نەخۆشانی گورچیلە لە غەزە لە دۆخێکی سەختدا ژیان دەکەن

زووم:

دەبێت چەندین کاتژمێر تا خوێنەکانیان پاکدەبێتەوە، چونکە گورچیلەکانیان سستبووە و دەبێت هەفتانە چەند رۆژێک ئامێرە پزیشکییەکان لە نەخۆشخانەکاندا ئەوکارەیان بۆ بکەن.

بەڵام بەهۆی سەختی دۆخی ژیانیانەوە، ناتوانن وەک پێویست بێن بۆ نەخۆشخانە، جارێک بەهۆی ترسی بۆردوومان و جارێکیش بەهۆی نەبوونیی و گرانی کرێیی تەکسییەوە.

نەخۆشخانەی نەجار دوا نەخۆشخانەیە، کە لەکەرتی غەزەدا مابێتەوە و چارەسەریی شوشتنەوەی گورچیلەکان بکات، بەڵام بەهۆی زۆریی نەخۆش و کەمیی پێداویستی پزیشکییەوە تا دێت دۆخەکە تیایدا خراپتر دەبێت، بۆیە بە ناچاریی ژمارەی سەردانییەکانی بۆ نەخۆشانی گورچیلە کەمتر کردووەتەوە.

ریاز جومعە، پیاوێکی بەتەمەن، کە یەکێکە لە نەخۆشانى گورچیلە،  دەڵێت: بۆ من زۆر قورسە تا دێم بۆ ئێرە، هەندێجار ئامبوڵانس دەمهێنێت و هەندێجاریش نامهێنێت، دەبێت 20 شێکێل وەک کرێ بدەم ئەگەر بە تاکسی بێم، چۆن دەتوانم ئەو پارەیە بەدەستبهێنم؟ من دانەمەزراوم و هیچ کارێکم نییە، هیچ پشتیوانێکیشم نییە، “تەنها خودا لە دۆخی من تێدەگات.”

ئەکرەم ئەلشاعر، نەخۆشێکى ترەو لەبارەى جیاوازییەکانى ئێستاى غەزە و رابردوو دەڵێت: من پێشتر هەموو هەفتەیەک سێجار شوشتنەوەی گورچیلەم بۆ دەکرا، هەر رۆژێکیان پێویستی بە چوار کاتژمێر هەیە، ئێستا بەهۆی شەڕەوە تەنها دەتوانم دوو جار بێم لە هەفتەیەکدا، بۆ هەر جارێکیش تەنها دوو کاتژمێر دەمێنمەوە، ئایا دوو کاتژمێر بەسە بۆکەسێک کە گورچیلەی لەکار کەوتبێت؟ بێگومان نەخێر.”

بەشێک لەو ناخۆشانە ئاوارەی ناوچەکانی دیکەی غەزەن و سەرەڕای سەختی دۆخی دەربەدەربوونیان، نەخۆشیی گورچیلە هێندەی دیکە ژیانی لێ سەختکردوون.

هالە ، بە تەمەنێکى کەمەوە، کە هەمان نەخۆشى هەیە دەڵێت: شەڕ بووە بەربەست لەبەردەم ژیانم. بڕیاربوو لە 8ی ئۆکتۆبەر گورچیلەم بۆ بچێندرێت، بەڵام بەداخەوە، لە 7ی ئۆکتۆبەردا شەڕ دەستیپێکرد و خەونەکانمی وردوخاش کرد، هیوادارم دەنگم بە جیهان و بە وڵاتانی عەرەبی بگات، تا بتوانن نسەختییەکانی ژیانی ئێمە ببینن.”

لە کۆی زیاتر لە 30 نەخۆشخانە و بەهۆی هێرشەکانی ئیسرائیل لەدوای 7ی ئۆکتۆبەرەوە، 21 دانەیان بە تەواوی لەکارکەوتوون و ئەوەش بارقورسییەکی زۆری خستووەتە سەر ئەوانەی کە ماون، لەکاتێکدایە ژمارەی دانیشتووانی کەرتەکە زیاتر لە دوو ملیۆن کەسە، زیاتر لە نیوەی ئەو ژمارەیەش ئاوارە بوون بۆ شارۆچکەی رەفەح.

 

هەواڵی زیاتر

Back to top button