چوار پرسیاری بێ وەڵام لەبارەى بەڵگەنامەکانى بایدن

زووم، ئاژانسەکان:

فشارەکان لەسەر جۆ بایدنی، سەرۆکی ئەمریکا تا دێت زیاتر دەبن بۆ خستنەڕووی وردەکاریی زیاتر لەبارەی ئەو دوو وەجبە بەڵگەنامە نهێنیانەی کە لە ئۆفیسێکی بایدن لە دەرەوەی کۆشکی سپی و لە ماڵەکەیدا لە ویلایەتی دێلوێر دۆزرانەوە.

سەبارەت بە دۆسیەکان وەزارەتی دادی ئەمریکا پارێزەرێکی سەربەخۆی دەستنیشانکردووە بۆ لێکۆڵینەوە لەوەی کە ئایا ئەم فایلانە بە مەبەستی تایبەتی یان “هەڵە” بەکارهێندراون یان نا.

سەرم سوڕماوە

 

ئەوەی کە بووەتە جێگەی سەرنجی میدیا جیهانییەکان ئەوەیە کە هێشتا پرسیار زیاترە لە وەڵام سەبارەت بە فایلەکان. کەناڵی بی بی سی لە راپۆرتێکدا چوار پرسیاری وروژاندووە کە دەڵێت تاوەکو ئێستا بێ وەڵام ماونەتەوە.

دۆسییەکان چییان تێدایە؟

پێشتر بایدن رایگەیاندبوو کە نازانێت ئەو بەڵگەنامە دۆزراوانەی ئۆفیس و ماڵەکەی چییان تێدایە.  هەربۆیە تا نەزانرێت چییان تێدابووە، گرنگی و جدییەتی بەڵگەنامەکان دەرناکەوێت. لەگەڵ ئەوەشدا هەندێک سەرەداو لەلایەن میدیاکانەوە باسکراون.

چەند سەرچاوەیەک بە کەناڵی سی ئێن ئێن و نیویۆرک تایمزی راگەیاندووە کە 10 فایلی یەکەم کە دۆزراونەتەوە پەیوەندییان بە سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکاوە هەیە لەوانەش: ئۆکراین، ئێران و بەریتانیا کە کاتەکەیان دەگەڕێتەوە بۆ ئەوکاتەی کە بایدن جێگری باراک ئۆبامای سەرۆک بووە.

بەگوێرەى زانیارییەکانی سی ئێن ئێن، ئەم بەڵگەنامە نهێنییانە لەگەڵ چەند دۆسیەیەکی دیکەی ئاساییدا تێکەڵ بوون، لەنێویاندا وردەکارییەکانی پرسەی بیو بایدنی کوڕی جۆ بایدن، کە لە ساڵی 2015دا کۆچی دواییکرد.

سی ئێن ئێن دەڵێت، هەندێک لە بەڵگەنامەکان بە نهێنیترین بەڵگەنامە ناوزەد کراون کە لە یاسای ئەمریکادا بەرزترین پلەی پۆڵێنکردن و جیاکردنەوەی دۆسییە حکومییەکانە و بەشێوەیەکی جیاواز مامەڵەیان لەگەڵدا دەکرێت.

سەبارەت بە وەجبەی دووەمی دۆسیەکان، تاوەکو ئێستا زانیاری ورد لەبارەیانەوە نەزانراوە. رۆژی پێنجشەممە، پارێزەرەکەى بایدن لە راگەیەندراوێکدا گوتى، بەڵگەنامەکان هی سەردەمی “تۆمارەکانی ئیدارەی ئۆباما و بایدن”ن، بەو مانایەی مێژووەکەیان بۆ هەشت ساڵی جێگری سەرۆکایەتی بایدن دەگەرێتەوە.

دواتر کۆشکی سپی رایگەیاندگەڕان بەدوای بەڵگەنامە نهێنییەکان تەواو بووە.

كێ دەستی بەو فایلانە گەیشتووە؟

سیستمێکی فراوان کە کارە ئیدارییەکانی حکومەتی فیدراڵی بەڕێوەدەبات کە پێی دەگوترێت ئیدارەی خزمەتگوزارییە گشتیەکان، بەرپرسیارە لە گواستنەوەی دەسەڵات لە کۆشکی سپیدا.

ئەم ئەرکە گەورەیە بریتییە لە هێنانەناوەوەی سەرۆک و جێگری نوێ بۆ کۆشکی سپی و بەڕێکردنی ئەو سەرۆک و جێگرەی کە دەڕۆن.

ئەم دەستاو دەستکردنی دەسەڵاتە سەرجەم دۆسیە و بەڵگەنامەکانی سەرۆکایەتیش دەگرێتەوە.

تاوەکو ئێستا دیارنییە کێ لە ماوەی ئەو حەوت ساڵەدا، کە بایدن کۆتایی بە پۆستەکەی وەک جێگری سەرۆک هێناوە، مامەڵەی لەگەڵ ئەم دۆسیانەدا کردووە. ئەوەی کە تاوەکو ئێستا زانراوە ئەوەیە کە لەکوێدا دۆزراونەتەوە.

یەکەم کۆمەڵە بەڵگەنامە لەلایەن پارێزەرانی بایدن لە دۆڵابێکی داخراودا لە نوسینگەیەکی بایدن کە ناوەندێکی فیکرییە لە واشنتن، دۆزرایەوە.

دواتر بەشی دووەمی بەڵگەنامەکان لە گەراجی ماڵی بایدن لە ویلمنگتۆن لە ویلایەتی دێلوێر دۆزرایەوە و بەڵگەنامەیەکی تاکلاپەڕەییش لە ژورێکی تەنیشتیدا دۆزرایەوە.

لێکۆڵەران دەیانەوێت بزانن کێ دەستی بەو شوێنانە گەیشتوە و فایلەکان چەندە بە شێوەیەکی پارێزراو هەڵگیراون.

کۆمارییەکانی نێو کۆنگرێس داوای بینینی تۆماری سەردانیکەرانی ماڵی بایدنیان کردووە و دەڵێن دۆزینەوەی ئەو فایلانە لە یەکێک لە شوێنەکانی نیشتەجێبوونیدا مەترسی لەسەر ئاسایشی نیشتمانیی دروستدەکات.

بۆچی راگەیاندنی دۆزینەوەی فایلەکان دواخرا؟

بەگوێرەی کۆشکی سپی، پارێزەرانی بایدن بۆ یەکەمجار چەند بەڵگەنامەیەکی نهێنییان لە 2ی تشرینی دووەمدا دۆزیەوە، کە دەکاتە تەنها هەفتەیەک پێش هەڵبژاردنەکانی نیوەخولی ئەمریکا. ئاماژەی بەوەشکردووە، هەر لەو رۆژەدا ئەو دۆزینەوەیان بە دامەزراوەی ئەرشیفی نیشتمانی راگەیاندووە، بەڵام لە 3ی ئەم مانگەدا فایلەکانیان وەرگرتەوە و دۆسیەکەیان رەوانەی وەزارەتی داد کردووە.

هەواڵی بەڵگەنامە دۆزراوەکان لەم مانگەدا لەلایەن کەناڵی سی بی ئێس نیوزەوە بڵاوکرایەوە و لەلایەن کۆشکی سپییەوە هەواڵەکە پشتڕاستکرایەوە، ئەمەش بووە هۆی ئەوەی تۆمەتەکان بخرێنە پاڵ کۆشکی سپی کە پێش هەڵبژاردنەکانی نیوەخول بە ئەنقەست لەبارەی فایلەکانەوە بێدەنگ بووە.

کیڤن مەکارتی، سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریکا لە پشکی کۆمارییەکان رایگەیاند: “کۆشکی سپی لەکاتی ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکاندا دەیزانی ئەمە رویداوە، هەر ئەمەش وایکردووە ئەمریکییەکان متمانەیان بە حکومەتەکەیان نەبێت.”

لەلایەکی دیکەوە کۆشکی سپی رەتیدەکاتەوە کە راگەیاندنی دۆزینەوەی فایلەکان بۆ رای گشتی بە ئەنقەست دواخرابێت.

بایدن لەوبارەیەوە رایگەیاندووە کە “سەری سوڕماوە” کاتێک زانیویەتی بەڵگەنامەی نهێنی لە ئۆفیسە کۆنەکەیدا دۆزراوەتەوە. گوتیشی لای رون نییە کەی ئەو فایلانەی بینیوە.

سزاکان بۆ بایدن و تیمەکەی چی دەبن؟

هێشتا زووە بگوترێت ئایا سەرۆک یان هەر یەکێک لە هاوکارەکانی روبەڕوی سزای یاسایی دەبنەوە یان نا.

ئەوەی تاوەکو ئێستا زانراوە ئەوەیە کە رۆبەرت هور وەک راوێژکاری تایبەتی دەستنیشانکراوە بۆ لێکۆڵینەوە لە دۆسییەکان. بەگوێرەى یاسای تاوانەکانی ئەمریکا، “دەستڕاگەیشتن بە بەڵگەنامە نهێنییەکانی ئەمریکا بەبێ مۆڵەت بەتاوان هەژماردەکرێت.”

بەڵام بەگوتەى دەیڤید وەینشتاین، داواکاری گشتی فیدراڵی لە فلۆریدا، چەند شتێک وایکردووە تۆماتبارکردنی بایدن بەدوور بزانرێت.

بۆ تۆمەتبارکردنی بایدن و تیمەکەی، دەبێت داواکاری گشتی بیسەلمێنێت کە بەڵگەنامە نهێنییەکان بە ئاگاداری بایدن و تیمەکەی براونەتە دەرەوەی کۆشکی سپی و ‌هەڵگیراون. دووەمیش، گوتی، بەگوێرەى یاسا، وەزارەتی داد لە دەسەڵاتیدا نییە سەرۆکی ئێستای وڵات تۆمەتبار بکات.

وەینشتاین گوتیشی: “ئەمە لە روی سیاسییەوە کێشەیەکی گەورە بۆ بایدن دروستدەکات نەک لەرووی تاوانکارییەوە.”

 

هەواڵی زیاتر

Back to top button