سوپای پاسداران: زیاتر لە 300 کەس لە خۆپیشاندانەکانی ئێراندا کوژراون

زووم:

فەرماندەیەکی باڵای سوپای پاسدارانی ئێران رایگەیاند ” بەشێک لە خۆپیشاندەران، دژە دەوڵەت نین، بەڵکو هەڵخەڵەتێنراون و رۆڵەی گەلەکەمانن”.

ئەمیر عەلی حاجیزادە، فەرماندەی هێزی ئاسمانی سوپای پاسداران، لە زانکۆی “شەهید رەجایی” شاری تارانەوە، باسی خۆپیشاندانەکانی ئێران کرد  و گوتی: ئێمە وەک دوژمن سەیری ئەو کەسانە ناکەین کە نزیکەی دوو مانگ و نیوە خۆپیشاندان دەکەن.

فەرماندەی هێزی ئاسمانی سوپای پاسداران دەڵێت “لە سەرتاسەری ئێران، 300 کەس لە هێزە ئەمنیەکان و خۆپیشاندەران کوژراون” بەڵام ئاماری رێکخراوەکانی مافی مرۆڤی ئێران گومان دەخەنە سەر ئەم ژمارەیە.

رێکخراوی مافەکانی مرۆڤ لە ئێران کە بارەگاکەی لە نەرویجە، لە دوایین ئاماریدا رایگەیاند، تاوەکو ئێستا لە سەرتاسەری ئێران 416 کەس کوژراون.

هاوكات میدیاکانی ئێران بڵاویان کردووەتەوه‌، کە لە ئاکامی خۆپیشاندانەکاندا، نزیکەی 60 کەس لە هێزە ئەمنییەکان کوژراون.

یەکێکی دیکە لەو رێکخراوانەی کە پێشێلکارییەکانی ئێران تۆماردەکات و گرنگی بە پرسی مافی مرۆڤ دەدات، رێکخراوی مافەکانی مرۆڤی هەنگاوە کە ئەویش،  نوێترین ئاماری کوشتنی هاوڵاتییە کوردەکانی لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران بڵاوکردەوە و رایگەیاندوە، تاوەکو ئێستا 118 هاوڵاتی کورد کوژراون کە حەوت کەسیان ژن و 15 کەسیان منداڵان. هەروەها 36 کەس لە هێزە ئەمنیەکانیش لە شارە رۆژهەڵاتی کوردستان کوژراون.

رۆژی 16ی ئەیلول دوای مه‌رگی ژینا ئەمینی، خۆپیشاندان و ناڕەزایه‌تی له‌ زۆربەی شارەکانی ئێران دژی ده‌سه‌ڵاتی وڵاته‌كه‌ دەستیپێکرد، هەرچەندە ناوبەناو خۆپیشاندانەکان لە زۆربەی شارەکانی ئێران دەستپێدەکەنەوە، بەڵام لە شارەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان خۆپیشاندانەکان گەرموگوڕترە و بەردەوامە.

هێزە ئەمنییەکانی ئێران دەستیان لە خۆپیشاندەرانی رۆژهەڵاتی کوردستان شل نەکردووە و بەشێوەیەکی توند لە رێگەی کوشتن و زیندانی کردنەوە دەیانەوێت کۆتایی بە خۆپیشاندانەکان بهێنن.

هەواڵی زیاتر

Back to top button