رێژەی لەدایکبوون لە ئیتاڵیا نزمترین ئاستی لە مێژوودا تۆمارکرد

زووم…

لە ئیتاڵیا، رێژەی لەدایکبوون 3.6% کەمیکردووە و گەیشتووەتە نزمترین ئاستی لە مێژوودا، ئەوەش زەنگێکی مەترسیدارە بۆ جۆرجیا میلۆنیی سەرۆکوەزیران چونکە پێچەوانەکردنەوەی پیربوونی خێرای دانیشتوانی وڵاتەکە یەکێک لە پلانەکانی.

بەگوێرەی دەزگای ئاماری نیشتمانیی ئیتاڵیا (ئیستات)، لە ساڵی 2023دا، رێژەی لەدایکبوون 3.6% کەمیکردووە و 379 هەزار منداڵ لەدایکبوون، بە بەراوردکردن بە ساڵی رابردوو کە 393 هەزار منداڵ بوو، ژمارەکە کەمترینە لە ساڵی 1861 کە ئیتاڵیا یەکیگرتەوە

دەزگاکە دەڵێت، هۆکاری کەمبوونەوەی وەچەخستنەوە، جگە لە دۆخی ئابوری، ئەوەیە زۆربەی ژنانی ئیتاڵیا منداڵی کەم یان ناخوازن هیچ منداڵێکیان هەبێت.

ئامارەکە دەریخستووە، تێکڕای ژمارەی منداڵ بۆ هەر ژنێک لە ساڵی 2023دا بۆ 1.2 کەمیکردووە، ئەوەش نزیکە لە نزمترین ئاستی لە مێژوودا.

لە کۆی ئەو منداڵانەی کە لە ساڵی 2023 لە ئیتاڵیا لەدایکبوون، 13.3% منداڵی هاووڵاتیانی بیانی بوون کە بەراورد بە 10 ساڵ لەمەوبەر، 15% کەمیکردووە لە وڵاتێکدا کە دانیشتوانەکەی 59 ملیۆن کەسە.

میلۆنی کە دایکی تەنها منداڵێکە دەڵێت، دەبێت سیاسەت و کاری لە پێشینەی حکومەت ئەوەبێت کە ڕێژەی لەدایکبوون زیاد بکات، هانی ژنان بدات بۆ ئەوەی منداڵی زیاتریان هەبێت.

بەڵام شارەزایان هۆشداری دەدەن و دەڵێن هیچ چارەسەرێکی خێرا نییە بۆ ئەو کێشە دیمۆگرافییە و دووپاتیدەکەنەوە کە پێویستی بە سیاسەتی درێژخایەن هەیە کە لە هۆکارە ئابووری و کۆمەڵایەتییەکان بکۆڵێتەوە.

ئازورا ڕینالدی، بەڕێوەبەری قوتابخانەی جێندەر لە رۆما بە رۆژنامەی فاینەنشیاڵ تایمزی گوتووە، ئەگەر دایکان باری ئابوریان باش نەبێت، ناتوانن چیتر دایک بن، پێویستە یارمەتیان بدرێت تاوەکو بڕیار بدەن کە ببن بە دایک”.

هەر بەگوێرەی دەزگای ئامار، ژنانی ئیتاڵیا بە تێکڕا یەکەم منداڵیان لە تەمەنی 32 ساڵیدا بووە، لەکاتێکدا وڵاتەکە 11.4 ملیۆن ژنی تێدایە کە لەنێوان 15 بۆ 49 ساڵیدا بن، واتە تەمەنێک کە بتوانن منداڵ بخەنەوە.

 

 

 

هەواڵی زیاتر

Back to top button