مۆندیال و بازاری گرەوەکان

شکستەکەی ئەرجەنتین چی بەسەر بازاڕی گرەوکردندا هێناوە؟

مۆندیالی تۆپی پێ تەنها دیاردەیەکی وەرزشی نییە، جگە لە دیوە سیاسییەکەی، هاوکات دیوێکی دیکەشی هەیە، کە بریتییە لە بازرگانییەکی گەورە و مامەڵەی ملیاران دۆلاری تێدادەکرێت.

بەشێکی ئەم بازرگانییەی لە تۆپی پێوە ئاڵاوە، پەیوەندیی بە کۆمپانیاکانی گرەوکردنەوە هەیە، لە هەموو کونجێکی دنیادا بە هەرێمی کوردستانیشەوە کۆمپانیاکانی گرەوکردن هەن و بازاڕی گەرمیشیان هەیە.

بازاڕی گرەو لەکاتی بەڕێوەچوونی پاڵەوانێتییە گەورەکانی وەکو مۆندیالدا دەگاتە لوتکە، بەبەهای ملیاران دۆلار گرەو دەکرێت، گرەوەکە تەنها لەسەر ئەنجامی یارییەکان نییە، بەڵکو ئێستا وردبوەتەوە بۆ ژمارەی گۆڵ، کارتی زەرد و سوور، تەنانەت کۆرناڵ و ئاوت و حاڵەتەکانی ئۆفسایدیش.

لە زۆرینەی وڵاتانی جیهاندا کۆمپانیاکانی گرەوکردن مۆڵەتی یاساییان هەیە، حکومەت رێگەیان پێدەدات کاربکەن و باجیشی لەسەر داناون.

لەبارەی مۆندیالی قەتەرەوە هێشتا ژمارەیەکی ورد لەسەر ئاستی جیهان نییە، بەڵام لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا کە بە گەورەترین بازاڕی گرەوکردن دادەنرێت، نزیکەی 20 ملیۆن کەس گرەویان لەسەر یارییەکانی مۆندیال کردووە، بایی نزیکەی دوو ملیار دۆلار مامەڵەی پێوەکراوە.

جگە لە ئەنجامی یاریەکان، گرەو لەسەر ژمارەی گۆڵ، کارتی زەرد و سوور، تەنانەت کۆرناڵ و ئاوت و حاڵەتەکانی ئۆفساید دەکرێت

سەبارەت بە دۆڕاندنە چاوەڕواننەکراوەکەی ئەرجەنتین بەرامبەر سعودیە، چی بەسەر ئەم بازارە گەورەیەی جیهان هێناوە؟

بەگوێرەی ئاستی هەردوو هەڵبژاردەکە، پێشبینی دەکرا مێسی و هاوڕێکانی زۆر بە ئاسانی یارییەکە ببەنەوە، تەنانەت کاتێک لە تایمی یەکەمدا بە گۆڵێک پێشکەوتن، ئیدی هەوادارانی وەرزشی چاوەڕوانی ئەوە نەبوون، سعودییەکان ریمۆنتادا بکەن و شکست بۆ بردنەوە بگۆڕن، هەر لەبەرئەمە کۆمپانیاکانی گرەو لەسەر ئاستی جیهان چانسی بردنەوەی سعودیەیان بە 25 هێندە دانابوو، واتە ئەگەر کەسێک بە 100 دۆلار گرەوی لەسەر بردنەوەی سعودیە بکردایە پارەکەی دەبووە دوو هەزار و 500 دۆلار. کاتێکیش گۆڵەکەی لێکرا گەیاندیانە 150 هێندە. ئەوکاتەشی سعودیە دوو گۆڵی کرد، دۆخەکە پێچەوانە بوەوە، ئەوانەی پێش یارییەکە و لە کاتی یارییەکەشدا گرەویان لەسەر ئەوە کردبوو ئەرجەنتین سێ خاڵی یارییەکە بەدەست دەهێنێت، پارەیەکی زۆریان دۆڕاند.

گرەو لەسەر ئەنجامی یارییەکەی سعودیە و ئەرجەنتین گەیشتۆتە 150 هێندە

رۆژنامەیەکی بەریتانی نوسیویەتی، سەرکەوتنەکەی سعودیە بومەلەرزەیەک بوو لە بازاڕەکانی گرەوکردندا.

بەگوێرەی راپۆرتێکی رۆژنامەکە، هاوڵاتییەکی ئوسترالی بڕی 160 هەزار دۆلاری دۆڕاندووە، کاتێک گرەوی لەسەر بردنەوەی ئەرجەنتین کردووە و ویستوویەتی لەو رێگەیەوە تەنها 20 هەزار دۆلار قازانج بکات.

کەسێکی دیکەش بە 100 هەزار دۆلار گرەوی لەسەر ئەوە کردبوو مێسی و هاوڕێکانی لەیارییەکەدا سێ گۆڵ دەکەن، بەڵام هەموو پارەکەی دۆڕاند.

ئەگەرچی هەندێک سەرچاوە باس لەوەدەکەن، بەکۆی گشتی گرەوکاران 160 ملیار دۆلاریان دۆڕاندووە، بەڵام سکای نیوز بەدواداچوونی بۆ ئەو ژمارەیە کردووە و گەیشتووەتە ئەو ئەنجامەی ئەو ژمارەیە تاوەکو رادەیەک لەخەیاڵەوە نزیکە و رەنگە بڕی دۆڕاندنەکە لەنێوان ملیارێک بۆ دوو ملیار دۆلاردا بووبێت، کە لە راستیدا ئەمەش ژمارەیەکی گەورەیە.

سکای نیوز:

گرەوکاران لە یاری نێوان سعودیە و ئەرجەنتین، ملیارێک بۆ دوو ملیار دۆلاریان دۆراندووە

شکستە چاوەڕواننەکراوەکەی ئەرجەنتین هانی گرەوکارانی دا، کە لە یارییەکەی نێوان فەرەنسا و ئوسترالیاشدا دیسانەوە پارەی دیکە بدۆڕێنن، بەوپێیەی ئەوە چووبووە مێشکیانەوە کە ئەنجامی چاوەڕواننەکراو لەسەریەک روودەدەن.

زیانی گرەوکردن لەسەر ئەنجامی یارییەکان تەنها لەدەستدانی پارەکە نییە، بەڵکو لە رووی دەروونییەوە زیان بە کەسەکە دەگەیەنێت و واشی لێدەکات ئاڵوودەی گرەوکردن ببێت، کە زۆر بەزەحمەت دەتوانێت وازی لێبهێنێت.

پزیشکێکی دەروونی لە میسر بۆ سکای نیوزی:

زیانی دەروونی بەهۆی گرەوکردنەوە زیاترە وەکو لە دۆڕاندنی پارەکە

 

هەواڵی زیاتر

Back to top button