بۆچی پێشبینی بومەلەزرە مەحاڵە؟

بومەلەرزە کارەستبارەکەى دووشەمە، نەک تەنها هاوڵاتیان، بەڵکو زانایان و زەویناسانیشی گەڕاندەوە بۆ ئەو پرسیارەى ساڵانێکە دەکرێت! بۆچی پێشبینی بومەلەزرە مەحاڵە؟

وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارە بەدرێژى مێژووى کۆن و سەردەمى نوێ، بۆ زانایان و زەویناسان ئاسان نەبووە.

ساڵانێکە ئەوان وێڵن بەدوای ئەنجامى پێشبینییەکانیان کە لە کوێ و کەی بومەلەرزە رودەدات.

رۆژنامەى واشنتن پۆستی ئەمریکی، راپۆرتێکى بڵاوکردووەتەوە، لەبارەى پێشبینى بۆ بومەلەرزە.

بەگوێرەى راپۆرتەکە لەوپەڕی خێراییدا کە بتوانیت ئاگاداری بومەلەزە بیت، تەنها لە ماوەی سەربەرزکردنەوەیەکدایە، کە ئەویش چەند چرکەیەکە.

بومەلەرزەکانى باکورى کوردستان و تورکیا و رۆژئاڤاى کوردستان و سوریا هێندە کارەستبارن وەک بومەلەرزەى سەدە ناسێندران، ژمارەى ئەوانەى گیانیان لەدەستداوە گەیشتووەتە نزیکەى 30 هەزار کەس نزیکەى 90 هەزاریش بریندارن، ئەمە بێجگەلەوانەى هێشتا لەژێر داروپەردوی باڵەخانە روخاوەکاندان.

بومەلەرزە کوشندەترین روداوى سروشتیییە، بەگوێرەى ئامارەکانی رێکخراوی تەندروستی جیهانی، لە ماوەی دوو دەیەی رابردوودا نزیکەی نیوەی ژمارەی ئەوانەى بەهۆی کارەساتی سروشتییەوە گیانیان لەدەستداوە، هۆکارەکەى بومەلەرزەوە بووە. بۆیە هەوڵەکان بۆ گەیشتن بە تروسکایی هیواى پێشبینیکردنى رودانى بومەلەرزە بەردەوامە.

بەڵام زۆرێک لە زەویناسان گەیشتوونەتە ئەو بڕوایەی پێشبینیکردنی بومەلەرزە نزیکە لە  مەحاڵ، هۆکارەکەشى بۆ ئاڵۆزیی شیکارییەکانی توێکڵی زەوی دەگەڕێننەوە.

بەڵام بەشێکی دیکەیان هیوایان لەسەر تەکنەلۆجیای نوێ و زیرەکی دەستکردە، کە لە داهاتوودا بتواندرێت پێشبینی بومەلەرزەى پێبکرێت و خەڵکى لە مەترسییەکانى رزگاربکرێت.

بەگوێرەى راپۆرتەکەى واشنتن پۆست، لە ئەگەری هەبوونی تەکنەلۆژیای نوێدا و لە باشترین حاڵەتدا تەنها یەک خولەک پێش رودانى بومەلەرزە دەتواندرێت، خەڵکیی لە ئەگەری رودانی ئاگادار بکرێتەوە.

یەک خولەکیش هێندە کەمە خەڵکى پێڕاناگەن خۆیان لەنێو ماڵەکانیان دەرباز بکەن و بچنە سەر شەقامە سەلامەتەکان، بەتایبەتى ئەگەر چەندین خێزان لەیەک باڵەخانەدا بن، وەک ئەوەى ئێستا هەیە.

زانایان دەڵێن، داهێنانی تەکنەلۆجیایەک بۆ پێشبینیکردنی شوێن و کاتی رودانی بومەلەرزە چەندین ساڵ لێمانەوە دوورە؛ دەشڵێن پێشبینیکردنێک کە دڵنیا و دەقیق نەبێت، رەنگە زیانی زیاتر بێت، بەراورد بە سودەکەى.

کریستین گۆلێت، بەڕێوەبەری سەنتەری زانستی بومەلەرزە لە دامەزراوەی جیۆلۆجی ئەمریکی (USGS) دەڵێت: “بومەلەرزە زۆر زۆر بە خێرایی رودەدات. راشکاوانە دەڵێم لە ئێستادا ئێمە بە هیچ شێوەیەک توانای پێشبینیکردنی بومەلەرزەمان نییە.”

جوڵەی پلێتەکانی توێکڵی زەوی، کە هۆکاری بومەلەرزەن بە هێواشی رودەدەن، بەڵام بەگوتەى زەویناسان هەندێکجار شکان یان جوڵەیەکى لەناکاو وادەکات بومەلەرزە روبدات، بەبێ ئەوەی پێشتر هەستیپێبکرێت.

زەویناسان دەستیان کرودووە بە چاودێریکردنی ئەو بومەلەرزانەی لەژێر زەویدا رودەدەن، ئەمەش لەرێگەی ئامێری پێشکەوتووەوە دەبێت کە بۆ تۆمارکردنی دەنگەکانی ژێرزەوی بەکاردێن.

ئەوان لە کۆتایی سەدەی رابردوودا، هەوڵی زانستی زۆریاندا تاوەکو پیشبینی بومەلەرزە بکەن، بەڵام سەرکەوتنێکی ئەوتۆیان بەدینەهێناوە.

لە ساڵانی هەشتاکان   زانایان لەناوچەی سان ئەندریاس لە کالیفۆرنیا، کە پێشتر بومەلەرزە تێیدا رویدابوو، پێشبینی رودانی بومەلەرزەیەکی دیکەیان کرد، کە لە ساڵی 1993دا روبدات. بەڵام بومەلەرزەکە دوای 11 ساڵ و لە 2004دا لە کالیفۆرنیا رویدا بەبێ هەبوونی هیچ ئاماژەیەکی پێشوەختە.

جۆن رەندڵ، مامۆستای فیزیا و جیۆلۆجی لە زانکۆی کالیفۆرنیا لە دەیڤس گوتی، ئەم روداوە وەک مەرگ وابوو بۆ ئەگەری پێشبینیکردنی بومەلەرزە. هەربۆیە زانایان پەنایان بردە بەر لێکۆڵینەوە لە داتا و ئامارەکانی رابردووی بومەلەرزە و وازیان لە پێشبینیکردنی بومەلەرزە وەک هاوشێوەی کەشوهەوا هێنا.

سیستمی ShakeAlert (شەیکەڵێرت) کە لەلایەن دامەزراوەی جیۆلۆجی ئەمریکی USGS دروستکراوە، دەتوانێت زەنگی ئاگادارکردنەوە بنێرێت بۆ مۆبایلی کەسێک و پێش رودانى بومەلەرزە کەسەکە ئاگادار بکاتەوە.

هەرچەندە ئەو سیستمە بەخێراییەک کاردەکات کە هاوتای خێرایی روناکییە، بەڵام زانایان دەڵێن، سەختە بتوانێت لە چەند چرکەیەک زیاتر ئاگاداریی پێشوەختەی رودانی بومەلەرزە بنێرێت.

هەواڵی زیاتر

Back to top button