چین: قەدەغەکردنی تیکتۆک لە ئەمریکا “چەتەگەرانەیە”

زووم..

 

چین، لە هەنگاوەکەی ئەمریکا بۆ قەدەغەکردنی تیکتۆک نیگەرانە، دەڵێت رەفتارێکی “چەتەگەرانە”ــیە.
دوای ئەوەی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریکا پرۆژەی قەدەغەکردنی تیکتۆکی پەسەند کرد، بەرپرسانی کۆمپانیاکە و حکومەتی چین ئەوپەڕی توڕەییان نیشاندا.

“وانگ ون بین” گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی چین لەو بارەیەوە گوتی، “کاتێک کەسێک شتێکی باش لەلای کەسێکی دیکە بەدیدەکات و دەیەوێت بیبات بۆخۆی، ئەوە بێگومان شوێنپێی چەتەگەری و رێگرەکانی هەڵگرتووە”.
گوتەبێژەکە پێیوایە، بە قەدەغەکردنی تیکتۆک، ئەمریکا خۆی خستووەتە دەرەوەی کێبڕکێی دادپەروەرانەی ئابووری و بازرگانیی نێودەوڵەتی، بەناوی وڵاتەکەشیەوە بەڵێنی دا، رێوشوێنی پێویست دژی ئەو هەنگاوەی ئەمریکا و پاراستنی بەرژەوەندیی کۆمپانیاکانی چین لە وڵاتانی جیهان بگرنەبەر.

بەهەمانشێوە، “شو زی چو” بەڕێوەبەری جێبەجێکاری تیکتۆک، پێداگری لە بەرگریکردن لە کۆمپانیاکەی کرد، داوایکرد، گوێ لە دەنگی 170 ملیۆن بەکارهێنەری تیکتۆک بگیرێت.

بەڕێوەبەرەکەی تیکتۆک هۆشداریشی دا لەوەی بەهۆی بڕیارەکەوە زیاتر لە 300 هەزار کەس هەلی کار لە ئەمریکا لەدەستدەدەن و دەیان کۆمپانیای بچووک لە قازانجی ملیارەها دۆلار بێبەش دەبن.

پڕۆژەکە لە ئەنجومەنی نوێنەران تێپەڕێنراوە، بەڵام دیارنییە ئەنجومەنی پیران چ بڕیارێکی لەبارەوە دەدات.
دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی پێشووی ئەمریکا و کاندیدی هەڵبژاردنەکانی داهاتوو، دژایەتی قەدەغەکردنی تیکتۆک دەکات، چونکە پێی وایە ئەو هەنگاوە پێگەی فەیسبووک بەهێز دەکات، کە ترەمپ بە “دوژمنی گەلی ئەمریکا”ی دەزانێت.
ئەمە لەکاتێدا خودی ترەمپ ساڵی 2020 ویستی تیکتۆک لەژێر خاوەندارێتی چین دەربهێنێت، بەڵام دادگاکانی ئەمریکا رێگرییان لێکرد.

بەگوێرەی پرۆژە پەسەندکراوەکەی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریکا، پێویستە لە ماوەی 160 رۆژدا کۆمپانیای “بایتدانس”، تیکتۆک بفرۆشێت، ئەگەرنا لە ئەمریکا قەدەغەدەکرێت.
تائێستا هیچ کڕیارێک خواستی کڕینی تیکتۆکی بەدەستنەهێناوە و خاوەنی تیکتۆکیش سوورە لەسەر ئەوەی بەرگری لەخۆی بکات.

هەواڵی زیاتر

Back to top button