ئەمریکا: کۆبوونەوەی نێچیرڤان بارزانی لەگەڵ سودانی و میری قەتەر، هەماهەنگی بەغداد و هەولێر زیاتر دەکات

زووم

کۆشکى سپی رایگەیاند، پێشوازى لە سەردانى شێخ تەمیم بن حەمەد، میرى قەتەر بۆ بەغداد دەکەین و پێشوازیش لە بەشدارى نێچیرڤان بارزانى سەرۆکى هەرێمى کوردستان لە گفتوگۆکان دەکەین.

پێنجشەممەى رابردوو شێخ تەمیم بن حەمەد، میرى قەتەر سەردانى بەغدادى کرد، هەریەک لە محەمەد شیاع، سەرۆکوەزیرانى عێراق، محەمەد حەلبوسى، سەرۆکى پەرلەمانى عێراق و نێچیرڤان بارزانى، سەرۆکى هەرێمى کوردستان پێشوازییان لێکرد.

کۆشکى سپی رۆژى هەینى راگەیەندراوێکى لەبارەى سەردانەکە بڵاوکردەوە و رایگەیاند، “پێشوازی لە سەردانەکەی ئەمیر شێخ تەمیم بن حەمەد بۆ بەغداد دەکەین، پشتیوانى لە هەنگاوەکانى عێراق بۆ سەربەخۆی وەزە و بەستنەوەى تۆڕى کارەباى عێراق بە کەنداو و ئوردن دەکەین”

کۆشکى سپی رایگەیاندووە، “پێشوازى لە بەشدارى نێچیرڤان بارزانى، سەرۆکى هەرێمى کوردستان دەکەین، لە گفتوگۆکاندا و پێمانوایە دەبێتە هەنگاوێک بۆ بەرزکردنەوەى هەماهەنگى نێوان بەغداد و هەرێمى کوردستان”.

کۆشکى سپی، سەربەخۆى وەزەى عێراقى بەستووەتەوە بە سەردانەکەى ساڵى رابردووى جۆ بایدن، سەرۆکى ئەمریکا بۆ رۆژهەڵاتى ناوەڕاست.

کۆشکى سپی، پرۆژەى بەستنەوەى تۆڕى کارەباى عێراق بە کەنداو و ئوردن بە گرنگ وەسف دەکات و دەڵێت ئەم پرۆژەیە کە لەگەڵ کۆمپانیای تۆتاڵ ئینێرجی و کۆمپانیاکانى ئەمریکا و قەتەر واژۆکراون، بەهەدەردانى گاز کەمدەکاتەوە و پێویستى عێراقییەکانیش دابین دەکات.

پاش کۆبوونەوەکەیان محەمەد شیاع سودانى، سەرۆکوەزیرانى عێراق لە تویتەر نوسی، “گفتوگۆیەکى بنیاتنەرانەمان لەگەڵ سەردانى شێخ تەمیم بن حەمەد، میرى قەتەر ئەنجامدا”.

لەبارەى سەردانەکەى شێح تەمیم بن حەمەد لە تویتەر نوسی، “لەگەڵ محەمەد شیاع سودانى، سەرۆکوەزیرانى عێراق گفتوگۆم لەبارەى رێگەکانى پەیوەندى نێوان هەردوو وڵات کرد”.

ئەو دەڵێت پاڵپشتى قەتەرم بۆ یەکگرتووى عێراق و سەقامگیر دوپاکردەوە، لەگەڵ گەڕاندنەوەى عێراق لە ناوچەکە و جیهاندا.

نێچرڤان بارزانى لە تویتەر نوسی، چاوەڕوانى بەرەوپێشبردنى پەیوەندییەکانى هەرێمى کوردستان و عێراق و قەتەر دەکەین.

 

هەواڵی زیاتر

Back to top button