دوو کەس لە کوژراوەکانى دەریاى سوور فلیپینین

 زووم:

حووسییەکانی یەمەن ‌ھێرشێکی مووشەکی بالیستييان لە کەنداوی عەدەن كردە سەر کەشتییەک و لە ئەنجامدا سێ کەشتیوان کوژران و چواری دیکەش برینداربوون، برینی سیانیان سەختە.

فەرماندەی ناوەندیی ھێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەى بەوەکردووە، ھێرشەکە دوێنێ چوارشەممە کاتژمێر ١٠:٣٠ى شەو بەکاتی سەنعای پایتەختی یەمەن لە رێگەی مووشەکی بالیستی دژە-کەشتی ئەنجامدراوە.

لە ھێرشەکەدا، کەشتییەکی بارھەڵگری لیبیریا کراوەتە ئامانج بە ناوى “ئێم/ڤی تروو کەنفیدێنس” و بەھۆیەوە سێ کەشتیوانی سەر کەشتییەکە گیانیان لەدەستداو و لانیکەم چواری دیکەش برینداربوون، کە برینی سیانیان سەختە. زیانێکی زۆریش بەر کەشتییەکە کەوتووە.

تائێستا ناسنامەى دوو لە کوژراوەکان یەکلابووەتەوە و وەزیری کۆچبەرانی فلیپین رایگەیاند، دوو کەس لەوانەی گیانیان لەدەستداوە ھاوڵاتی وڵاتەکەین.

کەشتییە جەنگییەکانی ھاوپەیمانان لە ناوچەکە خەریکی ھەڵسەنگاندنی دۆخەکەن و بەھۆی مەترسی لەسەر ژیانی تیمى کەشتییە بەئامانجگیراوەکە، سەرجەم کارمەندەکان کەشتییەکەیان جێھێشتووە.

لەماوەی دوو رۆژی رابردوودا ئەمە بۆ جارى پێنجەمە حووسییەکان بە مووشەکی بالیستی ھێرشی ھاوشێوە ئەنجام دەدەن، دوو لە هێرشەکان زیانی بە کەشتییە بازرگانییەکان گەیاندووە کە بەو دەریایەدا ھاتوچۆ دەکەن.

سێنتکۆم دەڵێت، ئەم ھێرشە بەردەوامانەى حووسیەکان تەگەرەی خستووەتە بەردەم رێرەوی بازرگانی نێودەوڵەتی و ژیانی دەریاوانە نێودەوڵەتییەکانی خستووەتە مەترسییەوە.

ھێرشی حووسییەکان بۆسەر کەشتییە جەنگی و بازرگانییەکانی دەریای سوور و کەنداوی عەدەن لە پاش رووداوەکانی ٧ی ئۆکتۆبەری ساڵی رابردووەوە دەستیپێکردووە و تائێستا زیانیان بە چەندین کەشتی گەیاندووە و دەستیان بەسەر کەشتییەکیشدا گرتووە.

ئەمریکا، بەریتانیا و وڵاتانی ھاوپەیمانان چەندجارێک ھێرشی چڕیان بۆسەر پێگەی حوسییەکان ئەنجامداوە، تا ئێستا ھێرشەکانیان بەردەوامن. ئەمریکاش ئێران تۆمەتبار دەکات بەوەی پشتیوانی لە حووسییەکان دەکات بۆ ئەنجامدانی ئەو ھێرشانە.

لەبەرامبەردا ئێران ئەمە رەتدەکاتەوە و دەڵێت، حووسییەکان خۆیان بڕیار لەبارەی کار و چالاکییەکانی خۆیانەوە دەدەن و پەیوەندی هەیە بە ھاوسۆزیی حووسییەکان بۆ ھاوڵاتییانی فەلەستین. حووسییەکانیش دەڵێن تا ھێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر غەزە بەردەوام بن ئەوانیش ھێرشەکانیان بۆسەر دەریای سوور بەردەوام دەبێت.

هەواڵی زیاتر

Back to top button