کێشەیەکی تەکنیکی جوڵەى ئاسمانیی لە ئەمریکا پەکدەخات

ئایا هێرشى ئەلیکترۆنى کراوەتە سەر ئەمریکا؟

ئێوارەى ئەمڕۆ بەکاتى هەرێمى کوردستان، کێشەیەکى تەکنیکى کە تائێستا نازانرێت هۆکارەکەى چییە، جوڵەى ئاسمانیی لە ئەمریکا پەکخست و هەزاران گەشت هەڵوەشێنرانەوە و دواکەوتن، دۆخێکى نائاسایی و پڕ لە ترسیش لەنێو فڕۆکەخانەکاندا دروستبوو.

ئەمڕۆ (چوارشەممە، 11ی کانوونی دووەمی 2023) دەسەڵاتی فڕۆکەوانی فیدراڵی ئەمریکا رایگەیاند، کێشەیەکی تەکنیکی هەیە لە سیستەمی ئاگادارکردنەوەی ئاسمانیی و بەوهۆیەوە فڕۆکە ناتوانێت بفڕێت، بەڵام دەتوانێت بە سەلامەتى بنیشێتەوە.

فرۆکە ناتوانێت بفرێت، بەڵام دەتوانێت بەسەلامەتی بنیشێتەوە

دەسەڵاتی فڕۆکەوانی فیدراڵی ئەمریکا راشیگەیاند،  داوایان لە سەرجەم کۆمپانیا ئاسمانییەکان کردووە هەتا کاتژمێر 9:30ى بەیانى (بەکاتى ئەمریکا) گەشتەکانیان رابگرن.

میدیاکانى ئەمریکا ئاشکرایان کردووە، تائێستا ژمارەی گەشتە دواکەوتووەکان گەیشتووەتە زیاد لە چوار هەزار گەشت و 800 گەشتی دیکەش هەڵوەشێندراونەتەوە.

کێشەکە چییە؟

کێشە تەکنیکییەکە لە سیستەمی ئاگادارکردنەوەی ئاسمانییە NOTAM، کاری ئەم سیستەمە هۆشدارییدانە بە فڕۆکەوانەکان لە هەر مەترسیبەک کە روبەڕوی دەبنەوە لە ماوەی گەشتەکانیاندا.

بەگوێرەى پێگەی دەسەڵاتی فڕۆکەوانی فیدراڵی ئەمریکا، ئەم سیستەمە زانیاریی گرنگی تێدایە بۆ بەرپرسانی گەشتەکان، کە دۆخی سروشتی و ناسروشتی کەشی ئاسمانی ئەمریکایان پێدەگەیەنێت.

سیستەمەکە کار لەسەر ئەم خاڵانە دەکات:

  • پێدانی زانیاریی نوێ و بەردەوام لەسەر کەشی ئاسمانی.
  • زانیاریی لەسەر هەر گۆڕانکارییەک لە کەش و لە خزمەتگوزارییەکان و هەر مەترسییەک لە کەشی ئاسماندا.
  • سیستەمەکە زمانێکی تایبەت بە خۆی هەیە وا دەکات پەیوەندییەکان چالاکتر و باشتر بن.

دوو کۆپی لەم سیستەمە هەیە، یەکێکیان تایبەت بە فڕۆکەوانەکان، ئەوی دیکەیان تایبەتە بە فڕۆکەخانە، پێکەوە کاردەکەن بۆ روبەڕوبونەوەی هەر حاڵەتێک، بەم پێیە لەکاتی بوونی کێشە لەم سیستەمە، فڕۆکەوان ناتوانێت ئاگاداری ئەو مەترسیانە بێت کە لە دەوروبەرى هەیە.

دواکەوتنی گەشتەکانیش ترسی زۆر و پشێویی لەنێو فڕۆکەخانەکان دروستکرد و خەڵکێکى زۆر لە چاوەڕوانیدا مانەوە، زیانی زۆر بە کەرتی فڕۆکەوانی گەیشتووە کە هێشتا نەخەمڵێنراوە .

دواکەوتنی گەشتەکان، پشێویی لەنێو فڕۆکەخانەکان دروستکرد

کۆشکی سپی و کۆنگرێس هاتوونەتە سەرخەت و لێکۆڵینەوەیان لە هۆکاری سەرەکی دروستبونی کێشە تەکنیکییەکە دەستپێکردووە.

کارین ژان پیێر، گوتەبێژی کۆشکی سپی لە رێگەی تویتەرەوە رایگەیاند، هیچ بەڵگەیەک نییە کە هۆکاری کێشەکە هێرشی ئەلکترۆنی بێت، بەڵام جۆ بایدن فەرمانی کردووە وەزارەتی گواستنەوە لێکۆڵینەوەى ورد لە بابەتەکە دەستپێبکات.

سەرۆکی لیژنەی بازرگانیی لە ئەنجومەنی پیران رایگەیاند، لێکۆڵینەوە لە هۆکاری دروستبوونی کێشەکە دەکەین و بەڵێن دەدەین لە دوای رووداوەکەی ئەمڕۆ سیستەمێکی گرەنتیکراو دەستەبەر بکەین.

بەرپرسێکی فەرماندەیی ئەلیکترۆنی ئەمریکا، بە سکاینیوزی راگەیاندووە، ئەگەر بسەلمێت کە ئەمە هێرشێکی ئەلکترۆنییە، ئەوا وەکو کردەوەی جەنگی هەژماری دەکەین.

بەرپرسێکی فەرماندەیی ئەلیکترۆنی ئەمریکا

ئەگەر بسەلمێت هێرشی ئەلکترۆنی بووە، ئەوا بە کردەوەی جەنگی هەژماری دەکەین

هەواڵی زیاتر

Back to top button