ژن و مێردێك خوشك و برای یەكتر دەرچوون

ژن و مێردێک لە شاری سلێمانی پاش بەڕێکردنی سێ ساڵ ژیانی هاوسەریی، بۆیان دەردەکەوێت “خوشک و برای شیریین”.

واتە بە منداڵیی یەکێکیان شیری دایکی ئەوی دیکەی پێدراوە، هەربۆیە ژنەکە پەنا بۆ دادگا دەبات و دواتر بە بڕیارێک بۆ هەتاهەتایە لەیەکدی جیادەکرێنەوە.

ئەو ژن و پیاوە لە ساڵی 2018 هاوسەرگیرییان کردووە، نزیکەی سێ ساڵیان بەبێ گرفت بەڕێکردووە، بەڵام لەناکاو ئاشکرابوونی نهێنییەک، کۆتایی بە پەیوەندیی نێوانیان هێناوە.

ژن و مێردەکە خزمی نزیکی یەکدی بوون، پیاوەکە بە منداڵی شیری دایکی هاوسەرەکەی خواردووە، بەڵام ئەمە ساڵانێکی زۆر بە نهێنی ماوەتەوە.

لە سێیەم ساڵی هاوسەرگیرییەکەیاندا، ژنەکە لەرێگەی کەسە نزیکەکانیەوە نهێنییەکەی بۆ ئاشکرادەبێت، هەرچەندە مێردەکەی لەگەڵ ئەوەدانییە باسەکە بوروژێنرێت، بەڵام ژنەکە سوورە لەسەری و پەنا دەبات بۆ مامۆستایانی ئاینی و دواتریش لیژنەی فتوا، بەڵام لەو دوو رێگەیەوە هیچی دەستناکەوێت، لەکۆتاییدا دەچێتە دادگای سلێمانی و بابەتەکە بۆ دادگا دەگێڕێتەوە.

بەگوێرەی یاسای باری کەسێتی، شیرخواردن حەرامی هەتاهەتایی دروستدەکات، بەڵام یاساکە ناچێتە وردەکارییەوە و چۆنێتی و چەندێتی شیرپێدانەکە روون ناکاتەوە، هەربۆیە ئەو دادوەرەی دۆسیەکە وەردەگرێت
دەگەڕێتەوە بۆ ئەحکامی شەرعی و بڕیاردەدات، ژن و مێردەکە هەتا هەتایە لەیەکدی جیاببنەوە، ئەمەیش بەگوێرەی ئەو بەڵگە یاساییانەی “زووم” دەستیکەوتوون.

ئەو دادوەری بڕیارەکەی داوە، هەمان ئەو دادوەرەیە کە لەماوەی رابردوودا
بە مەرجی جێبەجێکردنی ئەحکامی ئاینی ئیسلام، دوو هاوسەری پێکهێنایەوە و رێگریی کرد لەوەی جیاببنەوە، مەرجی ئەوەی بۆ پیاوەکە دانابوو، کە 60 کەسی هەژار تێربکات یاخود دوو مانگ لەسەریەک بەڕۆژوو ببێت، وەکو ئەوەی دادوەرەکە بیەوێت حوکمی خودا جێبەجێبکات.

 

 

هەواڵی زیاتر

Back to top button