بەکارهێنانی دەرمانێکی تایبەت بە خاوکردنەوەی رەوتی نەخۆشیی زەهایمەر پەسەند کرا

نیویۆرک – AA

فەرمانگەی خۆراک و دەرمانی ئەمریکا (FDA) رەزامەندی تەواوی نیشاندا لەسەر بەکارهێنانی دەرمانێکی نوێ کە ناوی لێکێمبییە و نەخۆشیی زەهایمەر، هێواش دەکاتەوە.

بۆ یەکەمجارە FDA رەزامەندی تەواو نیشان دەدات سەبارەت بە بەکارهێنانی دەرمانێک کە رەوتی نەخۆشیی زەهایمەر، خاو دەکاتەوە. پێشتر لە مانگی کانوونی دووەمی 2023 دا FDA رەزامەندیی پێشوەختەی سەبارەت بە بەکارهێنانی ئەو دەرمانە دابوو.

بەرپرسی نووسینگەی دەمارزانی لە FDA، تێرێزا بوراچی ئاماژەی بەوە دا،  FDA پشتڕاستی کردووەتەوە کە دەرمانەکە چارەسەرێکی “سەلامەت و کاریگەرە” بۆ تووشبووانی زەهایمەر.

بەپێی توێژینەوەکان دەرکەوتووە دەرمانەکە بە ماوەی 18 مانگ رەوتی نەخۆشییەکە بە رێژەی لەسەدا 27 خاو دەکاتەوە.

هەروەها ئەم دەرمانە رەوتی لاوازبوونی یادگەی مرۆڤ، هێواش دەکاتەوە.

لەلایەکی دیکەوە شارەزایان رایدەگەیەنن کە ئەم دەرمانە چارەسەریی زەهایمەر ناکات و رێگەش لە خراپبوونی رەوشی نەخۆشەکان ناگرێت، تەنها رەوتی نەخۆشییەکە هێواشتر دەکاتەوە.

بەپێی ئامارەکانی کۆمەڵەی زەهایمەر، لە ئەمریکا نزیکەی شەش ملیۆن 700 هەزار کەسی پێگەیشتوو هەن کە تەمەنیان 65 ساڵ و سەرووترە و تووشبووی نەخۆشیی زەهایمەرن.

هەواڵی زیاتر

Back to top button