هەزاران کۆچبەری ئەفریقی بە هیوای گەیشتن بە ئەوروپا لە تونس چادریان هەڵداوە 

زووم..

 

نزیکەی 200 هەزار کۆچبەر لە چەند ناوچەیەکی نزیک لە شارۆچکەکانی ئەلعەمرە و جیبنانیە لە بەشی باکووری شاری سفاکسی تونس جێگیربوون.

سفاکس، یەکێکە لە سەرەکیترین بەندەرەکانی کۆچی نایاسایی ئەفریقییەکان بۆ وڵاتانی ئەوروپا لەڕێگەی دەریاوە.

هەزاران کۆچبەر دوای ئەوەی پایزی رابردوو لەلایەن حکومەتی تونسەوە لە شارەکە دەرکران، ئێستا لە شارۆچکەکانی دەوربەری شارەکە جێگیربوون و چاوەڕوانی دەرفەتی خۆیان دەکەن بۆ گەیشتن بە ئەوروپا.

لە چەند مانگی رابردوودا بەهۆی خراپیی کەشوهەوا نەیاتوانیوە گەشتە نایاسایی و مەترسیدارەکانیان بەرەو ئەوروپا ئەنجام بدەن.

کۆچبەرەکان بەزۆری خەڵکی وڵاتانی کامیرۆن، نایجیریا، سەنیگال، سیرالیۆن و سودانن.

بە گوێرەی گوتەی رێکخراوە مرۆییەکانی ئەفریقا، رۆژانە لانیکەم حاڵەتێکی لەدایکبوون لەنێو ئەو کۆچبەرانەدا هەیە و چەندین حاڵەتی نەخۆشیش هەن. نزیکەی حەوت هەزار لەو کۆچبەرانە لە چەند مانگی رابردوودا تەنیا یەکجار هاوکاریی خۆراکییان لەلایەن رێکخراوە ناحکومییەکانەوە بەدەستگەیشتووە.

کۆچبەران دەڵێن، وێڕای برسێتی و ئاستەنگییەکانی کەشوهەوا، بەدەست خراپیی مامەڵەی پۆلیسی تونسیشەوە دەناڵێنن.

بەگوێرەی راپۆرتێکی ئاژانسی فرانس پرێس، لە ماوەی رابردوودا پۆلیسی تونس هەڵیانکوتاوەتە سەر چەند کامپێکی کۆچبەران و چەندینیان لێ دەرکردوون. ئەوەش دوای ئەوەی هاووڵاتیانی ناوچەکە هەواڵیان لە رووداوی دزیکردنی کۆچبەران دابوو.

رۆژنامەنووسانی ئاژانسەکە دەڵێن، پۆلیسی تونس گازی فرمێسکڕێژیان لە دژی کۆچبەران بەکارهێناوە بە شۆفڵ چادرەکانیان روخاندوون.

هەواڵی زیاتر

Back to top button