ئێران وەڵامى فەڕەنسا و ئەڵمانیا دەداتەوە

گوتەبێژى وەزارەتى دەرەوە: هەڵوێستی ئەڵمانیا بەرامبەر ئێران، دەستوەردان و نادیپلۆماسی و ئیستفزازییە

ناسر کەنعانی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند، هەڵوێستی ئەڵمانیا بەرامبەر ئێران، دەستوەردان و نادیپلۆماسی و ئیستفزازییە. دوێنێ راوێژکارى ئەڵمانیا هەڕەشەى سەپاندنى سزای زیاترى بەسەر ئێراندا کرد.

کەنعانی لە کۆنفڕانسێکی رۆژنامەنوسیدا لە تارانی پایتەختی ئێران، وڵامی حکومەتەکانی ئەڵمانیا و فەڕەنسای دایەوە، لەبارەی دۆخی وڵاتەکەی و مشتومڕی وڵاتانی ئەوروپا بۆ سەپاندنی سزای نوێ بەسەر وڵاتەکەیدا و گوتی، ” بەداخەوە ژمارەیەک وڵات، بێ ئەوەی بیر لە رابردووی خۆیان بکەنەوە، کە هاوکاری رژێمی سەدامیان دەکرد، لە بەرامبەر دەرچوونی ئەمریکا لە دانوستانە ئەتۆمیەکان بێدەنگ بوون و هەڵوێستیان لەبەرامبەر هێرشی تیرۆریستی مەزارگەی شاچراخ بێدەنگ بوون، ئەمڕۆ وەک بەرگریکاری مافەکانی مرۆڤ قسە دەکەن.”

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران دەشڵێت، هەڵوێستی ئەڵمانیا بەرامبەر ئێران، دەستوەردان، نادیپلۆماسی و ئیستفزازیە و داوای کرد، لەمە زیاتر پەیوەندیەکانی لەگەڵ ئێران تێکنەدات کە رێزگرتن لە بەرژەوەندیەکانی هەردوو، باشترین رێگەیە.

کەنعانی ناڕەزایی بەرامبەر چاوپێکەوتنی ئیمانوێل ماکرۆن سەرۆکی فەڕەنسا لەگەڵ هەندێک کەسایەتی ئۆپۆزسیۆنی ئێرانیش دەربڕێ و گوتی، ” سەرمان سوڕماوە، سەرۆکی وڵاتێک، کە خۆی بە وڵاتێکی ئازاد دادەنێت، دەبێتە یاریی دەستی هەندێک لایەن کە ئەو لایەنانە هەوڵی تێکدانی دۆخی ئێران و هەوڵدان بۆ زیادکردنی توندوتیژی و چالاکی تیرۆریستی لە وڵاتەکەمان دەدەن.”

دوێنێ ئۆلاف شۆڵتز، راوێژكاری ئه‌ڵمانیا رایگەیاند، بەهۆى ‌ناردنی درۆن و چه‌ک بۆ روسیا و سه‌ركوتكردنی خۆپیشانده‌ران سزاى زیاتر بەسەر ئێراندا دەسەپێنن.

هەروەها ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا، کە بۆ پەراوێزی لوتکەی کەشوهەواى (COP27) لە شەرمشێخی میسرد، لە چاوپێکەوتنێکی تەلەڤزیۆنیدا رایگەیاندبوو، هەڕەشەکانی ئێران بازنەی رۆژئاوای ئاسیای تێپەڕاندووە و دەبێت شێوازی مامەڵەکردن لەگەڵ ئێران لە جیهاندا بگۆڕدرێت.

ماکرۆن گۆتبووی پێویستە یەکێتی ئەوروپا لەبارەی گەمارۆکانی سەر سوپای پاسدارانی ئێران بڕیار بدات.

 

هەواڵی زیاتر

Back to top button