ئەمڕۆ ڤلادیمێر پوتین سوێندی یاسایی خوارد

زووم…

 

ئەمڕۆ ڤلادیمێر پوتین لە بۆنەیەکی سەرۆکایەتیدا سوێندی یاسایی خوارد و بۆ جاری پێنجەم بوویەوە بە سەرۆکی روسیا. بەوەش بووە یەکەم کەس لە روسیا کە ئەو ماوە درێژە لەو پۆستەدا بمێنێتەوە، کەناڵی بی بی سی دەڵێت، ئەگەر چاویشی بەسترابێتەوە دەتوانێت بەڕێوەی ببات ئەوەندە شارەزایی پەیدا کردووە.

سەرۆکی کۆشکی کرێملن ئێستا تەمەنی 71 ساڵە، لە سەرەتای ئەم سەدەیەوە بووە بە سەرۆکی رووسیا، مانگی ئازاری رابردوو کە هەڵبژاردن کرا، توانیی هەموو نەیارەکانی رابماڵێت و خۆی بە تەنها لە پێشەوە بمێنێتەوە.

نیوەڕۆی ئەمڕۆ بە کاتی کوردستان بۆنەی سوێندخواردنەکەی لە سەرجەم کەناڵەکانی رووسیاوە  پەخشکرا. پوتین وەک سەرۆکی نوێ لە ئۆتۆمبێلێکی گرانبەهای رازێندراوەدا دەبرێتەوە ناو کۆشکی سانت ئەندرۆ لە کرملین.

پاش گەشتنەکەی، بە هۆڵی سەرەکیی کۆشکی سانت ئەندرۆ ، کە بەباشی بۆ ئەم بۆنەیە رازێنراوەتەوە، سوێندی خوارد و پاشان گوتارێکی کورتی ئاراستەی گەلی رووسی کرد.

نوێنەرایەتیی زۆر وڵات جگە لە ئەمریکا بۆ بۆنەکە بانگهێشتکرابوون بەڵام ئەوان نەچوون. بڕیاربوو پیێر لیڤی باڵوێزی فەرەنسەش بەشداری بۆنەکە بکات، بەڵام وڵاتانی تری ئەوروپا، بە پۆڵەندە و ئەڵمانیا و چیکیشەوە گوتبوویان ئەوان نوێنەری خۆیان نانێرن. هۆکارەکەشی شەڕی ئۆکراینیایە.

زۆر ناوەندی دنیا رەخنەیان لەوە هەبوو پوتین لە هەڵبژاردنەکاندا لەسەدا 87ـی دەنگەکانی بەدەستهێنابوو، هەندێک لە چاودێران و ناوەندی ئۆپۆزسیۆن گوتیان ئەو ئەنجامانە دەستکاری کراون.

نۆیەم رۆژی مانگی ئایار روسیا ئاهەنگ بۆ یادی سەرکەوتنی سوپاکەیان بەسەر سوپای نازییەکانی ئەڵمانیادا دەگێڕێت، پوتین بۆنەی سوێندخواردنەکەی خۆیی خستە دوو رۆژ پێش ئەویادە، دەیەوێت بە خەڵک بڵێت کارەکانی ئەمیش لە چەنگی ئۆکراینیادا سەرکەوتنێکی ترە بۆ رووسیا.

 

هەواڵی زیاتر

Back to top button