موزیسیانان زیرەکیی دەستکرد بە هەڕەشەی لەدەستدانی کارەکانیان دەزانن

موزیسیانان ترسیان هەیە بەهۆی زیرەکیی دەستکردەوە بژێوی لەدەستبدەن

زووم:

کۆمپانیای “گۆڵد میدیا”ی ئەڵمانی توێژینەوەیەکی ئەنجامداوە لەبارەی دۆخی موزیسیانان و نیگەرانییان لەبارەی زیرەکیی دەستکرد.

لە توێژینەوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە، تەکنیکە تازەکان و زیرەکیی دەستکرد موزیسیانەکانیان نیگەران کردووە، 71%ـی ئەو کەسانەی لە توێژینەوەکە بەشداربوون پێیانوایە زیرەکیی دەستکرد لە داهاتوودا دەبێتە رێگر لەبەردەم داهێنەرانی بواری میوزیک بۆ دابینکردنی بژێویی ژیانیان.

هەردوو دەستەی “ساسیم”ی فەڕەنسی و “گێما”ی ئەڵمانی، کە پێکهاتوون لە کۆمەڵێک موزیکدانەر و ئاوازدانەر و بڵاوکەرەوەی موزیک، بەشدارییان لەم توێژینەوەیەدا کردووە.

بەگوێرەی خەمڵاندنەکانی “ساسیم” و “گێما”، تا ساڵی 2028 موزیکدانەران و بەهرەمەندانی بواری موزیک بەرێژەی 27% داهاتیان لەدەستدەدەن، تێکڕای زیانەکەش بەنزیکەیی دەگاتە 2.7 ملیار یۆرۆ.

ئاژانسی فرانس پرێس دەڵێت، “95%ـی موزیسیانان داوا دەکەن بەر بەم رەوتە بگیرێت و کۆمپانیاکانی زیرەکیی دەستکرد شەفافانەتر مامەڵە لەگەڵ ئەم دۆسیەیە بکەن”.

داواش دەکەن، سیاسەتێک دابنرێت بۆ پاراستنی مافی دانانی موزیک و بڵاوکردنەوە، چونکە ئەمە کاریگەریی لەسەر داهاتووی هونەرییان و بژێویان دەبێت.

سەرەڕای نیگەرانییەکان، بەگوێرەی توێژینەوەکە، 35%ـی ئەو کەسانەی لە راپرسییەکەدا بەشدار بوون، سیستمی زیرەکیی دەستکرد “AI” لە کارەکانیاندا بەکاردەهێنن، ئەمەش ئەو موزیسیانانەی نیگەران کردووە کە بە دانانی موزیک و بڵاوکردنەوەی ماندوو دەبن و بژێوییان بەوە دابیندەکەن.

دەستەکانی “ساسیم” و “گێما، دەڵێن، “هیوادارین ئەم توێژینەوەیە ببێتەهۆی هۆشیارکردنەوەی رای گشتی لەبارەی لێکەوتەکانی زیرەکیی دەستکرد لەسەر کەرتی موزیک”.

لە ئێستادا زیرەکیی دەستکرد بەشێوەیەکی بەرچاو لە زۆرینەی بوارە جیاجیاکاندا بەکاردەهێنرێت، “ساسیم” دەڵێت، “چالاکانە لەگەڵ کۆمپانیاکانی پیشەسازیی موزیک لە هەماهەنگیدا دەبین بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێک بۆ ئەم کێشەیە.”

بەگوێرەی توێژینەوەیەک کە رۆژنامەی “لۆس ئەنجلس تایمز” بڵاویکردووەتەوە، لە کالیفۆرنیا، لەماوەی سێ ساڵی داهاتوودا 62 هەزار پیشەی تایبەت بە “کاتبەسەربردن و بەزمەسات”، لەنێویاندا بواری موزیک ، بەهۆی زیرەکیی دەستکردەوە زیانیان بەردەکەوێت، لە سەرانسەری ئەمریکاش 240 هەزار پیشەی تایبەت بە “کاتبەسەربردن” بە هەمان هۆکار زیانیان بەردەکەوێت.

 

 

 

هەواڵی زیاتر

Back to top button