بلۆگەرێکی ئێرانی تۆمەتی “بەدڕەوشتی” دەخرێتەپاڵ و ئەگەری هەیە لەسێدارەبدرێت

بیتا حەقانی تەمەنی 22 ساڵە و 21 رۆژە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستگیرکراوە

زووم، ئاژانسەکان:

حکومەتی ئێران کچێکی بلۆگەری تەمەن 22 ساڵی بەناوی “بیتا حەقانی” بە تۆمەتی بڵاوکردنەوەی “بەدڕەوشتی” دەستگیر کردووە و مەترسی ئەوەی لەسەر سزای لەسێدارەدانی بەسەردا بسەپێنرێت.

مەسیح عەلینەژاد چالاکی مافەکانی مرۆڤ، کە لە ئەمریکا دەژی، دەڵێت، خانەوادەی بیتا حەقانی “زۆر نیگەرانن” لەوەی دەسەڵاتی دادوەریی ئێران، سزای لە سێدارەدان بەسەر کچەکەیاندا جێبەجێ بکەن.

بیتا حەقانی 21 رۆژ لەمەوبەر لە پارێزگای مازندەرانی باکوری ئێران لەلایەن هێزە ئەمنیەکانەوە دەستگیرکراوە و بەگوێرەی میدیاکانی ئۆپۆزسیۆنی ئێران، ئێستا لە زیندانێکی تاکەکەسی ئیتلاعاتی سوپای پاسدارانی قائیم شەهری ئەو پارێزگایە راگیراوە.

هەرچەندە تاوەکو ئێستا، بیتا حەقانی دادگایی نەکراوە و کاتی دادگاییکردنیشی ئاشکرا نەکراوە، بەڵام یەکلابووەتەوە، کە تۆمەتی بڵاوکردنەوەی “بەدڕەوشتی” خراوەتە پاڵ و بەگوێرەی یاساکانی ئێرانیش ئەو تۆمەتە سزای لەسێدارەدانی بەدواوەیە.

بەگوێرەی ئاماری رێکخراوی مافەکانی مرۆڤی ئێران، لە 16ی ئەیلولەوە تاوەکو ئێستا، نزیکەی 470 کەس لە سەرتاسەری ئێران کوژراون کە لەو ژمارەیە 32 کەسیان ژن و 63 کەسیان منداڵن.

تاوەکو ئێستا دوو خۆپیشاندەر لەسێدارەدراون و مەترسی جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدان لەسەر نزیکەی 40 کەسی دیکە هەیە.

 

هەواڵی زیاتر

Back to top button