زووم..
ئاسایشی رۆژاڤا رایگەیاند، لە درێژەی ئۆپراسیۆنە سەربازییەکەیاندا لە کەمپی هۆل، چوار چەکداری داعشیان دەستگیرکردووە.
ئاسایشی رۆژاڤا لە راگەیەندراوێکدا دەڵێت، بۆ رۆژی سێیەم بەردەوامن لە پشکنینی کەمپی هۆل و درەنگی شەوی رابردوو چوار چەکداری داعشیان دەستگیرکردووە، لە شوێنی دەستگیرکردنەکەیاندا دەستیان بەسەر چەک و تەقەمەنیدا گرتووە.
هاوکات جیهان حەنان لە ئیدارەی بەڕێوەبردنی کەمپی هۆل بە ئاژانسی هاوار نیوزی گوتووە، بەمدواییانە هەوڵی هەڵاتنی ئەندامانی خێزانەکانی داعش لە کەمپەکە زۆر زیادیان کردووە، بەتایبەت قاچاقچێتیی خێزانە عێراقییە داعشەکان زۆرتر بووە، بەڵام ئەوانەی هەوڵی هەڵاتنیان داوە، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی کەمپەکەوە دەستگیر کراونەوە.
دەشڵێت، پێشتر هەندێک خێزان توانیویانە هەڵبێن، لەنێویاندا منداڵانی تەمەن 16 ساڵی تێدا بووە و گەیشتوونەتە ناوچەکانی دیکەی سوریا.
ئەو بەرپرسەی کەمپی هۆل ئاماژەی بەوەشداوە، لەلایەن خێزان و منداڵەکانی چەکدارانی داعشەوە هێرشدەکرێتە سەر کارمەندانی رێکخراوەکان و تیمەکانیان، کە ئەرکی بەڕێوەبردنی کەمپەکەیان لەئەستۆیە.