هاتوچۆی عێراق: کار دەکەین بۆ یەکخستنی مۆڵەتی شۆفێریی لەگەڵ هەرێمی کوردستان

زووم:

ئاژانسى هەواڵەکانى عێراق بڵاویکردەوە، عێراق و هەرێمی کوردستان کار بۆ یەکخستنی سیستمی هاتوچۆ دەکەن، بە مەبەستی یەکخستنی پێدانی مۆڵەتی شۆفێری و تۆمارکردنی ئۆتۆمبێل.

لەو بارەوە ئاژانسەکە لە زارى زیاد قەیسی، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی هاتوچۆی عێراق بڵاویکردەوە، لەگەڵ هەرێمی کوردستان زۆرینەی کارەکانی رێکخستنی سیستمی هاتوچۆیان یەکخستووە .

زیاد قەیسى راشیگەیاند، کار دەکەن بۆ هەماهەنگیکردن بۆ یەکخستنی سیستمی تۆمارکردنی ئۆتۆمبێل و پێدانی مۆڵەتی شۆفێری و گەیشتن بە یەک سیستمی یەکگرتووی هاتوچۆ لە سەرانسەری عێراق.

گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی هاتوچۆی عێراق باسى لەوەش کرد، کارگەی نوێی تابلۆی ئۆتۆمبێل تەواو بووە، چاوەڕێی گەیشتنی ئامێرەکان دەکەن لە ماوەی دوو رۆژی داهاتوودا بۆ دانانی و دەستکردن بە چاپکردنی تابلۆی ئۆتۆمبێلەکان بەپێی رێککەوتنە نێودەوڵەتییەکان.

سەبارەت بە مۆڵەتی نێودەوڵەتییش، ناوبراو ئاماژەى بەوە کردووە، ئەو مۆڵەتە نێودەوڵەتییەی لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی هاتووچۆوە دەرچووە، بە بڕی 36 هەزار دینار دانپێدانراوە لە هەموو ئەو وڵاتانەی، کە هاوکاریی پرۆتۆکۆلییان لەگەڵ عێراقدا هەیە.

هەواڵی زیاتر

Back to top button