ئیسرائیل بە رێگایەک غەزە دەکات بە دوو بەشەوە

زووم:

شیکارییەک بۆ چەند وێنەیەکی مانگە دەستکردەکان دەریدەخەن، رێگایەک، کە لەلایەن سوپای ئیسرائیلەوە دروستکراوە و غەزە دەکات بە دووبەشەوە، لەم رێگە تازەیەشەوە ئیسرائیل چەندین ئامانج دەستدەخات.

ئەو شیکارییە ئەمڕۆ شەممە، لەلایەن تۆڕی سی ئێن ئێنی ئەمریکییەوە ئەنجامدراوە، روونیدەکەنەوە، ئەو رێگایە گەیشتووەتە کەنارەکانی دەریای ناوەڕاست، ئەوەش سەلمێنەری ئەو راستییەیە ئیسرائیل بەنیازە بەتەواوەتی غەزە لەت بکات.

بەرپرسانی ئیسرائیلیش ویستەکە ناشارنەوە و دەڵێن، پرۆژەکە بەشێکە لە پلانێکی ئەمنی بۆ کۆنترۆڵکردنی ناوچەکە بۆ ماوەی چەند مانگ و تەنانەت چەند ساڵی داهاتوو.

میدیای سەربازیی ئیسرائیل وا باسی ئەو رێگایە دەکات، کە لەلایەن ئیسرائیلەوە بەکاردەهێنرێت بۆ دامەزراندنی چەند بنکەیەکی ئۆپەراسیۆنی سەربازیی لە ناوچەکە، هەروەها تێپەڕبوونی سەربازەکان و گەیشتی پشتیوانی بە سوپای ئیسرائیل ئاساندەکات.

بەگوێرەی رۆژنامەی یەدیعوت ئەحرونوتی ئیسرائیلی، ئەو رێگایە پێش جەنگی غەزەی نێوان حەماس و ئیسرائیل هەبووە، بەڵام ئیستا نۆژەندەکرێتەوە، چونکە تانک و زرێپۆشەکان لە رێگەکانی دیکەوە زیانێکی زۆریان پێگەیشتووە، بەڵام ئەم رێگایە سەلامەتی و چاودێرییان مسۆگەردەکات.

ئەو رێڕەوە ناوی “تەنساریم”ــە، لە ئۆردوگایەکی جوونشینی پێشووی غەزەوە ناونراوە.

ئەمیحای شێکلی وەزیری کاروباری رەوەندی ئیسرائیل، بە سی ئێن ئێنی گوتووە، رێگا تازەکە ئاسانکاریی تەواوەتی بۆ سوپای ئیسرائیل دەکات لە دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنەکانی سەربازی لە باکوور و باشووری غەزە.

دەشڵێت رێگاکە سێ سایدە، یەکێکیان بۆ تانکی قورس و زرێپۆش، یەکێکی دیکەیان بۆ ئۆتۆمبێلی ئاسایی و سێیەمیشیان بۆ جووڵە و ئۆپەراسیۆنی خێرا.

ئیمیلی هاردینگ، بەڕێوەبەری پرۆگرامی هەواڵگری و ئاسایشی نیشتمانی و تەکنەلۆژیا لە سەنتەری لێکۆڵینەوە ستراتیژی و نێودەوڵەتییەکان لە واشنتۆن، قسەی بۆ سی ئێن ئێن کردووە، دەڵێت، رێگە تازەکە ئاسانکاریی دەکات بۆ پشکنینی ئەو کەسانەی لە نێوان باکوور و باشووردا هاتوچۆ دەکەن، بۆ ئەوەی بزانرێت سەر بە بزووتنەوەی حەماسن یان نا.

 

هەواڵی زیاتر

Back to top button