عێراق پاشکۆی بازرگانى لە باڵیۆزخانەى واشنتن دەکاتەوە

 زووم:

رۆژنامە ئینگلیزییەکان

ئیندیپێندنت:

ئاژاوەیەک لە سیستمی پەنابەریدا کەوتووەتەوە و سەدان کەس لە بنکەیەکی سەربازییەوە گوازرانەوە

ئەو هەنگاوەی حکومەتی بەریتانی کە دوێنێ ویستی پەنابەران لە بنکەیەکی هێزی ئاسمانیی پادشایی و بنکەی بایبی ستۆکهۆڵمدا جێگە بکاتەوە، ئاژاوەیەکی ناوەتەوە. ئێستا ئەندام پەرلەمانەکان داوا لە پارتی پارێزگاران دەکەن چارەسەرێکی نوێ بدۆزێتەوە. رۆژنامەی ئیندیپێندنت زانیویەتی کە سەدان پەنابەر هەن گوازراونەتەوە بۆ دوو بنکەی سەرەکی، کە بۆ جێگەکردنەوەی ئەو پەنابەران تەرخانکراون ونزیکن لە بنکە سەربازییەکانی ناوچەی ویزەرسفیڵدەوە لە پارێزگای ئیسێکس.

واشنتن پۆست:

پلانی ئەو راڕەوەی ئیسرائیل دەیەوێت لە غەزەدا دروستی بکات، قسەوباس لەبارەی پلانەکانی دوای جەنگ دەوروژێنێت

سەربازانی سوپای ئیسرائیل خەریکی بەهێزکردنی سەنگەرن لە دەوری راڕەوێک کە کەرتی غەزە لەناوەڕاستەوە دەکات بە دووکەرتەوە. ئەو ئاماژانەی لە مانگە دەستکردەکانەوە وێنەکانیان بەدەست هاتوون دەڵێن لە سنوری ئەو هێڵەدا کە دروستی دەکەن، هەر بینا و خانویەک بێتە رێگەیان تەفروتوونای دەکەن. پسپۆرانی کایەی سەربازی دەڵێن سوپای ئیسرائیل بەم کارەیان هێڵی ئەو رێگایە دادەڕێژن کە نیازیان وایە بنکەیەکی سەربازیی هەمیشەیی تێدا جێگیربکەن بۆ سوپای ئیسرائیل. ئەم ڕاڕەوە ناولێنراوە (راڕەوی نەتساریم) چوار میل درێژە، راستەوخۆ لە باشووری کەرتی غەزەیە، لە رۆژهەڵاتەوە بەرەو رۆژئاوا دەکشێت.

گاردیەن:

بۆمان دەرکەوتووە تێچووی ساڵانەی چاککردنەوەی زیانەکانی خواردنەوەی ئەلکحول دەگاتە 27 ملیار پاوەند
لێکۆڵینەوەیەکی نوێ ئاشکرای کردووە چاککردنەوە و کەمکردنەوەی کاریگەرییەکانی ئەو زیانانەی بەهۆی خواردنەوەی ئەلکحولەوە لە خەڵک دەکەون لە ساڵێکدا دەگات بە ٢٧ ملیار پاوەند. ئەو توێژینەوە نوێیە دەڵێت زۆربەی ئەو بودجەیە دەچێتە پێناوی چاک کردنەوەی زیانە تەندروستییەکان و چارەسەرکردنی کێشەی ئەو تاوانانەی لە کاتی سەرخۆشیدا ئەنجام دەدرێن.

دەیلی تەلەگراف:

روسیا و چین شەڕێکی راگەیاندنیان لە رێگای ماڵپەڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە لە دژی دەنگدەرانی بەریتانی دەستپێکردووە

هەریەکە لە روسیا و چین لە رێگای ماڵپەڕەکۆمەڵایەتییەکانەوە هەڵمەتێکیان دەست پێکردووە دەیانەوێت کاریگەری بخەنە سەر ئەو هاووڵاتییە بەریتانییانەی ڕەچەڵەکی پاکستانییان هەیە و دابەشبوونێک لەناویاندا دروستبکەن. چەند سەرچاوەیەکی فەرمی لە دامەزراوەی وایتهۆڵەوە ئەم زانیارییانەیان بۆ دەیلی تەلەگراف پشتڕاست کردۆتەوە. ئەو سەرچاوانە دەڵێن هەردوو وڵاتی رووسیا و چین بەرێگای ئۆنلاین کار لەسەر ئەوە دەکەن بەهۆی شەڕی ئیسرائیل و حەماسەوە بۆچوونی پاکستانییەکانی ناو بەریتانیا لەبارەی حکومەتی وڵاتەکەوە بگۆڕن.

 

رۆژنامە تورکییەکان

تورکیا

پەکەکە لە گارە دەکشێتەوە
لەگەڵ نزیکبوونەوەى ئەنجامدانى ئۆپەراسیۆنێکی هاوبەشی سەربازیی لەنێوان تورکیا و عێراق بۆ سەر ناوچەی گارە، پەکەکە سەرقاڵى چۆڵکردنى ئەو ناوچانەیە، پەکەکە لەو ناوچەیە 40 بنکەى هەیە. ئەو بنکانە ئەرشیفی پەکەکەی تیا هەڵگیراوە. نوسین و بەڵگە لەخۆدەگرێت. لەئێستادا پەکەکە نوسراو و ئەرشیفەکانى بۆ سوریا دەگوازێتەوە.

قەرار

نەرمینواندن بۆ لایەنگرانی تیرۆر نییە
دەولەت باخچەلى سەرۆکی پارتى بزاڤى نەتەوەپەرست رایگەیاند، پرۆسەى ئاساییبونەوەى سیاسی و نەرمنواندن لەگەڵ جەهەپە کارێکی دروستە و پێویستە پارتە ئۆپۆزسیۆنەکان بەشداربن لەو پڕۆسەیە، هاوکات پڕۆسەکە دەمیرتاش و ئەو پارتانە ناگرێتەوە کە لایەنگری تیرۆر دەکەن.

حوڕییەت

زیادمەسرەفى کەرتی پەروەردە ناگرێتەوە
ئۆزگور ئۆزال سەرۆکی جەهەپە رایگەیاند: ئەو سیاسەتەى حکومەت هەڵەیە کە بۆ کەمکردنەوەى خەرجییەکان رایگەیاندووە بەتایبەت لە مەسەلەی دامەزراندنى مامۆستا، حکومەت دەڵێت بەگوێرەی رێژەى خانەنشین مامۆستا دادەمەزرێنین، لەمڕۆدا 114 هەزار مامۆستا چاوەڕێی دامەزراندنن، هاوکات 23 هەزار فەرمانبەر خانەنشین کراون. لە ئەگەرى دامەزراندنى ئەو 114 هەزار مامۆستایەدا هیچ کامیان زیادە نابن بۆ کەرتی پەروەردە. بەگوێرەى پلانەکەى حکومەت بێت بۆ دامەزراندنی ئەو مامۆستایانە پێویستمان بە 65 ساڵ هەیە!

یەنی ئاکیت

هاوکاریی خێزانی کەمدەرامەت دەکرێت
ماهینوور ئۆزدەمیر وەزیرى خێزان و کۆمەڵایەتی رایگەیاند: بەمەبەستی هاوکاری کردنی خێزانە کەمدەرامەتەکان بری 4،2 ملیار لیرە خراوەتە سەر هەژمارى ئەو خێزانە کەمدەرامەتانە.

 

رۆژنامە فارسییەکان

ئەبرار

کشتوکاڵی برنج نابێ لە کرماشان رێگای پێبدرێت

بەڕێوەبەری هەماهەنگی کاروباری مەدەنی پارێزگای کرماشان خوازیاری هاوکاریی هەموو فەرمانگەکانە بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ چاندنی برنج لە پارێزگای کرماشان.
تەهماسەب نەجەفی، بە ئاماژەدان بەوەی کە ئەو بارانەی لەم دواییانەدا هەمانبوو قەرەبووی کەمی ئاوی نەکردووەتەوە.
گوتیشی، پێویستە بیر لە پاشەکەوتکردنی ئاو بکەینەوە ئەگەرنا لە ساڵانی داهاتوودا کێشەی جددیمان دەبێت، رێگریکردن لە چاندنی بەروبوومی بەکارھێنەری ئاوی زۆر بەتایبەتی برنج پێویستە بەجدی پەیڕەو بکرێت.
ناوبراو جووتیارانی کۆچبەری وەک هۆکارێکی دیکەی گرنگ باسکرد کە کاریگەرییەکی زۆریان لەسەر سەرچاوەکانی ئاو و خاکی کرماشان هەیە و گوتی: جووتیارانی کۆچبەر، بە ئامانجی زۆرترین کەڵک وەرگرتن لەو زەوییە کە بۆ ماوەیەکی دیاریکراو بەکرێیان گرتووە، زیانێکی زۆر بە سەرچاوەکانی ئاوی کرماشان دەگەیەنن.

خوب

نزیکەی 80%ـی خەڵک رازین پشتگیری لە ستەملێکراوانی جیهان بکەن

بریکاری وەزیری ئیرشادی رایگەیاند، لە دۆخێکدا کە میدیاکان هەوڵ دەدەن کێشە و نیگەرانییەکانی خەڵک بە پێچەوانەوە نیشان بدەن، لە راپرسییەکدا پرسیار لە خەڵک کرا کە ئایا ئێران دەبێ پشتگیری لە ستەملێکراوانی جیهان بکات؟ نزیکەی ٨٠٪ وەڵامەکان بەڵێ بوون.
سەید محەممەد هاشمی دەڵێت: پرسیاریان لێکرا کە ئایا رازین دەستبەرداری هێزی مووشەکی ئێران بن لە پێناو باشترکردنی پەیوەندییەکان لەگەڵ ئەمریکا و رۆژئاوا نزیکەی ٦٥٪ گوتیان نەخێر، ئێمە شتێکی وامان ناوێت. پرسیار لە خەڵک کراوە کە ئایا خەونەکانی شۆڕشی ئیسلامی بۆ منداڵەکانیان دەگوازنەوە؟ زیاتر لە ٦٠٪ی خەڵک وەڵامەکانیان بەڵێ بوو.

کار و کارگەر

کەمکردنەوەی خواردنی گۆشت لە ئێران و مەترسی بەدخۆراکی

خواردنی گۆشتی ئێران بۆ هەر تاکێک بە شێوەیەکی بەرچاو کەمیکردووە، ئەو تێکڕایەی کە هەموو جیهان پشتڕاستی دەکاتەوە بۆ هەر تاکێک لە ساڵێکدا ٣٠ کیلۆگرامە، بەڵام لە ئێراندا ٥ کیلۆگرامە. بەردەوامبوونی ئەم پرۆسەیە بەدخۆراکی دروست دەکات.
گۆشت فرۆشەکان سوودێکی زۆریان لە بەرزبوونەوەی نرخەکان نییە، قەساب و دابەشکەر دەیانەوێت نرخی گۆشت گونجاو بێت بۆ ئەوەی خەڵک قەبارەی زیاتر بەکاربهێنێت.
چەند رۆژێکە قەبارەی هاوردە کەم بووەتەوە و نرخی گۆشت بەرز بووەتەوە، حکومەت هەوڵدەدات هاوردەکردن زیاد بکات. ئەگەر نرخی گۆشت بە گونجاو بهێڵرێتەوە، حکومەت و خەڵک و کەرتی تایبەت پێکەوە سوودمەند دەبن.
لەگەڵ بەرزبوونەوەی نرخی گۆشت، خواردنەکەی کەم دەبێتەوە و بەردەوامی ئەم پرۆسەیە دەبێتە هۆی خەسار بۆ قەسابەکان و بەدخوراکی خەڵک.

مەردوم سالاری

قاچاخی ساڵانە ملیارێک و ٥۰۰ ملیۆن دۆلار ئامێری ناوماڵ بۆ ئێران
بە گوتەی سکرتێری کۆمەڵەی ئامێرە دەنگی و ڤیدیۆییەکانی ئێران، ساڵانە بە بەهای یەک ملیار و ٥٠٠ ملیۆن دۆلار کەرەستەی ناوماڵ بە قاچاخ دەهێنرێتە ئەو وڵاتە و ژمارەی ئەو تەلەفزیۆنانەی کە بە قاچاخ دەبرێتە ئێرانەوە بۆ ٧٠٠ هەزار دەزگا زیادی کردووە.
محەممەدڕەزا شەهیدی لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ پەیامنێری ئیلنا گوتی: ئاڵوگۆڕی چەند ملیار دۆلاری قاچاخی کەرەستەی ناوماڵ بووەتە هۆی تێکچوونی بەرهەمهێنانی ناوخۆیی و بۆیەش هاوردە بە فەرمی قەدەغە کراوە، ئەگەر هاوردەکردن یاسایی بێت و هاوردەکار باجی هاوردەکەی بدات، هیچ کێشەیەک نییە؛ کێشەکە لەوەدایە کە هاوردە هێشتا ئەنجام دەدرێت هەرچەندە قەدەغەکراوە، بەڵام بە شێوەی قاچاخ. بێگومان ژمارەی ئەو کەلوپەلانەی ناوماڵ کە ئەمڕۆ بە قاچاخ دەهێنرێنە ئێرانەوە زیاترە لە ژمارەی ئەو کەلوپەلانەی کە بە شێوەیەکی یاسایی هاوردە کراون.

 

رۆژنامە عەرەبییەکان

شەرقلئەوسەت

روسیا بانکێکی ئەوروپی بلۆک دەکات
دادگایەکى روسی لەسەر بنەمای سکاڵایەک لەدژى بانکی دوێچەى ئەڵمانى بڕیاریدا بە دەستبەسەرداگرتنى ئەژمار وسەرجەم پێداویستییەکانى بانکەکە لە روسیا، بەگوێرەى راپۆرتى رۆژنامەکە ئەو بانکە گەورەترین یاریدەدەرى پرۆسەى هەناردەکردنى غاز بووە لە روسیاوە بۆ ئەوروپا و لەگەڵ کۆمپانیاى لیندی ئەڵمانیدا پێکەوە کاریان کردووە.
سکاڵاکە لە لایەن کۆمپانیاى – روسکین ئەڵاینس- ەوە تۆمار کراوە کە 50%ى خاوەندارێتییەکەى دەگەڕێتەوە بۆ گازپرۆمى روسی و لە بوارى چارەسەرى غازدا کاردەکات، بەگوێرەى رۆژنامەکە دادگا بڕیاریداوە بە دەستبەسەرداگرتنى بری 259 ملیۆن دۆلاری بانکەکە و سەرجەم پێداویستییەکانى بانکەکە لە سانبتورس بۆرگی روسیا.

دەستوور

عێراق پاشکۆی بازرگانى لە باڵیۆزخانەى واشنتن دەکاتەوە
ریاز فاخر هاشمى، بەڕیوەبەرى فەرمانگەى پەیەوەندییە دەرەکییەکان لە وەزارەتى بازرگانى عێراق رایگەیاند، بەچاودێری راستەوخۆی وەزیری بازرگانى عێراق ئەسیر داود غەریری، باڵیۆزی عێراق لە واشنتن نزار خەیروڵا، بڕیاریداوە بە کردنەوەى پاشکۆی بازرگانى لە نێو باڵیۆخانەکەدا، تا لە ڕێگەى ئەو پاشکۆیەوە پەیوەندییە بازرگانییەکانى نێوان عێراق و ئەمریکا پەرەی پێبدرێت و لەمەودوا هەموو رێککارە یاساییەکانى بازرگانى نێوان هەردوو وڵات لەڕێگەى ئەو پاشکۆیەوە ئەنجامدەدرێت.

سەباح

ئەمریکا و ئیران لە عەمان بە نهێنى کۆبوونەتەوە
پێگەى ئەلیکترۆنی ئەکسیۆس بڵاویکردووەتەوە دوو بەرپرسی باڵا لە ئیدارەى بایدن لەگەڵ گەورە بەرپرسانى ئێرانى لە عەمانى پایتەختى ئوردن بەنهێنى کۆبوونەتەوە، پێگەکە ئاماژەى بەناوى بریت مەکۆرگ گەورە راوێژکاری بایدن و ئەبرام بالی رێگەپێدراوى کارەکانى ئەمریکا لە رۆژهەڵاتى ناوەڕاست کردووە و باسی لەوەشکردووە کۆبوونەوەکە لە میانى کۆبوونەوە خولاوەکانى نێوان هەردوو وڵاتدایە و باس لەهەڵەکانى ئێران کراوە کە لەم دواییانەدا ئەنجامیداوە ئەمریکیەکانیش مەترسییەکانى خۆیان لەبارەى چەکى ئەتۆمی ئێرانەوە خستووەتە ڕوو، بە گوێرەى راپۆرتى پێگە ئەلیکترۆنییەکە بەرپرسانى ئەمریکى لەبارەى کۆبوونەوەکەوە هیچ لێدوانێکى فەرمییان نەداوە، باسی لەوەشکردووە هێرشەکانى دەریاى ناوەڕاست لە لایەن حوسییەکان و هێرشەکەى ئیسرائیل بۆ سەر بالیۆزخانەى ئێران لە سوریا تەوەرێکى دیکەى کۆبوونەوەکەیان بووە. رۆژنامەى جەریدەى کوەیتیش هەواڵەکەى پشتڕاستکردووەتەوە رایگەیاندووە یەکێک لە بەشداربووەکان بەڕێوەبەرى کارەکانى ئێران لە ئەفریقیا مەهدی شوشتەریی بووە.

عەرەبی جەدید

ژنان دەستیانگرتووە بەسەر کەرتى کشتوکاڵى سوریادا
دواى گۆڕانکارییە ناوخۆییەکانى سوریا، رێژەى ئەو پیاوانەى کە وڵاتی سوریایان بەجێهێشتووە زۆر بەرزبووەتەوەو بۆ جێگرەوەیان لە هەموو بوارەکاندا ژنان هاتوونەتە پێشەوە، ئەگەر پێشووتر 60% ى وەزارەتى پەروەردەى سوریا ژنان بووبن، ئەوا لە ئێستادا لەهەموو بوارەکاندا ژنان رۆڵی سەرەکى دەبینن، لە لایەکەوە لەبەر ئەوەى ژمارەیەکى زۆر لە پیاوان یان وڵات بەجێدەهێڵن یان دەچنە نێو کەرتى تایبەت و لە کۆمپانیا جۆرەکان کاردەکەن، لە لایەکی تریشەوە کارکردنى ژنان کرێی کەمتری دەوێت و ئەوەش بۆ خاوەنکارەکان گونجاوترە، بەگوێرەى راپۆرتى رۆژنامەى عەرەبی جەدید، کەرتى کشتوکاڵی سوریا 80% ـى ژنان پریانکردووەتەوە، رۆژنامەکە باسی لەوەشکردووە ژمارەیەکى زۆر لەوانەى کە کۆچیان کردووەتە دەرەوەى سوریا رویان لە هەولێر و هەرێمى کوردستان کردووە.

هەواڵی زیاتر

Back to top button