لە تورکیا رێژەی بێکاری بۆ 10.2% زیادی کردووە

دەزگای ئاماری تورکیا، بەرزبوونەوەى رێژەى بێکارى لە وڵاتەکە راگەیاند، بەگوێرەى ئەو ئامارە نوێیەى بڵاویکردووەتەوە، ئێستا 10.2% هاوڵاتیانى تورکیا بێکارن.

دەزگاکە ئەمڕۆ دووشەممە، 12ى کانوونى یەکەمى 2022 ئامارەکەى بڵاوکردووەتەوە، تێیدا هاتووە سێ ملیۆن و 534 کەس بێکارن، بەگشتی رێژەی بێکاری گەیشتووەتە 10.2%، کە پێشتر لە ژێر 10.0% بووە.

دەزگای ئاماری تورکیا:

لە ئێستادا لە تورکیا، سێ ملیۆن و 534 کەس بێکارن

بەگوێرەى ئامارى دەزگاکە، رێژەى بێکارى لەنێو گەنجاندا زیاتر بەرزبووتەوە، لەنێوان 15 بۆ 24 ساڵان، 1.8% بەرزبووتەوە و گەیشتووەتە 21.9%.

دەزگای ئاماری تورکیا رایگەیاندووە، لە مانگی تشرینی یەکەمەوە 229 هەزار کەس دامەزرێندراون، بەڵام ئەو ژمارەیە نەیتوانیوە رێژەی بێکاری لە تورکیا کەم بکاتەوە.

دەزگای ئاماری تورکیا:

رێژەی هەڵاوسانی ئابوری گەیشتوەتە 84.39%

ئەم دەزگایە فەرمییە و سەر بە حکومەتە، هەفتەی رابردووش رایگەیاند، رێژەی هەڵاوسانی ئابوری گەیشتوەتە 84.39% بەراورد بە مانگەکانی پێشووتر، هەڵاوسان لەو وڵاتە بە رێژەی 2.88%  بەرزبووەتەوە.

بەڵام گروپی ئەناگ، کە لە ژمارەیەک کەسایەتی ئەکادیمی و ئابوریناس پێکهاتوە، باس بەرزبوونەوەى زۆر زیاترى هەڵاوسان دەکەن، ئەوان ئامارێکیان بڵاوکردوووەتەوە، کە دەڵێت، لە مانگی رابردودا رێژەی هەڵاوسان گەیشتووەتە 170%.

هەواڵی زیاتر

Back to top button