هەمواری یەکەمی یاسای رووبەڕووبوونەوەی لەشفرۆشی لە عێراق پەسەندکرا

زووم…

 

یاسای رووبەڕووبوونەوەی لەشفرۆشی لە عێراق ماوەی 36 ساڵە کاری پێدەکرێت، ئەمڕۆ پەرلەمانی عێراق هەمواری یەکەمی یاساکەی پەسەندکرد، کۆمەڵێک گۆڕانکاری گەورەی تێداکراوە.

بە گوێرەی ئەو هەموارە، ناوی یاساکە، جگە لە وشەی لەشفرۆشی، ریزپەڕیی سێکسی (شذوذ الجنسية) بۆ زیادکراوە، کە پەیوەندیی سێکسی لە نێوان دووکەس لە یەک رەگەز دەگرێتەوە یاخود ئەوەی پێی دەگوترێت هاوڕەگەزخوازی، یاخود گۆڕینەوەی هاوسەران، یان دەڵاڵی لەو بوارەدا، یاخود بەکارهێنانی شوێنێک بۆ کاری لەشفرۆشی.

هەموارەکە هەر هاندان و ریکلامێکی بۆ ریزپەڕیی سێکسی بە تاوان داناوە.

یەکێکی دیکە لە گۆڕانکارییەکان، دیاریکریکردنی سزای یەک بۆ سێ ساڵ زیندانییە بۆ ئەو پیاوانەی بە مەبەست خۆیان بە ژنان دەچوێنن، یاخود ئەو کەسانەی ریکلام  و هاندان بۆ ئەو بابەتە دەکەن.

بەشێکی دیکە پەیوەندی بە گۆڕینی بایەلۆجی جەستەوە هەیە، هەر رەگەز گۆڕینێکی لە دەرەوە مۆڵەتی وەزارەتی تەندورستی بە تاوان هەژمارکردووە،

دەقی ئەم مادەیە دەڵێت، گۆڕانکاری رەگەزیی لە رووی بایەلۆجییەوە لەسەر بنەمای خواست و ئارەزووی ناوەوەی کەسێک، قەدەغەیە.

مادەی سێ لە یاسا کۆنەکە لابراوە و مادەیەکی نوێ جێگەی گرتووەتەوە، کە تایبەتە بە سزادانی دەڵاڵی لە بوارەکە، یاخود ئەو کەسەی شوێنێک بۆ ئەو مەبەستە بەکاردەهێنێت، یان بابەتی سێکسی بۆ ریکلامکردن بۆ شوێنێکی بازرگانی بەکاربهێندرێت، ئەنجامدەرانی هەموو ئەو کارانە سزادەدرێن بە زیندانیکردن ماوەکەی لە حەوت ساڵ کەمتر نەبێت، لەگەڵ سزایەکی دارایی لە نێوان پێنج بۆ 10 ملیۆن دینار.

بەگوێرەی ئەم هەموارەی یاسای رووبەرووبوونەوەی لەشفرۆشی، ئەوانەی تاوانبار دەکرێن بە لادانی سێکسی، لە نێوان 10 بۆ 15 ساڵ زیندانی دەکرێن، بەڵام ئەوانەی ریکلام بۆ ئەم کارە دەکەن سزای زیندانیکردنیان لە حەوت ساڵ کەمتر نییە، هەروەها 10  بۆ 15 ملیۆن دینار سزای دارایی دەدرێن.

سەبارەت بەوەی ئەم یاسایە هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە یاخود نا، یاساناسێک بە زوومی گوت، لەبەرئەوەی هەرێمی کوردستان یاسای تایبەت لە رووبەرووبوونەوەی لەشفرۆشی نییە و یاسا کۆنەکەی عێراق بەکاردەهێنێت، ئەم هەموارەش هەرێمی کوردستانیش دەگرێتەوە، بەڵام تاچەند جێبەجێدەکرێت ئەوە بابەتێکی دیکەیە.

 

 

هەواڵی زیاتر

Back to top button