میدیاکانی ئەمریکا باسیان لە هێرشی ئیسرائیل کرد بۆ سەر 9 ئامانج لە ئێران

زووم:

 رۆژنامە عەرەبییەکان

شەرقلئەوسەت

عێراق و تورکیا لە سەردانی ئەردۆغان بۆ بەغداد پەرە بە پەیوەندییەکانیان دەدەن

چاوەڕوان دەکرێت پەیوەندیی نێوان عێراق و تورکیا پێبنێتە قۆناغێکی نوێوە، ئەوەش دواى سەردانەکەی دووشەمەی داهاتووی ئەردۆغان بۆ عێراق.
بەگوێرەی ئەو زانیاریانەی ئەنقەرە و بەغداد بڵاویانکردووەتەوە رێککەوتنێکی ستراتیژی لە بوارەکانی ئاسایش، ئابووری، گەشەپێدان، پرسی ئاو و وزە لە نێوان هەردوولا واژۆ دەکرێت.

عەرەب

قەتەر: بەبێ دامەزراندنی دەوڵەتی فەڵەستین ئاشتی بەرقەرار نابێت

باڵیۆزی قەتەر لە یەکێتیی ئەوروپا و ناتۆ دەڵێت، بەبێ چارەسەر کردنی کێشەی نێوان ئیسرائیل و فەڵەستین هیچ هیوایەک بۆ بەر قەرار بوونی ئاشتی لە رۆژهەڵاتی ناوەراست نییە.
باڵیۆزەکەی قەتەر لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی ناتۆ و وڵاتانی دەستپێشخەریی ئیستەنبوڵ بۆ هەماهەنگی، جەختی لەوە کردەوە دامەزراندنی دەوڵەتی فەڵەستین بنەمای بەر قەرار بوونی ئاشتییە.

قودس

رۆژنامەنووسێکی ئێرلەندی بۆ سەرۆکی کۆمسیۆنی ئەوروپا: تۆ تاوانباری جەنگی

دەیڤد کرۆنین، رۆژنامەنووسی ئێرلەندی داوای دەستگیرکردنی ئۆرسولا ڤۆن دێر لاین، سەرۆکی کۆمسیۆنی ئەوروپا دەکات بەهۆی پشتیوانی ناوبراو بۆ ئیسرائیل.
رۆژنامەنووسەکە لە پەیامێکی ڤیدیۆیدا دەڵێت، “خاتوو ڤۆن دێر لاین تۆ تۆمەتباری بە هاوکاری کۆمەڵکوژی غەزە، تۆ لە سەرەتای ئەم کۆمەڵکوژییە پشتیوانی تەواوی ئیسرائیلت کردووە و دەستت بە خوێنی منداڵانی غەزە سورە، تۆ تاوانباریت و دەبێت لە دادگای لاهای دادگایی بکرێیت”.

ئیتیحاد

ئیمارات وەک یەکەمین دەوڵەت هاوکاری مرۆیی گەیاندە خان یونس لە باشووری غەزە

لە دوای کشانەوەی هێزەکانی ئیسرائیل لە خان یونسی باشووری غەزە، ئیمارات وەک یەکەمین وڵات توانی سەرکەوتوو بێت لە گەیاندنی هاوکاریی مرۆیی بە شارەکە.
هاوکارییەکە دابەشکردنی هەزاران سەبەتەی خۆراک و پێداویستییە سەرەتاییەکان لە خۆدەگرێت.
بەگوتەی نەتەوەیەکگرتووەکان منداڵانی غەزە لە یەکێک لە خراپترین قەیرانە مرۆییەکاندا دەژین.

 

 رۆژنامە ئینگلیزییەکان

فاینەنشیەڵ تایمز

تاران: ئیسرائیل هێرش بکاتە سەر بنکە ئەتۆمییەکانمان هەڵوێستمان لەبارەى چەکى ئەتۆمى دەگۆڕێت

ئێران هۆشداریی داوە بە ئیسرائیل، کە ئەگەر ناوەندی تاقیکردنەوە ئەتۆمییەکانی بخاتە بەر هەڕەشە، ئەوا ئەویش پێداچونەوە دەکات بە هەڵوێستی خۆیدا لەبارەی چەکە ناوەکییەکانەوە. هەڵکشانی ئاڵۆزییەکانی نێو ئەم رەوشە پاش ئەوەدێت، کە ئێران لە کۆتایی هەفتەی رابردوودا بە درۆن و موشەک ئاسمانی ئیسرائیل بڕی و بۆدرومانی چەند ناوچەیەکی ئەوانی کرد.
سوپای پاسدارانی ئێران دوێنێ هەڕەشەی ئەوەی کرد، کە جارێکی دیکە پێداچونەوە بە سیاسەتە ئەتۆمییەکانی خۆیدا دەکات، ئەگەر ئیسرائیل هەر هەڕەشەیەک بۆسەر چالاکییە ئەتۆمییەکانی ئێران دروست بکات.

 دەیلی تەلەگراف

یەک لەسەرچواری منداڵانی خوار تەمەنی 7 ساڵیش مۆبایلیان هەیە

هەندێک لە شارەزایان دەڵێن، لە ئێستادا چارەکێکی منداڵانی خوار تەمەنی حەوت ساڵ مۆبایلی زیرەکی خۆیانیان پێیە. روپێوییەک دەڵێت منداڵیش هەن تەمەنیان لە خوار سێ ساڵەوەیە، مۆبایلیان هەیە و بەکاریدەهێنن.
ئاژانسی ئۆفکۆمی تایبەت بە روپێوویی بواری تەکنەلۆژیا دەڵێت، حەزی بەکارهێنانی مۆبایلی زیرەک بەشێوەیەکی بەرچاو زیادیکردووە، بۆیە دەبینین منداڵانی تەمەن کەمی ناو خوێندنگە بنەڕەتییەکانیش بە بەردەوامی لەسەر هێڵن، هۆکارەکەشی زۆریی بەردەستبوونی ئەو ئەپڵیکەیشنانەیە کە بۆ منداڵانی هەرزەکار دروستکراون.

 گاردیەن

هاوسەرى سەرەکوەزیرانی سکۆتلەندە بەهۆی تێوەگلان لە گەندەڵیی داراییەوە دەستگیرکراوە

پیتەر مورێڵ، مێردی (نیکۆڵا ستێرجین)ـی سەرەکوەزیرانی پێشووی سکۆتلەندە بەهۆی دەستبەسەرداگرتن و خراپ بەکارهێنانی پارەی تەرخانکراو بۆ پرۆژەی گشتی لەلایەن پۆلیسەوە دەستگیرکرا و خرایە بەر لێکۆڵینەوە. ناوبراو لە بودجەی تەرخانکراوی پارتی نیشتمانیی سکۆتلەندی پارەی بردۆتە دەرەوە.
مورێڵ سەرکردەی گشتیی پارتی نیشتمانیی بووە، بۆ یەکەم جار لە مانگی نیسانی 2023ـدا لەلایەن پۆلیسی نیشتمانیی سکۆتلەندییەوە لە گلاسکۆ دەستگیرکراوە و لێکۆڵینەوەی لەگەڵداکراوە، بۆئەوەی زۆرترین زانیاریی لێ وەربگیرێت.

وۆڵ ستریت جۆرنەڵ

یارمەتییەکانى ئەمریکا بۆ ئۆکراین دواکەوتوون کیێڤ ئومێدێکی کەمی هەیە روسیا رابگرێت

لە بەرەی جەنگیی رۆژهەڵاتەوە، هێزە ماندووبووەکانی ئۆکراین ئومێدێکی کزیان ماوە بتوانن بەرگەی ئەو هێرشانەی سوپای روسیا بگرن، کە هەتا بەرەو هاوین بچین قورستر دەبنەوە. توانای بەرگرییە ئاسمانییەکانی ئۆکراینیا لاوازبوون و بەرەنگاریی موشەکە قورسە ئاراستەکراوە روسیەکانیان پێناکرێت، کە کێشیان یەک تۆن و نیوە، ناتوانن رێگری لەو موشەکانە بکەن، کە دەیانەوێت بینا وتەلارەکان خاپوور بکەن. بەرەی جەنگەکانیش بە پینەپەڕۆکردنی چەند یەکەیەکی سەربازی دابین نابێت، کە وڵاتەکە توانای ئەوەی نەماوە پێداویستییەکانیان بۆ دابین بکات.

 رۆژنامە تورکییەکان

سۆزجو

مەسرەفگەرایی ئاک پارتییەکان مییلەتى توڕە کردووە
پەرلەمانتارانى ئاک پارتى لە پەرلەمان وێنەیەکیان گرتووە و لە سۆشیال میدیا نوسیویانە، ئێمە نوێنەرایەتى راستەقینەى میللەتین. لە وێنەکەدا کاتژمێرەکەى دەستى بەهادر یەنیشەهیرلیئۆغڵو سەرۆکى فراکسیۆنى ئاک پارتى دەرکەوتووە ل براندى رۆلێکسە بەهاکەى بە 16 هەزار و 200 یۆرۆیە.
وێنەکە لە سۆشیال میدیا کاردانەوەى زۆرى لێکەوتەوە، خەڵک دەڵێن ئێوە نوێنەرى ئێمە نین!

جمهورییەت

ئەردۆغان و سەرۆکى جەهەپە کۆدەبنەوە
لەپاش هەڵبژاردنى شارەوانییەکان لە 31 ى ئازار، جەهەپە بووە پارتی یەکەم، ئەردۆغان لە پەیوەندییەکى تەلەفۆنیدا لەگەڵ ئۆزگور ئۆزال سەرۆکى جەهەپە داواى کردووە کۆبوونەوەیەک ئەنجام بدەن، ئۆزال بە رۆژنامەنوسانى راگەیاندووە، چاویێکەوتنەکەمان رووکەشی نابێت، بە جانتایەکەوە چەند دۆسییەیەک لەگەڵ خۆم دەبەم.

تورکیا

خواست لەسەر دۆنەرى تورکی زیادبووە
لە ئەڵمانیا دۆنەرى تورکی بەناوبانگە و بۆتە خواردنێکى سەرپێیی، ساڵانە بە بەهاى حەوت ملیار یۆرۆ دۆنەرى تورکی لە ئەڵمانیا دەخورێت.
بڕیارە لە سەردانەکەى سەرۆککۆمارى ئەڵمانیا بۆ تورکیا، دۆنەرێکى 60 کیلۆیی لەگەڵ خۆیدا بهێنێت و لەوێ خوانێک بۆ میوانەکان ساز بکات.

یەنى بیرلیک

ئینجیرلیک دەکرێتە بنکەیەکى بەهێزى ناتۆ
بنکەى ئینجیرلیک، لە شارى ئەدەنە، وەک بنکەیەکى فڕۆکەى ئێف 16 فراوانتر دەکرێت و دەکرێتە بنکەیەکى سەرەکى ناتۆ. بەگوێرەى سەرچاوەیەکى وەزارەتى بەرگریی، رادار و فڕۆکەى ئێف 16 ى دیکەى لێ جێگیر دەکرێت.
ئەم بنکەیە بۆ پاراستنى وڵاتانى ئەندامى ناتۆیە لە هەر هێرشێکى دەرەکی.

  رۆژنامە فارسییەکان

 

 

ئیرنا

دەنگی تەقینەوە لە ئاسمانی ئیسفەهان بیسترا

بەگوێرەی راپۆرتی ئیرنا، نزیکەی کاتژمێر 4ـی بەیانی ئەمڕۆ، هێزی بەرگری ئاسمانی بنکەی هەشتەمی دژە فڕۆکەی ئیسفەهان بەکارهێنرا و دەنگی تەقەی بەرگری لە باکووری رۆژهەڵاتی ئیسفەهانەوە بیسترا.
بنکەی هەشتەمی هێزی ئاسمانی سوپا لە نزیک فڕۆکەخانەی ئیسفەهان هەڵکەوتووە، هێشتا نازانرێت هۆکاری تەقینەوەکە چی بووە.

ئێران ئینتەرنەشناڵ

میدیاکانی ئەمریکا باسیان لە هێرشی ئیسرائیل کرد بۆ سەر 9 ئامانج لە ئێران

پەیامنێری ئێران ئینتەرناشناڵ لە ئیسرائیل رایگەیاند، بە گوێرەی راگەیاندنەکانی ئەمەریکا، ئیسرائیل هێرشی کردووەتە سەر 9 ئامانج لە ئێران. “ئەم وڵاتە ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی لە هێرشەکەی ئەمڕۆ ئاگادار کردبووەوە”.
میدیا ئەمریکییەکان دەڵێن ئیسرائیل بەبێ ئەوەی بچێتە ناو ئاسمانی ئێران و لە ناوخۆی عێراقەوە ئەم هێرشەی ئەنجامداوە.

رادیۆ زەمانە

دوو بەرپرسی سەربازی ئیسرائیل هێرشە ئاسمانییەکەی سەر ئێرانیان پشتڕاستکردەوە

سی ئێن ئێن بە پشتڕاستکردنەوەی هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران، لە زاری بەرپرسانی ئەمریکاوە رایگەیاند کە ئامانجەکانی ئیسرائیل دامەزراوەی ئەتۆمی و مەدەنی نین.
ئاژانسی هەواڵی مێهر راگرتنی بەشێک لە گەشتە ئاسمانییەکانی ئێرانی راگەیاند. فارس نیوز نووسیویەتی سێ تەقینەوە لە نزیک بنکەی دژەفڕۆکەی سوپا لە باکووری رۆژئاوای ئیسفەهان بیستراوە. بەرپرسێکی ئێرانی بە ئاژانسی رۆیتەرزی راگەیاندووە، هێرشەکە هێرشی موشەکی نەبووە.

هەواڵی زیاتر

Back to top button