توێژەرانی عێراقی بە بەکارهێنانی زیرەکی دەستکرد و رەنگی زمان نەخۆشییەکان دەستنیشاندەکەن

 

زووم:
تیمێکی زانستی هاوبەش لە زانکۆی ناوەندی تەکنیکی لە بەغدا و زانکۆی باشووری ئوسترالیا سیستەمێکی نوێیان بەکارهێنا بۆ دەستنیشانکردنی نەخۆشییەکان، ئەوەش بە شیکردنەوەی ڕەنگی زمانی نەخۆش بە زیرەکی دەستکرد.

ئەم هەنگاوە لە چوارچێوەی توێژینەوەیەکدا بووە، کە لە گۆڤاری پەیمانگای فیزیای ئەمریکی (AIP) بڵاوکراوەتەوە، توێژینەوەکە پشت بە تەکنیکەکانی زیرەکی دەستکرد دەبەستێت بۆ دەستنیشانکردنی نەخۆشییەکان.

بە گوێرەی توێژینەوەکە، ئەو سیستمەی بۆ دەستنیشانکردنی نەخۆشییەکان دانراوە، توانیویەتی بە وردی هەندێک نەخۆشی – وەک شەکرە و لەکارکەوتنی گورچیلە – بەڕێژەی لە 94% دەستنیشانبکات.

لەو بارەشەوە زانکۆی باشووری ئوسترالیا لە بەیاننامەیەک ئاماژەی بەوە کردووە، توێژینەوە نوێیەکە دەتوانێت بەڵگەی زیاتر لەسەر زیادبوونی وردبینی تەکنەلۆژیای دۆزینەوەی نەخۆشییەکان بخاتەڕوو، کە توێژەران پێشبینیدەکەن ئەنجامی توێژینەوەکە گۆڕانکاری لە بەکارهێنانی زیرەکی دەستکرد لە دەستنیشانکردنی نەخۆشییەکان بکات، بەتایبەتی نەخۆشییە درێژخایەنەکان.

نزیکەی دوو هەزار ساڵ لەمەوبەر پزیشکانی چینی پشکنینیان بۆ زمانی مرۆڤ کردووە بۆ نیشانەکانی نەخۆشی، ئەمەش تا ئەمڕۆ بەردەوامە، کە تا ئێستاش پزیشکەکان پێیانوایە زمانی مرۆڤ تەنیا ئەندامێک نییە لە لەشدا بەس ئەرکی تامکردن و ئەمدودیوکردنی خواردن بێت، بەڵکو ئاماژەی تێدایە بۆ ئەو نەخۆشییانەی مرۆڤ بەدەستیەوە دەناڵێنێت، ئەمەش یارمەتی پزیشکەکان دەدات حاڵەتەکانی نەخۆشی دەستنیشانبکەن و چارەسەری گونجاویان بۆ پێشنیازبکەن.

لەو بارەیەوە دکتۆر عەلی ناجی، مامۆستای یاریدەدەر لە زانکۆی تەکنیکی ناوەندی لە بەغدا و زانکۆی باشووری ئوسترالیا دەڵێت: پێش هەزاران ساڵ پزیشکە چینییەکان پێشەنگ بوون لە پراکتیکی پشکنینی زمان بۆ دەستنیشانکردنی نەخۆشی، کە پزیشکی نەریتی لە مێژە پشتگیری ئەم شێوازە بۆ دەستنیشانکردنی نەخۆشی دەکات، ئەوەش لە رێگەی ڕەنگ و شێوە و ئەستووری زمان، کە دەتوانێت نەخۆشییەکانی وەک شەکرە، کێشەی جگەر، کێشەی سوڕی خوێن و هەرسکردن، هەروەها نەخۆشییەکانی خوێن و دڵ دەربخات.

بەگوێرەی بەیاننامەکەی زانکۆی باشووری ئوسترالیا، لەگەڵ پەرەسەندنی زانست و تەکنەلۆجیای سەردەم، زانایانی کۆمپیوتەر و زیرەکی دەستکردیش لەڕێگەی پشکنین و پرۆسێسکردنی وێنەی زمانەوە دەتوانن نەخۆشییەکان دەستنیشانبکەن.

لە توێژینەوە نوێیەکەدا تیمە زانستییەکە بە کەڵک وەرگرتن لە وێبکامێک، وێنەی زمانی 50 تووشبووی نەخۆشی شەکرە و سستبوونی گورچیلە و کەمخوێنییان بەکارهێناوە و ڕەنگەکانیان بەراورد کردووە لەگەڵ داتابەیسێکی 9 هەزار وێنەی زمان، دوای بەکارهێنانی تەکنەلۆژیای پرۆسێسی وێنە، توێژەران توانیان نەخۆشییەکان بە وردی تا رێژەی 94%ی ئەو حاڵەتانە دەستنیشانبکەن بە بەراورد بە ئەنجامی تاقیگە.

هاوکات بەگوێرەی ئەوەی لە بەیاننامەیەکی زانکۆی باشووری ئوسترالیادا هاتووە، بۆ ئەوەی ئەم هەنگاوە پەرەی پێبدرێت، ئێستا شێوازی نوێ بەکاردێت بۆ دەستنیشانکردنی نەخۆشییەکە لە دەرکەوتنی زمانەوە لە دوورەوە بە بەکارهێنانی زیرەکی دەستکرد و کامێرای کۆمپیوتەر، یان کامێرای مۆبایلە زیرەکەکان، کە ئەمڕۆ بە شیکاری زمانی کۆمپیوتەریی ناسراوە.

ئەمە لەکاتێکدایە، بە گوێرەی توێژینەوەیەک، کە لە ساڵی ٢٠٢٢ لە ئۆکرانیا ئەنجامدراوە دەرکەوتووە، وێنەی زمانی ١٣٥ تووشبووی کۆرۆنا لە رێگەی مۆبایلە زیرەکەکانەوە شیکراونەتەوە، 64%ی ئەو نەخۆشانەی هەوکردنێکی سووکیان هەیە زمانێکی پەمەیی کاڵیان هەیە، 62%ی ئەو نەخۆشانەی هەوکردنێکی مامناوەندیان هەیە زمانیان سوورە، هەروەها 99%ی ئەو نەخۆشانەی هەوکردنێکی توندیان هەیە زمانێکی سووری تۆخیان هەیە.

لەو بارەیەوە دکتۆر عەلی ناجی دەڵێت: شیکاری زمان بە کۆمپیوتەر زۆر وردە و دەتوانێت یارمەتیدەربێت لە دەستنیشانکردنی نەخۆشییەکان لە دوورەوە بە شێوەیەکی سەلامەت و ئاسان و بێ ئازار و کەم تێچوون، ئەمەش بە تایبەتی لە دوای پەتایەکی جیهانی وەک ڤایرۆسی کۆرۆنا، کە کێشەی دەستڕاگەیشتن بە ناوەندە تەندروستییەکان هەبوو.

لە لایەکی دیکەوە بەیاننامەی زانکۆی باشووری ئوسترالیا ئاشکرایکردووە، ئەنجامی شیکاری وێنەکان لە توێژینەوە نوێیەکەدا دەرکەوتووە، نەخۆشانی شەکرە بەزۆری زمانێکی زەردیان هەیە، نەخۆشانی شێرپەنجە بەزۆری زمانێکی وەنەوشەیییان هەیە، کە چینێکی ئەستووری چەوری تێدایە، نەخۆشانی جەڵتەی مێشکییش زمانێکی سووریان هەیە.

لەسەر بنەمای ئەنجامی توێژینەوەکە، د. عەلی ناجی دەشڵێت: بە وردی تا 80% دەکرێت زیاتر لە 10 نەخۆشی دەستنیشان بکرێت، کە دەبنە هۆی گۆڕانکارییەکی ڕوون لە ڕەنگی زماندا، هەروەها لە توێژینەوەکەماندا ئێمە وردبینییەکی 94%مان بەدەستهێنا لەگەڵ سێ نەخۆشی، بۆیە ئەگەری باشترکردنی ئەم توێژینەوەیە زیاتر هەیە.

 

هەواڵی زیاتر

Back to top button