رۆیتەرز: بەهۆى راگرتنى هەناردەى نەوتەکەى هەرێمى کوردستان 550 ملیۆن دۆلار زیانى بەرکەوتووە

عێراق تاوەکو ئێستا داواى لە تورکیا نەکردووە هەناردەى نەوتى هەرێمى کوردستان دەستپێبکاتەوە

زووم، رۆیتەرز

بەگوێرەى راپۆرتێکى ئاژانسی رۆیتەرز، تاوەکو ئێستا حکومەتى عێراق داواى لە تورکیا نەکردووە بۆ دەستپێکردنەوەى هەناردەى نەوتى هەرێمى کوردستان بۆ تورکیا، کە ماوەى سێ هەفتەیە راگیراوە.

لە رۆژى 23ـى  ئازارى 2023، دادگای ژوری بازرگانیی نێودەوڵەتیی پاریس تورکیای پابەند کرد کە بە بڕی یەک ملیار و 500 ملیۆن دۆلار قەرەبووی زیانەکانی عێراق بکاتەوە کە لەنێوان ساڵەکانی 2014 بۆ 2018 بەهۆی هەناردەی نەوتی هەرێمى کوردستانەوە بەریکەوتووە.

دواى بڕیارەکە تورکیا لە رۆژى 25ـى ئازارەوە هەناردەى نەوتى هەرێمى کوردستان بۆ دەرەوە راگرت.

بەگوێرەى راپۆرتەکەى رۆیتەرز، تورکیا داوا دەکات لەسەر ئەو بڕە پارەیە رێککەوتنێک بکرێت و دۆسیەیەکى دیکەش کە تایبەتە بە هەمان پرس لە ساڵی 2018 یەکلایی بکرێتەوە، پێش ئەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمى کوردستان دەست پێبکاتەوە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لە پرسەکە بە رۆیتەرزی راگەیاندووە، تاوەکو ئێستا کۆمپانیا نەوتییەکان لە هەرێمى کوردستان هیچ رێنماییەکیان بەدەستنەگەیشتووە بۆدەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت.

دوو سەرجاوەی دیکەی ئاگاداریش بە ئاژانسەکەیان گوتووە، تاوەکو ئێستا بەغداد هیچ داوایەکی لە تورکیا نەکردووە بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتى هەرێمى کوردستان.

لاوک غەفوری، بەرپرسی کارباری میدیای بیانی حکومەتی هەرێمى کوردستان بە رۆیتەرزى رایگەیاند، “هەموو پرسێکی تایبەت بە نەوت ئێستا لەنێو دەستی بەغداد و ئەنقەرەدایە، دەبێت هەردوولا رێکبکەون بۆئەوەی هەناردەی نەوت دەست پێبکاتەوە”.

سەرچاوەیەکی جیاواز بە رۆیتەرزی گوتووە، تورکیا دەیەوێت لەبارەی پرسی یەک ملیار و 400 ملیۆن دۆلارەکە، کۆبوونەوەی روبەڕوو لەگەڵ عێراقدا بکات.

هاوکات دوو سەرچاوەی عێراقی بە رۆیتەرزیان گوتووە، کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق ناسراو بە سۆمۆ، لەگەڵ وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی هەرێمى کوردستان لە چاوەڕوانی چارەسەری چەند کێشەیەکی تەکنیکی دان، کە “زۆر گرنگن” بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت.

رۆژى 4ـى نیسان هەولێر و بەغداد رێکەوتنێکی سەرەتاییان واژۆکرد بەو هیوایەی هەناردەی نەوت دەستپێبکاتەوە. بەگوێرەی رۆیتەرز، بەهۆی وەستانی نەوتەوە، هەرێمى کوردستان تاوەکو ئێستا 550 ملیۆن دۆلاری زەرەری کردووە، ئەمەش بەگوێرەی خەمڵاندنی 375 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە؛ داشکانی نرخی نەوتی هەرێمى کوردستان لە هەمبەر نرخی راستەقینەی نەوتی برێنت و 20 رۆژ لە وەستانی نەوتەکە.

رۆیتەرز هەوڵی داوە پەیوەندی بە وەزارەتی وزەی تورکیا و وەزارەتی نەوتی عێراقەوە بکات، بەڵام هیچ لەیەنێکیان ئامادە نەبووەن لەوبارەیەوە قسە بکەن.

ئەم وەستانە لەکاتێکدایە، هەفتەی رابردوو عێراق لە دادگای فیدراڵی ئەمریکا سکاڵایەکی تۆمارکرد بۆ ئەوەی رێککەوتنەکە وەک خۆی جێبەجێ بکرێت.

 

 

 

هەواڵی زیاتر

Back to top button