پاشەکەوت ناگەڕێتەوە و بودجەکەی بەغداد بەشی مووچەی 10 مانگ دەکات

لە سلێمانییەوە داوا دەکرێت موچەی فەرمانبەران بگەڕێتەوە بەغدادو راستەوخۆ لە حکومەتى عێراق وەریبگرن، ئەم داواکارییە هەرچەندە تازە نییە، بەڵام باسکردنەوەی لەم کاتەدا جیاوازەو پەیوەندی بەو دەستکاریکردنەی پرۆژەیاسای بودجەوە هەیە کە تێدا رێگە دەدات هەر پارێزگایەکی هەرێم نارازی بوو لە وەرگرتنی بەشەبودجەی خۆی دەتوانێت باز بەسەر حکومەتی هەرێمدا بدات و راستەوخۆ شایستە داراییەکانی لەبەغدادوە وەربگرێت.

ئەمە داواکاری فراکسیۆنی یەکێتی بوو، هەرچەندە لەسەر ئەمە پارتی رەخنەی توندی لە یەکێتی گرت و رایگەیاند، مامەڵەی راستەوخۆی پارێزگایەک لەگەڵ بەغداد بچوککردنەوەی قەوارەی هەرێمە.

فەرمانبەرانی سلێمانی تەنها بەوە رازی نین مووچەکانیان لەبەغدادوە بێت بەڵکو داوای گەڕانەوەی پاشەکەوتی مووچەکانیان دەکەن، ئەمەش یەکێکی دیکەیە لە خاڵە زیادکراوەکانی بودجە، بەڵام هێشتا پەسەند نەکراوە.

هەرچەندە ئەم گەرانەوەی پاشەکەوتی مووچە بە رێژەی لەسەدا 10 خاوەنی زۆرەو هەریەکە لە نەوەی نوێ و یەکێتی و یەکگرتووخۆیان بە ئەندازیاری گەرانەوەی پاشەکەوت دەزانن، بەڵام رەخنەیەکی دیکەش هەیە دەڵێت، ئەوخاڵە جێبەجێناکرێت و واقیعی نییە.

لایەنی تایبەمەند بەم بابەتەوە وەزارەتی دارایی هەرێمە کە ئەویش دەلێت، ناتوانن ئەو لەسەدا 10ی دانراوە جێبەجێی بکەن چونکە ئەوان دەڵێن هیچ بودجەیەک بۆ پاشەکەوت دانەنراوە.

یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان گومانی لە قسەکانی وەزیری دارایی هەرێم هەیە و بە پێچەوانەوە دەڵێت، دەتوانن لەو بودجەیەی بەغداد دەینیریت  مانگانە لەسەدا 10ی پاشەکەوت بەگەرێننەوە.

لەبارەی گەڕانەوەی پاشەکەوتی مووچەوە شاخەوان عەبدوڵا جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق لە پشکی پارتی دەڵێت، بۆ گەرانەوەی پاشەکەوتی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم هەنگاوی کردارییان ناوە.

جێگری سەرۆکی پەرلەمان دەڵێت، داوای یەک ترلیون و دوو سەد ملیار دینارمان کردووە بۆپاشەکەوتی مووچەى فەرمانبەرانى هەرێم

شاخەوان عەبدوڵا دەڵێت، کاتی ئەوەیە پەرلەمانتاران پشتگیری لەم نوسراوە بکەن و دەنگی لەسەر بدەن، چونکە پاشەکەوت بەنوسینی سەر کاغەز ناگەرێتەوە و دەبێت پارەی بۆ دابین بکرێت و بخریتە سەر حسابی هەریم.

بەگوتەی شاخەوان عەبدوڵا ئەگەر پاشەکەوت پارەی بۆ دابین نەکریت حکومەتی هەریم نەک هەر ناتوانیت پاشەکەوت بگەرێنێتەوە بەلکو بەپێی ئەو بودجەی بۆی دانراوە بۆ موچە تەنها دەتوانیت موچەی ١٠ مانگ دابین بکات.

وەکو ئەو دەڵێت تەنها ٩ ترلیون دینار دیاریکراوە  بۆ موچەی فەرمانبەرانی هەریم ، لەکاتێکدا هەرێم پێویستی بە ١٠ ترلیون دینارە بۆ دابین کردنی موچەی ساڵێکى فەرمانبەران.

هەواڵی زیاتر

Back to top button