خوێندکارانی ئەمریکا چەندین رۆژە دژی جەنگی غەزە خۆپیشاندان دەکەن

واشنتن پۆست: تائێستا نزیکەی 1700 خوێندکار لەلایەن پۆلیسەوە دەستگیرکراون

زووم…

 

ماوەی دوو هەفتەیە دۆخی زانکۆکانی ئەمریکا شڵەژاوە و خوێندکاران داوای راگرتنی جەنگی غەزە دەکەن، هێزەکانی پۆلیسیش بەردەوامن لە دەستگیرکردنی خوێندکارانی خۆپیشاندەر و تەنها شەوی رابردوو هێزەکانی پۆلیس لە زانکۆی تەکساس دەیان خوێندکاریان دەستگیرکرد.

زانکۆکانی فۆردهام و پەیمانگەی تەکنەلۆجی ماسەچوسێتس و زانکۆی کالیفۆرنیاش بەدەر نین لەم بارودۆخە، شەوی رابردوو پۆلیس دەیان خوێندکاری لە زانکۆی فۆردهام دەستگیرکرد و دەیان ئۆتۆمبێلی پۆلیس چوونە نێو زانکۆکان و بە زەبری هێز بڵاوەیان بە خۆپیشاندەران کرد.

هەر شەوی رابردوو لە زانکۆی کالیفۆرنیا لە لۆس ئەنجلس دوای ئەوەی خۆپیشاندەرانی یاخی دایان بەسەر خێمەی ئەو خوێندکارانەی پشتیوانیی فەلەستین دەکەن، دەیان ئۆتۆمبێلی پۆلیس دەستیان بە گەڕان و پشکنین لەناو  کەمپی زانکۆکە کرد.

لە مانگی رابردووەوە خۆپیشاندان بەلایەنی کەمەوە 30 زانکۆی ئەمریکای گرتووەتەوە.

لە زانکۆکانی کۆڵۆمبیا و زە سیتی یونیڤێرستی لە نیویۆرک، هێزەکانی پۆلیس بە زەبری هێز بڵاوەیان بە خۆپیشاندەران کرد و ژمارەیەک لە خوێندکاران دژی ئەم رەفتارانەی پۆلیس وەستاونەوە.

کایا شا، گوتەبێژی خۆپیشاندەرانی فەلەستین لە زانکۆی کۆڵۆمبیا بە ئاژانسی فرانس پرێسی گوت، کۆمەڵکوژی غەزە روونادات گەر ئەمریکا نەبێت، ئەمریکا بە پشتیوانیکردنی دارایی ئیسرائیل کوژرانی 35 هەزار فەلەستینی فەرامۆشدەکات، کەواتە گرنگ نییە ئیسرائیل چی دەکات، ئەمریکا بەردەوامە لە پشتیوانیکردنی ئەم کۆمەڵکوژییە.

لە شەوی رابردووەوە سەدان پۆلیس و ئاسایش لە زانکۆی کالیفۆرنیا لە لۆس ئەنجڵس کۆبوونەتەوە و هەوڵی کۆکردنەوەی خێمەی خۆپیشاندەران دەدەن.

لەلایەکی دیکەوە سەدان چالاکوان کە پشتیوانیی فەلەستینییەکان دەکەن، لە دەرەوەی خێمەی خۆپیشاندەران دژی رەفتارەکانی پۆلیس وەستانەوە و هاواریان دەکرد “ئازادی بۆ فەڵەستین”.

بەگوێرەی نوێترین ئاماریش کە رۆژنامەی واشنتن پۆست ئاشکرایکردووە، تائێستا نزیکەی هەزار و 700 خوێندکاری ئەو زانکۆیانە لەلایەن پۆلیسەوە دەستگیرکراون

 

 

 

 

 

 

 

هەواڵی زیاتر

Back to top button