تەندروستیی هەرێم: هەر پزیشک و کارمەندێکی تەندروستی ریکلام بۆ شیر بکات سزا دەدرێت

زووم..

وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان هەشت بڕیاری لەبارەی ریکلامکردن بۆ شیری منداڵان دەرکرد و تێیدا هاتووە، هەر پزیشکێک، کارمەندێکی تەندروستی یاخود فەرمانبەرێک ریکلامی بۆ بکات سزا دەدرێت.

بەگوێرەی فەرمانەکەی وەزارەتی تەندروستی، پێدانی شیر و تەواوکەری خۆراکیی منداڵان بە هاووڵاتیان لە نەخۆشخانەکانی لە دایکبوون و بنکە تەندروستیەکان و سەنتەرەکانی کوتانی منداڵان قەدەغەیە، هەروەها بوونی نوێنەری کۆمپانیاکانی تایبەت بە شیری منداڵان، لە نەخۆشخانە حکومی و ناحکومییەکان و سەنتەرەکانی کوتانی منداڵان و هەر دامەزراوەیەکی تەندروستی، بۆ ریکلامکردن بۆ شیر یان تەواوکەری خۆراکی قەدەغەیە.

وەزارەتی تەندروستی دەشڵێت، هەر پزیشک و کارمەندێکی تەندروستی و فەرمانبەرێک ریکلام بۆ هەر کۆمپانیایەک بکات سزادەدرێت و لەو شوێنە دەگوازرێتەوە، هەر خۆبەخشێک کار لەگەڵ کۆمپانیای شیر یان تەواوکەری خۆراکی بکات کۆتایی بە راژەکەی دەهێندرێت و رێکاری یاسایی بەرامبەر دەگیرێتەبەر.

هەروەها فرۆشتنی شیر و تەواوکەری خۆراکی لە کافتریای نەخۆشخانەکان قەدەغەیە، لەکاتی سەرپێچیدا جگە لە رێکاری یاسایی کۆتایی بە گرێبەستەکەی دەهێندرێت، هەر چالاکیەکی زانستی لەلایەن کۆمپانیاکانی شیر و تەواوکەری خۆراکیی منداڵان، پێویسە رەزامەندی پێشوەختەی وەزارەتی تەندروستی لەسەر بێت و هیچ فەرمانبەرێکی وەزارەتی تەندروستی نابێت بەشداری لەم چالاکیانە بکات بەپێچەوانەوە رێکاری یاسایی بەرامبەریان دەگیرێتەبەر، بەڕێوەبەری نەخۆشخانە و لێپرسراوی کارگێری نەخۆشخانە و بنکە تەندروستیەکان بەرپرسن لە جێبەجێکردنی ئەو بڕیارانە.

هەواڵی زیاتر

Back to top button