوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکا بە رۆژنامەنووسانی راگەیاند، واشنتۆن بە ڕاوێژ لەگەڵ کۆنگرێس، گواستنەوەی فڕۆکەی جەنگی ئێف 16 بۆ تورکیا دەستپێدەکات.

بە گوتەی سەرچاوە ئاگادارەکان بۆ میدڵ ئیس ئای هۆکارى دووەم کە وایکرد تورکیا بە پێشنیازى ئەندامبوونى سوید لە ناتۆ رازى بێت، بریتییە لەوەی ئەردۆغان بەڵێنی وەرگرتووە کە کەنەدا قەدەغەی سەر ناردنی چەکی کەنەدی بۆ تورکیا هەڵدەگرێت.

ساڵی 2019 و پاش ئۆپراسیۆنەکانی تورکیا بۆسەر رۆژئاڤای کوردستان، کەنەدا گەمارۆی خستەسەر ناردنی چەک بۆ تورکیا، بەڵام ساڵێک دواتر و لە حوزەیرانی 2020دا، پاشەکشێی لە بڕیارەکەی کرد و رەزامەندی دەربڕی لەسەر فرۆشتنی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بە تورکیا.

بەڵام لەهەمان ساڵدا پاشئەوەى گرتەیەکی ڤیدیۆیی بڵاوکرایەوە کە تێیدا فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی دروستکراوی کەنەدی لەلایەن ئازربایجانەوە دژی ئەرمینیا بەکارهێنراوە، کەنەدا قەدەغەی هەناردەکردنی چەکی بۆ تورکیا بە تەواوی راگەیاند، پێشتر تورکیا بەشێوەیەکی بەرچاو پشتی بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی کەنەدا دەبەست.

ئەو سەرچاوە ئاگادارانەى کە قسەیان بۆ میدڵ ئیس ئای کردووە دەڵێن کەنەدا جارێکى دیکە بڕیارى داوە قەدەغەى فرۆشتنى چەک بە تورکیا هەڵبگرێت، ئەمەش وایکردووە ئەردۆغان رەزامەندى بدات کە سوید ببێتە ئەندامى ناتۆ.

سەربارى ئەو هۆکارانەى کە باسکران، یانس ستۆڵتنبێرگى سکرتێرى گشتى ناتۆش باسى لە چەند هۆکارێکى دیکە کرد کە پاڵنەربوون تاوەکو تورکیا بە داواکارییەکەى سوید رازی بێت.

سکرتێرى گشتى ناتۆ گوتى سوید دەستوورەکەى هەموار کردووەتەوە و یاساکانى گۆڕیوە، گرنگترینیشیان فراوانکردنى ئۆپراسیۆنە دژەتیرۆرییەکانە لەدژى پەکەکە، هەروەها سوید لەماوەى رابردوودا بەردەوامبووە لە ناردنى چەک بۆ تورکیا.

 

هەواڵی زیاتر

Back to top button