هێرشی درۆنی بۆسەر کێڵگەی گازی کۆرمۆر کاردانەوەی ناوخۆیی و دەرەکی لێدەکەوێتەوە

زووم..

 

کاتژمێر 6:43 خولەکی ئێوارەی دوێنێ، بە درۆن هێرشکرایە سەر کێڵگەی گازی کۆرمۆر لە سنووری قەزای چەمچەماڵ.

دوابەدوای هێرشەکە، کاردانەوە ناوخۆیی و دەرەکییەکان لەسەر ئاستی ناوخۆ و دەرەوە دەستیانپێکرد.

لە ئاستی ناوخۆییدا، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، لە پەیامێکیدا لە ئێکس، سەرکۆنەی هێرشەکەی کرد و گوتی، پێويسته‌ لايه‌نه‌ په‌يوه‌نديداره‌كانى حكومه‌تى عێراق ئه‌ركى خۆيان بۆ رێگرى له‌و هێرش و په‌لامارانه جێبەجێبکەن و ئەنجامدەرانی بە سزای یاسایی بگەیەنن.‌

هەروەها مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان وێڕای سەرکۆنەکردن، گوتی، هێرشەکەی سەر کۆرمۆر لە ناوچەیەکی نزیک و لەنێو خاکی عێراقەوە ئەنجامدراوە. گوتیشی ئامادەن لەگەڵ بەغداد هەماهەنگی بکەن بۆ ئەوەی سنوورێک بۆ ئەو هێرشانە دابنرێت.

مەسرور بارزانی گوتیشی، هێرشکردنە سەر ناوەندەکانی وزە، کە کارەبا دەدەنە ملیۆنان ماڵ لە هەرێمی کوردستان و پارێزگاکانی عێراق، هیچ پاساوێک هەڵناگرێت و هەوڵەکانی هەولێر و بەغداد بۆ پەرەپێدانی سێکتەری وزە تێکدەدات.

هەر لەسەر ئاستی ناوخۆدا، قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان سەرکۆنەی هێرشەکەی کرد و گوتی، داوا لە حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکات دەستبەجێ لێکۆڵینەوەی ورد دەستپێبکەن و رێکاری جدی بگرنەبەر بۆ رێگریکردن لە دووبارەبوونەوەی ئەو جۆرە هێرشانە.

هەروەها پێشەوا هەورامانی، گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیەنراوێکدا هێرشەکەی سەر کۆرمۆری بە “کاری تیرۆریستی” ناوبرد و گوتی، لە رابردوو هەوڵدراوە بۆ باشترکردنی کەرتی وزە و ژێرخانی ئابووری لە عێراق و هەرێمی کوردستان، لەکاتێکدا هەنگاوەکان بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان خێرا دەکرێن، دەستی خراپەکاری و تێکدەرانە جارێکی دیکە، لە کردەوەیەکی تیرۆریستیدا، کێڵگەی گازی کۆرمۆریان کردە ئامانج.

لەسەر ئاستی عێراقیش، لەتیف رەشید، سەرۆککۆماری عێراق و محەمەد شیاع سودانی، سەرۆکوەزیرانی وڵاتەکە لە دوو پەیامی جیادا، سەرکۆنەی هێرشەکەیان کرد، هەروەها لەسەر راسپاردەی سودانی لیژنەیەکی تایبەت بۆ لێکۆڵینەوە لە هێرشەکە پێکهێنراوە.

لە ئاستی نێودەوڵەتیدا، هەریەک لە نوێنەرایەتیی نەتەوەیەکگرتووەکان لە عێراق و ئەلینا رۆمانۆوسکی و ستیفن هیچن، باڵیۆزانی ئەمریکا و بەریتانیا لە عێراق، لە سێ پەیامی جیادا جگە لە سەرکۆنەکردنی هێرشەکە، داوای لێکۆڵینەوەی وردیان لەوبارەیەوە کردووە.

هەروەها ماسیۆ میلەر، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە راگەیەنراوێکدا گوتی، سەرکۆنەی بەئامانجگرتنی ژێرخانی وزەی هەرێمی کوردستان دەکەن و وڵاتەکەی بەردەوام دەبێت لەسەر کاری خۆی لەگەڵ بەغداد و هەولێر بەمەبەستی پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری و سەروەریی عێراق.

 

 

 

هەواڵی زیاتر

Back to top button