جۆرێکى نوێی کۆرۆناى “مەترسیدار” بڵاودەبێتەوە

لە ئەمریکا سەریهەڵداوە و مەترسییە بۆ ئەوانەشى پێشتر توشبوون

زووم، ئاژانسەکان:

جۆرێکی نوێی کۆرۆنا بەناوی XBB.1.5 لە ئەمریکا سەریهەڵداوە، زۆر خێرا بڵاودەبێتەوە، مەترسی توشبوونى لەسەر هەموو کەسێک هەیە، تەنانەت ئەوانەشی پێشتر توشی کۆرۆنا بوون، بەڵام مەترسییەکە بۆ ئەوانە زیاترە، کە پێشتر توشی کۆرۆنا نەبوون.

شارەزایان دەڵێن، نوێترین جۆری COVID-19 هێندە درمییە، تەنانەت ئەو کەسانەی تاوەکو ئێستا خۆیان لێی بەدوور گرتووە، تووشی ڤایرۆسەکە دەبن و 80%ی ئەمریکییەکان، کە پێشتر توشی ڤایرۆسەکە بوون، ئەگەری زۆرە دووبارە توش ببنەوە.

پاولا کانۆن، پسپۆڕی ڤایرۆسناسی، لە زانکۆی باشوری کالیفۆرنیا دەڵێت، لە بنەڕەتدا هەموو کەسێک لە وڵاتەکەدا تەنانەت ئەگەر زۆر وریاش بن، ڤاکسینیشیان بەکارهێنابێت و پێشتریش توشی ڤایرۆسەکە بووبن ئێستا مەترسی توشبوونیان بەم ڤایرۆسە نوێیە هەیە.

ئەو رێکارانەی بۆ خۆپاراستن گرتووتەبەر، پێموانییە بتپارێزن لەم جۆرە نوێیەی کۆرۆنا

ئەو بە خەڵکى دەڵێت “هەموو ئەو رێکارانەی لە یەک دوو ساڵی رابردوودا بۆ خۆپاراستن گرتووتەبەر، پێموانییە بتپارێزن لەم جۆرە نوێیەی کۆرۆنا”.

سەرەڕای زۆری ژمارەی توشبووان، حاڵەتی قورس و مردنەکان تاڕادەیەک کەم دەمێنێتەوە، ئەمەش بەهۆی بەکارهێنانی ڤاکسینەوەیە لە لایەن خەڵکییەوە. گوتیشی بەهۆی کەم بەکارهێنانی ماسک لەلایەن خەڵکی جیهانەوە، ئەوانەش دەخاتە مەترسییەوە، کە ماسک بەکاردەهێنن.

لە کۆتایی ساڵی رابردووەوە بەراورد بە سەرەتای وەرزی پایز، حاڵەتەکانى توشبوون بە کۆرۆنا لە ئەمریکا زیادیکردووە.   هەفتانە لە ئەمریکا 2500 بۆ 3000 کەس بەهۆی کۆرۆناوە گیان لەدەست دەدەن و لەسەرەتای هاتنی کۆرۆناوە، یەک ملیۆن و 100 هەزار کەس لە ئەمریکا بەهۆی پەتاکەوە گیانیان لەدەستداوە.

جۆرە نوێکەی کۆرۆنا لە ئەمریکا پەرەی سەندووە، لە رێژەی 1% بۆ  40% بەرزبووەتەوە

جۆرە نوێکەی کۆرۆنا لە مانگی رابردوودا لە ئەمریکا پەرەی سەندووە، لە رێژەی 1% بۆ 40% بەرزبووەتەوە.

هۆکاری زۆربوونی حاڵەتەکان بۆ گەشتکردن و کەمی بەکارهێنانی ماسک دەگەڕێتەوە.

زیاد ئەلعالی، بەرپرسی توێژینەوە و پەرەپێدان لە سیستمی چاودێری تەندروستی ڤی ئەی سانت لویس و پزیشکی کلینیکی پەتا لە زانکۆی واشنتن دەڵێت، بیرۆکەیەکی باشە ئەوەی لە تواناتدا بێت بیکەیت بۆ ئەوەی توشی ڤایرۆسەکە نەبیت.

ئاماژەی بەوەشکردووە، هێشتا زووە و زۆر شت نەزانراوە لەسەر XBB.1.5. توێژینەوەکانی ئەلعالی دەریدەخەن هەموو توشبوویەک ئەگەری هەیە بگاتە دۆخی مەترسیدار و نیشانە درێژخایەنەکانی کۆرۆنای تێدا بمێنێتەوە.

ئەو گوتیشی، دووبارە توشبوون بە نەخۆشییەکە مەترسی زیاترت بۆ دەهێنێت.

نیشانەکانی کۆرۆنا بەشێوەیەکی ئاسایی لە دەوروبەری پێنج بۆ حەوت رۆژی دەخایەنێت

نیشانەکانی کۆرۆنا بەشێوەیەکی ئاسایی لە دەوروبەری پێنج بۆ حەوت رۆژی دەخایاند، کە توشبوون نیشانەکانی وەک تا، ئازاری قورگ، ئازاری ماسولکەکان، ماندوێتی، سکچوون، کۆکە و گیرانی جیوبەکانی تێدا بەدەر دەکەوت.

نیشانەکانی XBB.1.5 هەمان نیشانەکانی جۆرەکانی پێشوون، بەڵام لە ماوەیەکی کەمدا، توشبوو، توشی هەناسە تەنگی و کەمی ئاستی ئۆکسجین دەبێت، کە پێویستی بە چاودێری پزیشکی بەپەلە دەبێت.

لە سەرەتای کۆرۆنادا زۆرجار توشبوو هەستی تامکردن و بۆنکردنی بەتەواوی یان لانیکەم بۆ ماوەیەکی کاتی لەدەستدەدا، بەڵام لەم جۆرە نوێیەی کۆرۆنادا ئەو نیشانەیە کەمتر دەردەکەوێت، کە ئەمەش بەهۆی بەکارهێنانی ڤاکسینی کۆرۆناوەیە، نەک گۆڕانکاریی لە لە ڤایرۆسەکەدا.

 

 

 

 

 

 

 

هەواڵی زیاتر

Back to top button