دیاردەی سەگی بێلانە زۆرێک لە وڵاتانی تووشی گرفت کردووە

زووم…

 

مامەڵەی وڵاتان بۆ چارەسەری دیاردەکە جۆراوجۆرە، هەریەکەو بەگوێرەی نەریتی کۆمەڵایەتی و ئاینی و ئاستی رۆشنبیریی کۆمەڵگەکە، دەست بۆ چارەسەر دەبەن.

وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، زیاتر پەنا بۆ کوشتاری سەگی بێلانە دەبەن

لە وڵاتێکی وەکو تونس، کە ژمارەیەکی زۆر سەگی بێلانەی هەیە، پێش شۆڕشی یاسەمین لە ساڵی 2011، ساڵانە 60 هەزار بۆ 70 هەزار سەگ دەکوژران، بەڵام هێشتا ساڵانە نزیکەی 35 هەزار رووداوی هێرشی سەگی بێلانە بۆسەر مرۆڤ تۆمار دەکرێت.

لە عێراقیش ناوبەناو هەڵمەتی لە ناوبردنی سەگی بێلانە ئەنجامدەدرێت، بەڵام ماوەیەکە ئەو جۆرە لە چارەسەری گرفتەکە کۆتایی هاتووە و بەمدواییانە شێڵتەری لەخۆگرتنی سەگی بێلانە کرایەوە.

وڵاتانی ئاسیا جیاوازتر مامەڵە دەکەن، لە وڵاتێکی وەکو میانمار، دروشم و گۆرانیی ئاینی بوزییەکان لە رێی بڵندگۆکانەوە بەگوێی سەگی بێلانە دەدرێت، بۆئەوەی هێورببنەوە و پەلاماری مرۆڤ نەدەن، بەڵام هێشتا ساڵانە سەگی بێلانە هەزار کەس دەکاتە قوربانی

هەندێک لەوڵاتانی ئەوروپی، بۆ نمونە سڕبیا، زیندانی و تاوانباران بەکاردەهێنن بۆ بەخێوکردنی سەگی بێلانە، لەمەشدا دوو ئامانج دەپێکن، یەکەمیان، دەیانەوێت تاوانبارەکە لە رەوشتی دوژمنکرانە دووربکەوێتەوە، دووەمیش، کێشەی سەگی بێلانە چارەسەر بکەن.

دوور لەم هەڵسوکەوت و رێوشوێنانە، رێگەی دیکەی زانستی هەیە، کە لە هەندێک وڵات بۆ کەمکردنەوەی ژمارەی سەگی بێلانە و رێگری لە “هاریی سەگ” پەیڕەودەکرێت، ئەویش خەساندنی سەگی نیر و رێگریی توانای زاوزێی سەگی مێیە، بۆ ئەوەی چیتر ژمارەی سەگی بێلانە زۆر نەبێت.

لەم چارەسەرەیاندا، لەکاتی گرتنی سەگە بێلانەکان، جگە لە نەهێشتنی توانای زاوزێ، دەرزیی هارییان لێدەدرێت، بۆئەوەی نەبنە مەترسی لەسەر مرۆڤ.

 

هەواڵی زیاتر

Back to top button