عێراق بەرامبەر دابەزینى بەهاى دراوەکەى “دەستەوسانە”

مانگێک لەمەوبەر کاتێک بەهاى دینار بەرامبەر دۆلار بەهێواشى دەستى بە دابەزین کرد، بەرپرسانى بانکى ناوەندى عێراق گوتیان دۆخەکە کاتییە و لە دوو هەفتەى داهاتوودا ئاسایی دەبێتەوە.

ئیحسان یاسرى، راوێژکارى بانکى ناوەندى عێراق کە لە 10ى ئەم مانگەدا ئەو قسەیەى کرد، 100 دۆلارى ئەمریکى بەرامبەر بە 150 هەزار دینارى عێراقى بوو، بەڵام ئێستا دواى دوو هەفتە لەو قسەیە نەک دۆخەکە ئاسایی نەبووەتەوە بەڵکو بەهاى دۆلار بەرامبەر دینار موشەک ئاسا بەردەوامە لە بەرزبوونەوە و هاوڵاتیانى عێراقیى تووشى شۆکێکى گەورە کردووە، بە تایبەت کە ئەمڕۆ دووشەممە بەهای دینار بەرامبەر دۆلار زیاتر دابەزی و 100 دۆلار بەرامبەر بە 156 هەزار دینار بوو، ئەمەش واتە 10 هەزار دینار زیاترە لەو نرخەى کە بانکى ناوەندى دەیفرۆشێت.

هۆکارەکانى دابەزینى بەهاى دینار بەرامبەر دۆلار

لەسەر هۆکارەکانى بەرزبوونەوەى بەهاى دۆلار لێدوانى جۆراوجۆر دەدرێت، بەڵام لایەنى فەرمى لەم بابەتەدا کە بانکى ناوەندى عێراقە، هۆکارەکەى تەنها بۆ یەک شت دەگێڕێتەوە ئەویش “کەمبوونەوەى بڕى خستنەبازاڕى دۆلارە”.

لە چەند مانگى رابردوودا بانکى ناوەندى رۆژانە لە دەوروبەرى 300 ملیۆن دۆلارى دەخستە بازاڕەوە، بەڵام لە سەرەتاى ئەم مانگەوە ئەو بڕە بۆ نزیکەى 100 ملیۆن دۆلار کەمبووەوە.

ئیحسان یاسرى، راوێژکارى بانکى ناوەندى عێراق لەسەر ئەم پرسە، دەڵێت: عێراق لەژێر فشارى نێودەوڵەتییدایە سەبارەت بەو دۆلارانەى لە رێگەى بانکى ناوەندییە دەچنە بازاڕەکانەوە، داواکارى نێودەوڵەتى لە عێراق هەیە کە ئەم دۆلارانە لە تاوانى سپیکردنەوەى پارە و پشتیوانى تیرۆر بەکارنەهێنرێن.

وەکو یاسرى دەڵێت، بەهۆى ئەو فشارانەى لەسەر عێراق هەیە، لە سەرەتاى ئەم مانگدا بانکى ناوەندى رێوشوێنەکانى فرۆشتنى دۆلارى بە بانکەکان و کۆمپانیا گەورەکان توندوتۆڵتر کردووە، ئەمەش بووەتەهۆى خاوبوونەوەى پرۆسەى فرۆشتنى دۆلار و لە دەرەنجامدا بووەتەهۆى کەمبوونەوەى بڕەکەى لە بازاڕدا.

“ئەمریکا لە پشت دابەزینى بەهاى دینارەوەیە”

لە دەرەوەى بۆچوونى بانکى ناوەندى عێراق، پسپۆڕان و پەرلەمانتاران و تانەت میدیاى فەرمى حکومەتیش، بۆچوونێکى دیکەیان سەبارەت بە هۆکارەکانى بەرزبوونەوەى بەهاى دۆلار و دابەزینى بەهاى دینارى عێراقیی هەیە، ئەوەتا رۆژنامەى سەباح- کە بە میدیاى فەرمى حکومەت دادەنرێت لە ژمارەى ئەمڕۆ دووشەممەیدا بە روونى ئاماژەى بەوەداوە کە ئەمریکا لەپشت هۆکارى دابەزینى بەهاى دینارەوەیە، ئەویش وەک جۆرێک لە سزدانى عێراق لە بەرامبەر بەشدارییکردنى لە کۆبوونەوەى لوتکەى عەرەبى-چینى لە سعودییە.

رۆژنامەکە لەسەر ئەم پرسە قسەى لەگەڵ ئەحمەد سەفار، بڕیاردەرى پێشووى لیژنەى دارایی پەرلەمان کردووە و لەوبارەیەوە گوتویەتى: بەرزبوونەوەى نرخى دۆلار پاش کرانەوە و بەهێزبوونى پەیوەندییەکانى نێوان عێراق و چین دەستیپێکرد بە تایبەت پاش بەشدارییکردنى عێراق لە کۆبوونەوەکەى سەرەتاى ئەم مانگەى سعودییە کە بە ئامادەبوونى سەرۆکى چین بەڕێوەچوو.

سەفار دەڵێت: بەشدارى عێراق لەو کۆبوونەوەیە بووە هۆى نیگەرانى ئەمریکییەکان چونکە ئەوان بە راستەوخۆ یان نا راستەوخۆ لە رێگەى “بانکى فیدراڵى ئەمریکى”ەوە گرێدراون بە عێراقەوە، دەشڵێت بانکى فیدراڵى ئەمریکى سەرچاوەى دابینکردنى دۆلارە بۆ عێراق و هەر ئەوانیش بەهاکەى بەرامبەر دینار دیارى دەکەن.

ئاودیوکردنى دۆلار بۆ وڵاتانى دراوسێ

یەکێکى دیکە لە هۆکارەکانى بەرزبوونەوەى بەهاى دۆلار بەرامبەر دینار وەکو رۆژنامەى سەباح ئاماژەى بۆ کردووە، دەگەڕێتەوە بۆ بردنى بڕێکى زۆرى ئەو دۆلارەى دەخرێتە بازاڕەکانى عێراقەوە بۆ وڵاتانى دراوسێ لەوانە (ئێران و سوریا و تورکیا و لوبنان) کە ئێستا ئەو وڵاتانە بەهۆى ناجێگریی دۆخى ئابوریی و دابەزینى بەهاى دراوەکانیانەوە، پێویستییەکى زۆریان بە دۆلار هەیە.

هەر لەسەر ئەو پرسە نەرمین مەعروف، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانى عێراق بە زوومی گوت: لە رابردوودا گومان هەبووە لەسەر ئەوەی ئەو دۆلارانە دراوە بە کۆمپانیا و بانکەکان بەشێکی بۆ مەبەستی بازرگانی بەکار نایەت بەڵکو بەمەبەستی سپیکردنەوەی پارە و ئاودیوکردنی بۆ هەندێک لە وڵاتانی دراوسێ بەکاردێت، ئەمەش وایکرد بانکی فیدراڵی ئەمریکا چاودێری زیاتری ئەو پرۆسەیە بکات و داوا لە بانکی ناوەندی عێراق بکات بەدواداچونی زیاتر بکات بۆ ئەو دۆلارانەی کە دەفرۆشرێت.

چارەسەرەکانى دابەزینى بەهاى دینار

لەم دۆخەدا هەموو چاوەکان لەسەر بانکى ناوەندییە کە ئاخۆ چ چارەسەرێکى بۆ ئەم شڵەژان و ناسەقامگیرییە داراییە پێییە، لەکاتێکدا هەموو لایەک هاوارى لێهەستاوە و داواى چارەسەرى بەپەلە دەکەن، بەڵام بانکى ناوەندى نوقمى بێدەنگییەکى تەواو بووە، دۆخەکە گەیشتووەتە ئەوەى کە بەرپرسانى بانکى ناوەندى بە “فاشل” و خراپى لە بەڕێوەبردن لە قەڵەم دەدرێن، پەرلەمانتاران هەڵمەتێکى واژو کۆکردنەوەیان دەستپێکردووە بۆ ئەنجامدانى دانیشتنێکى نائاسایی  پەرلەمانى عێراق و تائێستا 38 واژو کۆکراوەتەوە و تەنها 12 واژو ماوە بۆ ئەوەى بەشێوەیەکى فەرمى داواکارییەکە پێشکەش بکرێت.

چارەسەرى خێرا و بەپەلە وەکو هەندێک لە پسپۆڕان باسیان لێکردووە ئەوەیە کە لەگەڵ بانکى فیدراڵى ئەمریکا دەست بە گفتوگۆ بکرێت و بیر لە چارەسەرێکى سیاسی بکرێتەوە، لەلایەکى دیکەوە کۆنتڕۆڵى سنورەکان بکرێت و رێگە نەدرێت دۆلار ئاودیوى دەرەوەى عێراق بکرێت، هەروەها بانکى ناوەندى چاو بە بانکە ئەهلییەکاندا بخشێنێتەوە کە ژمارەیان زۆرە و بەشێکیان لە ئاودیوکردنى دۆلار بۆ دەرەوەى عێراق تێوەگلاون.

کاریگەرییەکانى بەرزبوونەوەى بەهاى دۆلار

پسپۆڕان هۆشدارى دەدەن ئەگەر رێوشوێنى پێویست نەگیرێتەبەر چینى هەژار و فەرمانبەران و ئەوانەى خاوەنى موچەى دیاریکراون دەبنە قوربانى پلە یەک، چونکە سەربارى ئەوەى داهاتیان وەکو خۆیەتى و هیچ گۆڕانکارییەکى بەسەردا نەهاتووە، بەڵام کەلوپەل و پێداویستى لە بازاڕدا نرخەکانیان بەرزدەبێتەوە.

بەرزبوونەوەى نرخى کاڵا و کەلوپەل لە دیارترین کاریگەرییەکانى بەرزبوونەوەى بەهاى دۆلار دەبێت لەسەر ژیانى خەڵک و لە ئێستاوە کاریگەرییەکانى دەرکەوتووە و پێدەچێت هاوڵاتیان لە رۆژانى ئایندەدەدا لە پاش ساڵى 2020ەوە روبەڕوى شەپۆلى دووەمى بەرزبوونەوى نرخى کاڵا و پێداویستییەکان ببنەوە، ئەگەر بەهاى دینار بەردەوام بێت لە دابەزین.

هەواڵی زیاتر

Back to top button