مەکتەبی سیاسیی یەکێتی: ئەزموونی هەرێم لەڕێگەی دەستاودەستی دەسەڵاتەوە بپارێزرێت

 زووم:

یەکێتی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لەکاتی خۆیدا دووپاتدەکاتەوە، دەڵێت، پێویستە ئەزموونی هەرێمی کوردستان لەڕێی دەستاودەستکردنی دیموکراتییانەی دەسەڵاتەوە بپارێزرێت، داوای دابەشکردنی مووچەش دەکات.

ئەمڕۆ لە دەباشان مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کۆبووەوە، بافڵ تاڵەبانی سەرپەرشتیی کرد.
بەگوێرەی راگەیەندراوی کۆبوونەوەکە، “پێداگری کراوە لەسەر پێویستی بەپەلە دابەشکردنی مووچە وەک ئەولەویەتی ژیان و گوزەرانی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان”.

دەشڵێت، “وێڕای وەبیرهێنانەوەی ئامادەگەیی لەمێژینەی یەکێتیی بۆ هەڵبژاردن، تەئکیدی لەسەر هەڵوێستی نەگۆڕی کردەوە، کە پێویستە هەڵبژاردن لەکاتی خۆیدا و بێ دواکەوتن بکرێت، وەک تەنها و تەنها رێگای راست و رەوای نوێکردنەوەی پرۆسەی دیموکراسی و شەرعییەتی حوکمڕانی لەوڵاتەکەماندا”، یەکێتی پێیوایە، “ئەنجامنەدانی هەڵبژاردن لە وادەی راگەیەندراوی خۆی، بەهەر بیانوویەکەوە بێت، پاشەکشەیە لە کاروانی دیموکراسی و سەرەنجام شەرعیەتی دامەزراوەکانی هەرێمیش دەخاتە ژێر پرسیارەوە”.

مەکتەبی سیاسیی یەکێتی دووپاتیکردووەتەوە، “پاراستنی قەوارەکەمان لە هەڕەشە و مەترسی، تەنها لەڕێی گەڕانەوە بۆ رای کۆمەڵانی خەڵک و دیاریکردنی نوێنەرەکانیان لە هەڵبژاردنێکی پەرلەمانی پاک و بێگەردی ئەوتۆدا دەبێت، کە روانینی سەرجەم هێز و لایەنەکان بۆ چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان هەرێم و بەغداد لە خۆبگرێت، بەتایبەتی کێشەی مووچە و گوزەرانی خەڵک”.

بەگوێرەی راگەیەندراوەکە، “کۆبوونەوەکەی مەکتەبی سیاسی هەڵوەستەی لە ئاستی ئەو راستییەشدا کرد، ئەزموونی زیاتر لە سێ دەیەی کوردستانی ئازاد بە قوربانیدانی خەڵکی کوردستان بەدیهاتووە و پێویستە لەڕێی دەستاودەستکردنی دیموکراتییانەی دەسەڵاتەوە بپارێزرێت، بەو جۆرەی رێز و متمانەی خۆی لای کۆمەڵگەی نێوەدەوڵەتی پتەوتر بکات، کە پشتیوانی لە ئەزموونێک دەکات ئازاد و دیموکرات و شەرعی بێت”.

هەواڵی زیاتر

Back to top button