“رەشبگیریی دەستیپێکرد”

هەڵبژاردنەکانی پەرلەمان و سەرۆکایەتیی تورکیا 18 رۆژی ماوە، دۆخی شارەکانی باکووری کوردستان ئاسایی نییە، دەسەڵاتی تورکیا دەستی بە هەڵمەتێکی دەستگیرکردن کردووە، تورکیا دەڵێت هەڵمەتەکە بۆ دەستگیرکردنی ئەندامانی پەکەکەیە، بەڵام هەدەپە کە گەورەترین حزبی باکووری کوردستانە دەڵێت، ئەو هەڵمەتە لە دژی دەنگدەر و بەرپرسانی حزبەکەیان بەڕێوەدەچێت. پارتە ئۆپۆزسیۆنەکانی دیکەش دەڵێن، دەسەڵات دەیەوێت لەم رێگەیەوە ئاسایشی هەڵبژاردن تێکبدات.

بەگوێرەی زانیاریی میدیاکانی تورکیا و باکوری کوردستان، تاوەکو ئێستا نزیکەی 150 کەس لە شارەکانی ئامەد، باتمان و روحا دەستگیرکراون.

تورکیا دیمەنی دەستپێکردنی هەڵمەتەکەی بڵاوکردووەتەوە، دەردەکەوێت هێزە ئەمنییەکان خۆیان بۆ هەڵمەتەکە ئامادە دەکەن و سەدان ئەندامی هێزە ئەمنییەکان لەنێو شارەکاندا بڵاوکراونەتەوە.

تورکیا دەڵێت ئەوانەی دەستگیرکراون ئەندامی پارتی کرێکارانی کوردستانن، بەڵام هەدەپە دەڵێت دەستگیرکراوەکان رۆژنامەنووس، ئەندام و بەرپرسانی هەدەپە و سیاسەتمەدارانی پارتەکانی دیکەی ئۆپۆزسیۆنیان تێدایە.

لەگەڵ دەستپێکردنی ئۆپراسیۆنەکەدا، یاساناس، پارێزەران و ئەندام و بەڕێوەبەرانی هەدەپە و رێکخراوەکانی کۆمەڵی مەدەنی دەستیان بە خۆپیشاندان کردووە و سەرکۆنەی ئەو هەڵمەتی دەستگیرکردنەکە دەکەن کە خۆیان بە رەشبگیریی ناوی دەبەن.

هێزە ئەمنییەکانی تورکیا روبەڕوی خۆپیشاندەران بوونەتەوە و بە گوێرەی زانیارییەکان چەند کەسێک لە کاتی خۆپیشاندانەکاندا دەستگیرکراون.

هەڵمەتەکەی شارەکانی باکوری کوردستان کاردانەوەی دیکەی لێکەوتووەتەوە، پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) پێیوایە ئەو ئۆپراسیۆنە لەدژی دەنگدەر و بەرپرسانی ئەوان ئەنجامدراوە.

هەدەپە راگەیەنراوێکی بەپەلەی بڵاوکردووەتەوە و دەڵێت، ئاکەپە و مەهەپە لە لێواری شکستدان، هەر بۆیە دەترسن و تووشی دڵەڕاوکێ بوون. راگەیەنراوەکەی هەدەپە ئەو زانیارییەی خستووەتەڕوو کە ئۆپراسیۆنەکەی حکومەتی تورکیا لە ٢١ی شارۆچکە و ناوەندی شارەکان دەستیپێکردووە و ئەندامانی حزبەکەیان دەستگیردەکەن.

هەدەپە بە توندی قسە دەکات و دەڵێت، دەسەڵات دەیەوێت لە رێگەی ئەم ئۆپراسیۆنانەوە ئەنجامی باش لە هەڵبژاردنەکاندا بەدەست بهێنێت. هەدەپە کە سێیەم گەورەترین حزبی تورکیایە، داوا لە هاوڵاتیانی باکوری کوردستان دەکات بەشداریی زیاتریان لە هەڵبژاردنەکاندا هەبێت و لە رێگەی سندوقەکانی دەنگدانەوە کۆتایی بەم دەسەڵاتە بهێنن.

کاردانەوەکان بەردەوامن، پارتی رەنج کە هاوپەیمانی هەدەپەیە خۆپیشاندانێکی فراوانی لە ئامەد ئەنجامدا. ناوەندی گشتیی پارتەکە لە راگەیەندراوێکدا دەڵێت، پێویستە هەموو کەسێک خاوەنداری لەم هەڵبژاردنە بکات و ئاسایشی هەڵبژاردن بپارێزرێت، پێویستە هەموو لایەنەکانی ئۆپۆزسیۆن پشتگیری لە هاوپەیمانی رەنج و ئازادی بکەن و ریزەکانیان یەک بخەن.

هاوکات پارتی گەلی کۆماری کە گەورەترین پارتی ئۆپۆزسیۆنە، بێدەنگیی شکاند. مەحمود تانال پەرلەمانتاری شاری روحای پارتەکە، گوتی ئەم ئۆپراسیۆنە مەترسییەکی گەورە لەسەر ئاسایشی هەڵبژاردن دروستدەکات، ئەگەر ئاکەپە لە هەڵبژاردندا سەربکەوێت، بێگومان زیندانەکان جێگەی کەسی دیکەیان تێدا نابێتەوە، بۆیە پێویستە لە هەڵبژاردنەکاندا کۆتایی بەم دەسەڵاتە بهێندرێت.

“ئەرکان باش” سەرۆکی پارتی کرێکارانی تورکیا کە هاوبەشی سەرەکی هەدەپەیە، لە تویتێکدا رایگەیاند، هەڵبژاردنەکان کەمی ماوە، دەسەڵاتی کۆشک کە مەبەستی لە (کۆشکی ئەردۆغانە) دەستی بە ئۆپراسیۆن کردووە. “ئەرکان باش” دەڵێت کۆشک ناتوانێت بەم کردەوانەی رێگری لە تێکۆشانی ئازادی بکات.

هەر لە درێژەی کاردانەوەکاندا، ئیدریس شاهین کە لە ئاکەپە جیابووتەوە، ناڕەزایی خۆی بەرامبەر ئۆپراسیۆنەکە نیشاندا و گوتی، ئەم هەڵمەتە بۆ تێکدانی ئاسایشی هەڵبژاردنە و هیچ شرۆڤەیەکی دیکە هەڵناگرێت، ئەوان دەیانەوێت لە رێگەی بڵاوکردنەوەی ترسەوە لە هەڵبژاردندا سەربکەون.

هاوکات پارتی سەعادەت، کە یەکێکە لە شەش پارتەکەی ئۆپۆزسیۆن و هاوپەیمانی گەلیان پێکهێناوە رایگەیاند، لە کاتێکدا کە هەڵبژاردن نزیک دەبێتەوە، دەسەڵات دەستی بە دەستگیرکردنی رۆژنامەنووس و سیاسیەکان کردووە، ئەمەش نیشانەی پرسیار دروست دەکات و کاریگەری لەسەر هەڵبژاردن دەبێت.

سەلاحەدین دەمیرتاش هاوسەرۆکی پێشووی هەدەپە لە زیندانەوە تویتێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، سولەیمان سۆیلۆ وەزیری ناوخۆی تورکیا، بە ئەندازەی ئەو کەسانەی لە کۆبونەوە جەماوەریەکانیدا کۆدەبنەوە، خەڵکی ئێمەی دەستگیرکردووە، بەڵام بەمشێوەیە ناتوانن رێگری لە تێکۆشانی دیموکراسی، ئارامی و ئاسایش بکەن و پێویستە هەوڵەکانمان فراوانتر بکەین.

رەنگە دۆخەکە بۆ هەدەپە جیاوازتر و قورستربێت بەراورد بە پارتەکانی دیەکەی تورکیا بەو پێیەی تورکیا لەگەڵ نزیکبوونەوە لە هەڵبژاردنەکان لە دەرەوەی وڵاتەکەی خۆیشی فشارەکانی لەسەر ئەندامانی هەدەپە زیاترکردووە .هەر لە چوار چێوەیەدا هەدەپە رایگەیاند، 18ی ئەم مانگە ئەندامێکیان لە دهۆک لەلایەن دەزگای هەواڵگری تورکیاوە کوژراوە.

هەواڵی زیاتر

Back to top button