هەستیاری وەرزی بووە بە کێشەیەکی جیهانی

لە ژاپۆن 123 ملیۆن کەس بەدەست هەستیاری وەرزییەوە دەناڵێنێت

هەستیاری بەهار یان هەستیاری وەرزی کێشەیەکی جیهانیە و کاریگەری و رێژەکەی بەگوێرەى وڵاتەکان دەگۆڕێت، بۆ نمونە لە بەریتانیا لە هەر چوار کەسێک یەکێک کاریگەر دەبێت بە هەستیاری وەرزی بەگوێرەى داتاکانی تەندروستی نیشتیمانی، بەڵام لە ئەمریکا رێژەکە 10%یە.

ئەم رێژەیە لە ژاپۆن جیاوازە و پێشبینی نەکراوە، بەگوێرەى راپرسیەک کە ژمارەیەک پزیشکى پسپۆڕى وڵاتەکە لە ساڵی 2019 ئەنجامیانداوە، 40%ی هاوڵاتیانی وڵاتەکە کە دەگاتە 123 ملیۆن کەس بە جۆرێک لە جۆرەکان هەراسانن بەدەست هەستیاری وەرزیەوە.

ملیۆنان یابانی ساڵانە لەگەڵ کرانەوەی گوڵی گێلاس و بەهار ئاهەنگ دەگێڕن، بەڵام ئەم گۆڕانکاریە وەرزییە چەند هەفتەیەک لە هەڵامەت و لوتگیران و چاوسووربونەوە بۆ زۆرێک لە یابانییەکان دەهێنێت، ژمارەیەکی کەمیش لە هاوڵاتیان دەزانن ئەم کێشە تەندروستیە گشتیە پەیوەندی بە جەنگی جیهانی دووەمەوە هەیە (1939-1945)، یاخود سزای گۆڕانکاری کەشوهەوایە.

ئاژانسی دارستانەکانی ژاپۆن زیانەکانی هەستیاری وەرزی بە 2.2 ملیار دۆلاری ساڵانە خەمڵاندووە، لە تێچووی پزیشکیەوە تا کارنەکردنی کرێکاران، ئەم بابەتە لە سەرەتای مانگی نیسان سەرۆکوەزیرانی هێنایە سەرخەت و بە “کێشەی گشتی” ناوی هێنا و داوای لە وەزیرەکان کرد چارەسەر بۆ ئەم بابەتە بدۆزنەوە.

هەستیاری لە ژاپۆن پەیوەندی بە جەنگی جیهانی دووەمەوە هەیە

هۆکاری سەرەکی هەستیاری ئەو گەردیلانەیە کە ژمارەیەک لە دارەکان دەریان دەدەن، لە ژاپۆن هۆی سەرەکی دوو جۆری تایبەتی دارى سنەوبەرە.

لە کاتی جەنگی جیهانی دووەم زۆربەی دارەکانى ژاپۆن بڕدرانەوە و دارستانەکان وێران کران، بە گوتەی ئیواو ئویهارا، کە مامۆستای بەشی دارستانە لە زانکۆی تۆکیۆی کشتوکاڵی.

وەک مامۆستاکە دەڵێت دوای جەنگی جیهانی دووەم ژاپۆن پێویستیەکی زۆری بە دار و تەختە هەبووە بۆ بنیاتنانەوەی وڵاتەکە هەر بۆیە دەستکرا بە چاندنی ژمارەیەکی ئێجگار زۆر لەو سنەوبەرانە، بەو پێیەی گەشەیان خێرایە و زوو گەورە دەبن و دەتوانرێت سودیان لێوەربگیرێت.

بە گوتەی مامۆستاکە 70%ی دارستانەکانی وڵاتەکە لەو دوو جۆرە سنەوبەرە پێکدێن، ئەم دارانە پشت بە هەوا دەبەستن بۆ زیادبوون، بەو واتایەی گەردی زۆر و بێئەندازە دەخەنە هەواوە.

بەهۆی کەمبەکارهێنان و هەرزانبوونی نرخەکەی ئێستا کەمتر بایەخ بەو دارانە دەدرێت و کەم دەبڕدرێن، هەر بۆیە رۆژ لەداوى رۆژ زیاد دەکەن و چڕتر دەبن.

ئویهارا دەڵێت، ئەمە تەنها هۆکاری هەستیاری وەرزی نیە، بەڵکو پیسبوونی ژینگە لە هۆکارە هەرە سەرەکیەکانی هەستیاری وەرزیە.

بەگوتەى شارەزایان، گەرمبوونی زەوی وا لە دارەکان دەکات گەردیلەی زیاتر بەرهەمبدەن و فرێی بدەن و بۆ ماوەیەکی زیاتر بەردەوام بن.

بەگوێرەى توێژینەوەیەکی زانکۆی میشیگان کە ساڵی 2022 بڵاوکراوەتەوە و دەڵێت لە ساڵی 1990 بۆ 2018 ژمارەی گەردیلەکانی هۆی هەستیاری، بە رێژەی 21% زیادیکردووە.

کۆمەڵەی کەشوهەوا لە ژاپۆن، مانگی نیسان رایگەیاند بڵاوبوونەوەی گەردیلەکان ئەمساڵ دوو هەفتە لە پێشتر بوو بەراورد بە ساڵی پار.

بەگوێرەى ئاژانسە هەواڵیەکانی ژاپۆن، حکومەت لەم بارەیەوە هەنگاوی ناوە و رێژەی ئەو دارسنەوبەرانە کەمدەکاتەوە.

هەواڵی زیاتر

Back to top button